قوماش 35
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
لە دەرکەی ماری قادرە فەندیمان دا، هەر ئەو کوڕە جاحێرۆکەی سبەینێ قاقەزەکەی هەورینی لۆ هینامە مارێ دەرکەی کردەوە، بابم گۆتی: بابت لە مارێیە ئۆباب؟ ئەویش گۆتی: بەرێ! بابم گۆتی: دەبڕۆ بە بابت برێ مێوانمان هاتیە! کوڕەکە غاریدا ژۆرێ، هەندەی نەبرد قادرە فەندی بە مشەوەشی هاتە دەرێ! بەخێراتنی کردین و گۆتی: فەرموون فەرموون یاخوا بەخێربێن! چووینە ژۆرێ و لە هۆدەی مێوانان دانیشتین، پاش بەخێراتنی، بابم گۆتیە قادرە فەندی: با هەورین و داکیشی بێن دابنیشن و دوو قسان بکەین! قادرە فەندی هەردووکی گاز کرد، هاتن بە خێراتنیان کردین و دانیشتن، داکی هەورینی هیشک ببوو، ڕەنگی لەبەر نەمابوو، هەورینیش لە شەرمان و لە ترسان وەکی کێشکەی هەردەلەرزی! بابم ڕووی لە هەورینی کردو گۆتی: گێ بدەمن کیژی گەورەم، دوو قسەت لەگەر دەکەم و ڕاست و ڕاست وەرامم بدەوە! هەورین سەری لەقاند و گۆتی: فەرموو! بابم گۆتی: کیژم ئەتوو ئەو کوڕەی منت دەوێ؟ هەورین تەماشایەکی داک و بابی کرد و چاوەڕێبوو ئەوان چشتەکی برێن، بابی گۆتی: جواب دەوە کوڕم جواب دەوە! هەورین گۆتی: بەرێ! بابم گۆتی: ئەدی ئەگەر تووشی کێشەبووی لەسەر ئەو کوڕەی من؟ گۆتی: ئەمن لە خۆشی و ناخۆشی لەگەری دامە! بابم گۆتی: کوڕم هەورینۆکە، ئاگات لێیە ئەو سەگبابە دەیەوێ لێکتان بکا؟ هەورین گۆتی بەرێ! بابم گۆتی: دەی ئەو پیاوە بە هەوەنتە وازتان لێ ناینی! هەورین گۆتی: ڕوحی من لەگەر ڕوحی کوڕی تووە و ئیشاڵلا خوا دەمان پارێزی! بابم گۆتیە قادرە فەندی: دەی ئەمنیش واز لە هەورینی ناینم و هەر دەبی بیدەیە ئەو کوڕەی من! قادرە فەندی گۆتی: وەڵلاهی نازانم چبرێم، بە قورعان ئەو مەوزوعە زۆر خەتەرە، کورە ئەو پیاوە تووشی کێشەکی زۆر گەورەمان دەکا، بکەن لە ڕاهی خوای سەبرەکی بگرن! بابم گۆتی: سەبر گرتن هیچ ئیستیفادەی نیە، ئەمە سبەینێ کە ئەو دووەمان لێک مارە کرد، چی پێدەکرێ، قادرە فەندی ئیشەکەی تاخیر مەکە و دەستت بدەوە و برێ خوا موبارەکیکا! قادرە فەندی تەماشایەکی خێزانی کرد و نەیزانی چبرێ، لۆیێ ڕووی لە خێزانی کرد و گۆتی: فەوزیە دە قسەکی بکە، لۆ خۆت بێدەنگ کردیە؟ فەوزیە خان گۆتی: وەڵلاهی نازانم چبرێم، بەو خوایەی لەسەر سەرانە ئەمن لە شەکریم پێ خۆشترە، بەران زۆر دەترسێم ئەو پیاوە تووشی چشتەکمان بکا، بابی هەورینیش چبرێ ئەمن لە قسەی وی دەرناچم! قادرە فەندی بەینەکی باش بێدەنگ بوو، دوایێ گۆتیە بابم: خوا موبارەکیکا و پیرۆزی ئێکدی بن، سبەی هێوارێ وەرن مارەی بکەن و لە ماوەی حەفتەکی بیگۆزنەوە، ئەو مەسەلە چەند تاخیر بکرێ لە زەرەری هەردووکانە! بابم گۆتی: زۆرت لێ مەمنونم و خوای مەزن پیرۆزی کا و ئیشاڵلا خوا دەیانپارێزی، تەواو، خوا عومر بدا سبەی هێوارێ دێین مارەی دەکەین و ئیشاڵلا زوو ئیشەکەی دەبڕێنینەوە، هەستە کوڕم هەستە دەستی مامت ماچکە! ئەمنیش هەستامەوەو چووم دەستی قادرە فەندیم ماچ کرد، دوایێ چووم دەستی فەوزیە خانیش ماچکەم، دەستی کێشاوەو گۆتی: پێویست ناکا کوڕی گەورەم، سەری ماچ کردم و گۆتی: یاڕەبی پیرۆزی ئێک بن! مەجالەکم وەرگرت و تەماشایەکی هەورینم کرد و چاوەکم لێ قووچاند، ئەویش زەردەخەنەکی کرد و بە سەبری گۆتی: پرتەقار!
تێبینی: لە کوردەواری زۆرجار لە خۆشەویستی بۆ کچ و تا باب بسەلمێنی فەرقی کیژەکەی ناکا لەگەر کوڕەکانی، بە زاراوەی کوڕم بانگی دەکا.
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!