حەسرەت؟!
نۆتەی هەناسەم چەمێکی دەیجور
ژەنیار غوربەتی و شەوێکی بێ نور
خەیاڵ مەجلیسی خۆم و تەنیایی
شوێن ماڵی مەراق، خورپەی جودایی
ڕوانینم بۆ دوور، یادێکی جاران
حەشیمەتێک لە دۆستان و یاران
زەمەنی ویژدان، ڕەوشت و جوانی
سادەیی، پاکی، سۆز، میهرەبانی
ژەم ژەم، جەم جەم بوون پێکەوە زوو زوو
بۆ ڕۆح ویستنیش مەفەرموو نەبوو
چوونە چاڵی چوون بێ گەڕانەوە
حەسرەتە لێیان ئاوڕدانەوە ؟!
فاتح بێ لان [1]