قوماش 33
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
گۆتم: کورە بازۆ ئەوە قسەیە ئەتوو دەیکەی، ئاخر ئەمن کوو هەورینی هەرگرم! کێ دەرێ لەگەرم دێ، دوایێ ئەمن و ئەویش دەرباز بین، وەڵلا ئەو سەرۆک جاشە مارێمە و مارێ قادرە فەندی تەفروتوونا دەکا، ئەوەی ڕوحی لەبەر بی دەیکوژی! گۆتی: نەبابە شتی وانیە، هەر بەینەکە هەڕوگیفی دەکا، دوایێ واز دەینی، ئەوە یەک، دووەمیش ئەگەر نەتانی هەورینی هەرگری و بڕۆی، با هەورین برێ بمکوژن و بمبڕن ئەمن ئەو زەلامەی ناکەم، کاکە کێ دەرێ لە عومری قادرە فەندی نیە، باشە ئەو پرتەبۆزە چ داڵغەی لەو هەورینە ناسک و نازدارەی دایە! گۆتم: غێر لە بەخت و نیوچەوانی من، ئەدی ئەمن کوو لێم تێکبچی بازۆ! گۆتی: ئەوەندەش وەیە، وەڵلاهی ئەمن ئێستاش دەرێم هەریگرە و بڕۆ خۆتان لە گوندەکی لە شارەکیدی بزرکەن، هەتا لایەک بە لایەکی دەبی، گۆتم: وەڵلاهی ئەمن هەریشی نەگرم وازی لێناینم، یان ئەو سەگبابە ئەمن و هەورینی دەکوژی، یان لۆ یەک دەبین! گۆتی: شەرت قادرە فەندیە، ئەو دەوێری بیداتە توو و برێ وەرە کوڕم مارەیکە و بیگۆزەوە، یان دەترسێ و خۆ دەگرخێنی؟ گۆتم: پێم نەگۆتی شەوێ قەناعەتی بە بابم کردبوو واز لەو ژنهینانەی بینین، گۆتی: باشە بابت لۆ ئەوها بە ئاسانی تەسلیم بوو؟ گۆتم: وەڵلا بابم لە ترسی ڕوحی من، دەرێ کوڕم ئەمن تەنها و تەنها لەبەر توومە، دەنا لۆخۆی گێی لێنیە ئەگەر ئەو کابرایە پارچە پارچەشی بکا!
هەتا بەرەبەری مەغریبێ لەگەر بازۆی لە بازاڕی سوڕاینەوە و هیچمان بە هیچ نەکرد و نەگەیشتینە هیچ، ئەو هەر پێی دادەگرت ئەمن هەورینی هەرگرم و بڕۆمە لایەکی، ئەمنیش زۆر دوو در بووم لەو بڕیارەی، شۆڕ بووینەوە لۆ لای مارێ، بازۆ خواحافیزی کرد و ڕۆیی لۆ گەڕەکی خۆیان، ئەمنیش چوومەوە ماری خۆمان، گەیشتمە پێش دەرکەیی و دیتم داک و بابم بە مشەوەشی لە پێش دەرکەی ڕاوەستاینە، هەر چاویان بەمن کەت، لۆلای من هاتن، گۆتیان: ئەوە ئەتوو لەکێی کوڕم؟ گۆتم: لۆ چبووە، لۆ ئەوها مشەوەشن، بابم گۆتی: بابچینە ژۆرێ و دوو قسان دەکەین، چووینە ژۆرێ و بابم دەرکەی حەوشێی کلیل دا و ئەوجە شیشەکەی ڕاکێشا و شمشیری دا، کە ئەو شتەم دیت، زانیم شتەک بووە، لۆیێ لێدانی درم زیادی کرد، گۆتم: دایە، بابە، دە پێمبرێن چبووە؟ بابم گۆتی: کوڕم لە عەسرێیوە ئەو سێ جار پیکابەکی پڕی چەکدار بە پێش دەرکەیمە دێن و دەچن، زۆر بە خراپیش تەماشا مارێمە دەکەن، کوو دەزانم خوا بە هەقە، ئەوها دەزانم ئەو چەکدارانە جاشی ئەو سەگبابەینە و دەیانەوێ بمانترسێنن و ئەتوو لەو کیژەی دوور بێخنەوە! داکم گۆتی: کوڕم بکە لە ڕاهی خوایی و وازبینە، وەڵلا چشتەکت لێبکەن ئەمن لە خەمان وەزگ دەدەم، بابی بابم وازبینە، وەڵلا وەبیللا لەبەرتوومە، دەنا ئەمن ڕوحم لەو جێیە هەورین پێ لێ دادەنێ! لەبەر مشەوەشی و دری داک و بابم گۆتم: خەمتان نەبی، شەرتبی ئەنگۆ چبرێن ئەمن ئەوها دەکەم!
