هەوڵدان بۆ کوشتنی ئەو ژنەی کە ناکوژرێ
دەق: نزار قەبانی
وەرگێڕانی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
-1-
بەڵێنم پێدایت
خۆشم نەوێیت
بەڵام لە بەردەم ئەو بڕیارە گەورەیەدا
ترسنۆک بووم!
بەڵێنم دا نەگەرێمەوە و گەڕامەوە!
لە پەرۆشیم بۆت نەمردم و مردم!
چەند جارێک بەڵێنم دا و
چەند جارێک بڕیارم دا
بکشێمەوە
بیرم نایە کە پاشەکشەم کردبێ.
-2-
بەڵێنی زۆر شتی لە خۆم گەورەترم دا..
بڵێی سبەی ڕۆژنامەکان چیم لە بارەوە بنوسن؟
بە دڵنیایەوە
دەنوسن شێت بووم..
بەدڵنیایەوە
دەنوسن خۆم کوشتووە..
بەڵێنم دا
لاواز نەبم و بووم!
شیعر بۆ چاوەکانت نەنوسم و
نوسیم!
بەڵێنم دا
وا نەکەم و
وا نەکەم..
کاتێک کە زانیم چەند گەمژەم،
پێکەنیم.
-3-
بەڵێنم پێدایت
کە هیچ بایەخ بە قژت نەدەم
کاتێ بە لامدا تێدەپەڕێ
کاتێ بە سەر شۆستەکەدا
وەکو شەو شەپۆلی دا..
هاوارم کرد..
بەڵێنم پێدایت
چەند تامەزرۆش بم
چاوەکانت فەرامۆش بکەم
بەڵام کە دیتم
ئەستێران دەبارێنن
ئاهێکم هەڵکێشا..
بەڵێنم پێدایت
نامەی خۆشەویستیت
بۆ نەنوسم
وەلێ، بە دەست خۆم نەبوو
هەر نوسیم
بەڵێنم پێدایت
لە هیچ شوێنێک نەبم کە تۆی لێ بێت
بەڵام کە زانیم
بانگهێشت کراوی بۆ ئێوارە خوانێک
چووم..
بەڵێنم پێدایت
خۆشم نەوێیت
چۆن؟
لە کوێ؟
لە چ ڕۆژێکدا بەڵێنی وام پێ داویت؟
من بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە
درۆم کردووە،
سوپاس بۆ خوا
درۆم کردووە.
-4-
بەڵێنم دا
لالووتانە
گێلانە
هەموو پردەکانی پشت خۆم
بڕوخێنم،
بە نهێنی بڕیارم دا، هەموو ژنەکان بکوژم و
شەڕ لە گەڵتدا بەرپا بکەم،
کاتێکیش چەکم دژی مەمکەکانت بەرزکردەوە
هەڵهاتم..
کاتێک هەردوو دەستی ئاشتیتم بینی
تەریقبوومەوە!
بەڵێنم دا
وا نەکەم و وا نەکەم!
دواتر هەموو بەڵێنەکانم دوکەڵ بوون
دام بە دەم باوە.
-5-
بەڵێنم پێدابووی
شەو تێلت بۆ نەکەم.
ئەگەر نەخۆش کەوتیت، بیرت لێ نەکەمەوە و
لە خەمتا نەمێنمەوە و
گوڵت پێشکەش نەکەم و
دەستەکانت ماچ نەکەم..
بەڵام شەوانە تێلم بۆ کردی..
سەرباری ئەوەش
گوڵم بۆ ناردی..
سەرباری ئەوەش
نێوان هەردوو چاوتم ماچ کرد،
هەتا تێربووم..
بەڵێنم دا
وانەکەم و وانەکەم..
کە زانیم چەند گێلم، پێکەنیم..
-6-
بەڵێنم دا
پەنجا جاران، سەرت ببڕم
بەڵام کە بینیم جلەکانم
خەڵتانی خوێنە
دڵنیابووم خۆم سەربڕاوم..
هەرگیز بە ڕاستی لێمی وەرمەگرە..
چەند توڕەبم و
چەند هەڵبچم و
چەند دابمرکێمەوە..
من بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە
درۆم کردووە..
سوپاس بۆ خوا
درۆم کردووە.
