قوماش 34
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
چوومەوە ژۆرێ، داکم گۆتی: ئەوە کێبوو کوڕم؟ گۆتم: برای هەورینی بوو، داکم قیت بۆوە، گۆتی: لۆ هاتبوو کوڕم؟ گۆتم: وەڵلا قاقەزی لەکن هەورینی هینابوو، هەورین نووسیتی: تەسلیم نەبی و لە غەیری توو مێرد بە کەس ناکەم! داکم مشەوەش بوو، گۆتی: وەڵلاهی کوڕم، ئەمن زۆر دەترسێم، ئەو کابرایە جاشە زۆر غەدار و زاڵم دیارە، ئاگات لەخۆبی با چشتەکت لێنەکا، گۆتم: وەڵلاهی دایە مادام هەورین ئەوها دەرێ شەرتبی ئەمنیش وازی لێنەینم! داکم گۆتی: با بابت بێتەوە ئەوجە ئەمن بەخۆم قسەکی لەگەر دەکەم، گۆتم: دایە، زوڵم لەوەی گەورەتر هەیە پیاوەک لەو گۆڕەی بێ و ژیانت تێکدا، هەتا ئەمە بێدەنگ بین ئەو پیاوە خراتر دەکا، لەمێژە گۆتیتیان مست لە درێشەی دەگەڕێتەوە، گۆتی: کورە هەی بابەکەی بابم، ئەمە کێمان هەیە پشتمان بگری، ئەو کابرایە پیاوی حوکمەتیە و زەلام کووشتن و ئاو خواردنەوەی لەکن ئێکە، کوڕم بکە لە ڕاهی خوایی و لە کەری شەیتانی وەرە خوارێ! ئەمە لەو قسانە دابووین بابم هاتەوە، سەلامی کرد و گۆتی: باشبوو ئەلحەمدولیللا وەزعم باشە و چشتەکی وا لە ئیشاعەکەی دەرنەچوو! داکم گۆتی: دەتوو لە خۆت گەڕێ و فریای ئەو کوڕەت بکەوە، بزانە چدەرێ؟ بابم گۆتی: چبووە کوڕم، داکت لۆ ئەوها بێ تاقەتە؟ قاقەزەکەم دەرهینا و لۆ بابم خیندەوە، بابم بڕەک کشاوە و لەسەر کورسیە پلاستیکەکەی دانیشت، گۆپاری بە چەناگەی وەنا و گۆتی: یاڕەبی خوایە بە هانای عەبدی خۆت بی و لەو بەرایەی قورتارمان کەی، گێ بدەمن کوڕم؛ هێوارێ دەچینە ماری قادرە فەندی و دوو قسەیدیان لەگەر دەکەین! داکم ڕەنگی پەڕی و گۆتی: قسەی چیان لەگەر دەکەی ئەی هاوار، دەتەوێ کوڕەکەی بە کووشتن بدەی؟ بابم گۆتی: ئیشاڵلا هیچ نابی و خوا دەیپارێزی.
پاش مەغریبەکی درەنگ بابم گۆتی: بڕۆ کوڕم گازی قادری جیرانمان کە، گۆتم: لۆ؟ گۆتی: با ئەویش بێ، قادر جیرانەکی بە وەفاو زەلامەکی ڕەشیدە، ئەمن دەزانم پشتیمە بەرنادا، وەکی چووینە کن قادرە فەندی قسەمان لەگەر کرد، ئەگەر پێویستی کرد هەر ئەوشۆ بڕۆ خەبەری مامەکانت و ئامۆزایەکانیشت بدە، با بزانین مەوزوع چیە، وەبی سبەینێ ئەگەر خوانەخواستە شتەک بوو گلەییمان لێنەکەن! داکم شەپەکی لە سینگی خۆیدا و گۆتی: ئەی کۆرەبم، ئەو ڕۆژی تێچووبین ئەوڕۆیە! کورە پیاوەکە دانیشە و مارمان بە قوڕێ مەگرە، کورە پیاوەکە سینگی ئەو کوڕەی مەدە بەر گوللان، ڕجات لێدەکەم شەیتانی بە لەعنەت کە، بابم گۆتیە داکم: خۆت مشەوەش مەکە و سڵاوەتەکی لێدە ئیشاڵلا خوای گەورە بە دری مە دەکا!
چوومە ئەو دیووی گازی قادر قرپەستووری بکەم، لەسەر نانی بوو، کە گۆتم بابم ئیشی پێتە، ئەو پارووەی لە دەستی بوو داینا، هەستاوە و گۆتی بابڕۆین، زەکیە گۆتی: دە نانەکەی بخۆ ئەوجە بڕۆ! گۆتی: ئەمن جیران گازم بکا و برێ وەرە، چما ئەو نانەی لەخۆم عەرام ناکەم، زەکیە جیران لە پێش هەموو چشتیە، ئەوجە گۆتیە من: با بڕۆین! ئیدی چووینە مارێمە، بابم گۆتی: قادر بڕۆ خۆت بگۆڕە بابڕۆین، قادر بێ ئەوەی برێ: لۆ کێندەرێ و کێوە بچین و ئیشەکە چیە؟ یەکسەر چۆوە ماری خۆیان، هەندی دەمێ خۆی گۆڕی و هاتەوە و گۆتی: ئەمن عازرم! بابم گۆتیە داکم ئەتوو یان لێرەبە، یان بڕۆ کن زەکیەی قادری هەتا دێینەوە، خواحافیزیمان لە داکم کرد و بە ڕێکەتین!
لە ڕێیێ بابم گۆتیە قادری: دەزانی کێوە دەچین؟قادر گۆتی: بەمن مەرێ کێوە دەچین، لۆ ناو ئاگریش بی لەگەرتم! بابم گۆتی: خوا بتپارێزی هەر ئەوەم لەتوو چاوەڕێ دەکرد، دەوجە با لۆت باس بکەم کێوە دەچین!
هەتا گەیشتینە کن ماری قادرە فەندی بابم هورد و درشتی مەسەلەکەی لۆ قادری جیرانمان باس کرد، قادر دەستەکی لە سەر شانی بابم دانا و گۆتی: نەک ڕوعەک، بریا هەزار ڕوعم هەبایە، وەبی هەمووم پێشکێشینگۆ بکردبا!
درێشە: ئامێرەکی کوردیە، نووکەکی تیژی ئاسنی هەیە، لەگەڵ دەسکێکی دار، بۆ کراش دوورین و پێڵاو چنین و دارتاشی و خرار و جوار دوورین بەکاردێ.
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!