شەوێ بەدرەکی پڕ خەم و خەفەت دانیشتبووین و تاقەتی قسەشمان نەبوو، هەرچەندی مێشکمان دەهیناو دەبرد دەگەیشتینە ئەو ئەنجامەی ئەمە دەرەقەتی ئەو کابرایەی نایێین، لە بەختی بێ بەختیمە وەختەکی قادر قرپەستوور و پلکە زەکیە وەژۆرێ کەتن، پاش سەلاموکەلام و ئەحوار پرسینی، ئەوان هەستیان کرد ئەمە تەواو نینە، قادر گۆتی: هەرچەند تەماشاتان دەکەم خەمەکی لە دەمووچاوتان دەخینمەوە، پێم برێن چبووە، وەعدبی سەرومارم لەڕێینگۆ دانێم، بابم گۆتی: چشتەکی وەها نیە ئیشاڵلا حەل دەبی! پلکە زەکیە گۆتیە داکم: ئەرێ ئەتوو بە تەمانی ژنەکی لۆ ئەو کاپێلکەستوورەی بینی و بیبەستیەوە، دە ژنەکی لۆ بینە ژن، با واز لەو گەڕان و سوڕان و کن ئەو برادەرانە بینی، داکم کە هەردوو چاوی پڕی فرمێسک ببوون، نەیدەزانی کوو وەرامی پلکە زەکیەی بداتەوە، هەر ئەوەندەی گۆ: هەموو چشت قسمەت و نسیبە!
سبەینێ دەوری سعات دە لەسەر نانی بەیانی دانیشتبووم، دیاربوو بابم زوو چووبووە دەرێ، مەوعیدی گرتنی ئیشاعەی هەبوو، داکیشم بە خەمباری لە دیار سەماوەری دانیشتبوو، وەختەکی لە دەرکەی درا، داکم زۆر ترساو گۆتی: خوایە هاوار، دەبی کێبی؟ گۆتم: دەچم بزانم کێیە، داکم قیت بۆوە و گۆتی: بە خوای ناچی، هەر چشتەکبی با ئەمن بەبەرکەوم نەک ئەتوو! داکم چوو دەرکەی بکاتەوە و ئەمنیش گریان تووند قوڕگی گرتم و گۆتم: خوایە، دەبی لە داک و بابی گەورەتر هەبی!
داکم دوو سێ بسمیلای کرد، ئەوجە دەرکەی کردەوە، بەینەکی سەری بردە دەرێ، ئەوجە هاتەوە و گۆتی: بڕۆ کوڕم بڕۆ مندارەکی پارچەرە هاتیە و ئەتووی دەوێ! گۆتم: نەتزانی کێیە؟ گۆتی: ناوەڵلا، دیارە ئیشی بەتووە، هەستام و چوومە دەرێ، تەماشام کرد، شکلی زۆر دەچۆوە سەر ماری قادرە فەندی، گۆتم: بەخێراتی، گۆتی: زۆر مەمنون، زەرفەکی دامە دەستی و ڕۆیی! هاتمەوە حەوشێ و زەرفەکەم کردەوە، دیتم هەورینە و نامەکی ناردیە، نووسیبووی: پرتەقار گیان، واز نەینی و تەسلیم نەبی، هەتا ئاخیر نەفەس لەگەرتم!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!