-7-
بەڵێنم پێدایت
یەکسەر کۆتایی بە هەموو شتێ بێنم
بەڵام کاتێ بینیم
فرمێسک بە خوڕ
لە چاوانتەوە دادەبارێ،
پەشۆکام..
کاتێ بینیم
چانتاکانت پێچاوەتەوە،
ئەوسا دەرکم بەوە کرد
تۆ بە ئاسانی ناکوژرێیت..
تۆ نیشتمانی..
تۆ خاو و خێزانی..
تۆ ئەو قەسیدەیەیت
پێش خەلق هەیت،
تۆ دەفتەرەکانی..
تۆ هات و چۆیت..
تۆ منداڵیت..
تۆ ترۆپکی سرودەکانیت..
تۆ حەمد و سەنایت..
تۆ ڕۆناکی پرژێنیت..
تۆ پەیامبەریت..
-8-
بەڵێنم دا..
چاوەکانت لە دەفتەری
یادگارییەکانمدا بسڕمەوە،
نەمدەزانی بەو کارەم هەموو ژیانم دەسڕمەوە
دەشمدەزانی
سەڕەڕای ناکۆکیە بچووکەکانی نێوانمان
تۆ منیت و
منیش تۆم
بەڵێنم پێدایت
خۆشمنەوێیت
چەند دەبەنگ بووم
چیم بە خۆم کرد؟
من بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە
درۆم کردووە..
سوپاس بۆ خوا
درۆم کردووە..
-9-
بەڵێنم پێدایت
لە دوای پێنج خولەک لێرە بڕۆم..
بەڵام.. بۆ کوێ بڕۆم؟
شەقامەکان بە باران شۆراونەتەوە..
بچمە کوێ؟
هەموو قاوەخانەکانی شار سیخناخن بە بێزاری..
چۆن بە تەنیا دەریا تەی بکەم؟
کە تۆ دەریا بیت و تۆ کەشتی بیت و
تۆ سەفەر..
ئایە دەکرێ بۆ ماوەی دە خولەکی تر،
تاکو بارانەکە دەوستێ، بمێنمەوە؟
دڵنیابە، پاش ڕەوینەوەی هەور و
هێوربوونەوەی ڕەشەبا
منیش دەڕۆم..
دەنا.. ئەمشەو میوانی تۆم
تا ڕۆژ دەبێتەوە..
-10-
بەڵێنم پێدایت
جاری دووەم وەک شێت
خۆشم نەوێیت
وەک چۆلەکە
پەلاماری
دار سێوە بەرزەکەت
نەدەم..
کاتێ دەنوویت
قژت شانە نەکەم
ئەی پشیلە گران بەهاکەم
بەڵێنم پێدایت
ئەوەی ماومە لە عەقڵم،
نەیفەوتێنم
کاتێ
ئەستێرەیەکی پێ پەتی
دەکەویت بە سەر جەستمدا
چڵەوی شێتێتیم بگرم
ئێستاش دڵخۆشم بەوەی
کە هێشتا زۆر توندڕەوم
کاتێک خۆشەویستی دەکەم
ڕێک وەک جاری پێشوو.
-11-
بەڵێنم پێدایت
بەدرێژایی ساڵێک،
خۆشەویستیت بۆ دەرنەبرم..
بە درێژایی ساڵێک
دەموچاوم لە ناو
دارستانی قژتا
نەشارمەوە..
بە درێژایی ساڵێک
گوێچکەماسی
لە کەناری چاوەکانتدا،
ڕاو نەکەم..
ئەدی من چۆن
قسەی وا نەشیاوم کردووە
کە چاوانت، دیارمە و
دارولسەلامە.
چۆن ڕێگەم بە خۆمدا
هەستی مەرمەر،
بریندار بکەم؟
کە نان و
نمەک و
شەراب و
گمەی کۆتر
من و تۆ کۆدەکەنەوە
کە تۆ
سەرەتای لە هەموو شتێکدا و
کۆتایی
هەموو شتەکانیت.
-12-
بەڵێنم پێدایت
نەگەرێمەوە و
گەڕامەوە!
لە پەرۆشیم بۆ تۆ، نەمرم و
مردم!
بەڵێنی زۆر شتی لە خۆم گەورەترم دا،
ئای چیم بە خۆم کرد؟
من بەوپەڕی ڕاستگۆیمەوە
درۆم کردووە..
سوپاس بۆ خوا
درۆم کردووە.[1]