ناو: ئاکۆ
نازناو: ئەلیاسی
$ژیاننامە$
پێشمەرگەی #حیزبی دێموکراتی کوردستان#، شاعیرێکی نوێخوازە.
نموونەیەک لە هۆنراوەکانی:
وردە کەنگڵاشکانی پێدەشت!
لە کەمەری گرێ گرێی
کەژ و شاخان،
لە ژێر پێی قامەتی سەختی
دارەبەڕوو
چەند ڕەزیل و ویشک و سووکن،
وردە کەنگڵاشکانی پێدەشت!
ڕوو لە ڕیشە وەرگەڕاوی،
با هاوردوو!
ئەو ڕۆژانەی... بازی شیعر
لە ڕەنگی هەناری شەهید،
ئەبوو بە گوللەی باوەڕ و
سینگی هاژەی با و زریانی دەئاژنی
لە پێدەشتی نێو تێلدڕوو،
هەتا بن مل... چنراو بە مەرگ
گرێ... گرێ،
چنگی ئەدا بەسەر ترسا و
بە دەنووکی سووری تۆڵە
چاوی تاریکی دەکۆڵی!
ئەو دەمانەی
هەڵۆی چنگ بە گڕی شیعر
هاوارێک بوو لە جامانە،
بەسەر لووتکەی غوروورەوە،
زامی پشتی پیرەشاخ و
خەمی گەورەی گوند و شاری
لە ئەشکەوت و دۆڵ و نشێوو،
لە بن بەردان لە کۆڵنابوو.
ئەو شەوانەی
شیعر و کۆڵە پشتیی بڕوای پێشمەرگانە،
کێشکگری نیشتمان بوون
خەمێک بوون لە هاوار و دەنگ.
ئەو دەمانە،
بوێژانی دەرباری شار،
بەسەربەستی دەڕشانەوە،
دەست لەسەر سینگ،
جارێک لەولا و جارێک لەمبەر!
چاوشۆڕانی ئەوساکینە و
بەرزەدەماخانی ئێستا!
سەماکەرانی پێتەختی... نێوپێخەفی... کۆشکی خەیاڵ
لە سێبەری باڵی داڵان،
گاە لە قوم و جار لە تاران
بەدەور مەنقەڵی مەزاتا
لە پێدەشتی خەیاڵاتا،
نەشئە ئەبوون...
بە ئەندێشەی بەتاڵەوە
لە نێو نزمیی هزری ڕزیوو
لە ڕێی فاڵی حافظەوە، 1
بە درێژایی... باڵای شەوان
ئازادییان
تەعبیر دەکرد
هەتا چورتم ئەیبردنەوە
تا بەربەیان... پوکیان ئەژمارد! 2
زەبوونن ئەو قەلانەی وا
بەگەرووی باز حەنی دەکەن! 3
بەشاباڵی ئەو نائاژوون،
بە خەوی نەزۆکیانەوە!
یەخسیری دووکەڵی بەنگن،
قاڵاوانی... گەرمێن نشین...
خێرۆچنانی... پاشەڕۆک خۆر!
لە خەیاڵا،
خۆیان لێ ئەبێ بە هەڵۆ،
کەچی هێزی هەڵفڕینینان... هێندە نزمە،
تابەردەمی... کەپۆیانە!
لەسەر گەڕاو،
لە زۆنگاوی پێدەشتانا
دەخولێنەوە...
هەر تەپوکۆ!
شلوێ نابێ
مەنگیی دەریای خەیاڵی شیعر
بەسەر پۆپەی چیای یەقین
با هەر بوەڕێ
دێڵی ئاوس...
بە گلانی ژانی ترەکین!
[1]