بۆن دێ، بۆنی بێگانان دێ
نووسینی: حاکم #عەبدولباست فەرهادی#
بەڵێ دوێنێ
چومە باژێڕی
هەستم بە غەریبی دەکرد
وەک کەسێکی نامۆ بە شار
چاوم دەهێنا و دەبرد
لە شەقامەکان
لە کوچە و کۆڵانەکان
لە دوکانەکان
لە سەرشۆستە و بن هەیوان و قولغ و بورغ و سەرەفەرعەکان
خەریک بو پڕ بەدەنگم هاوار بکەم
بۆن دێ
بۆنی بێگانان دێ
لەو عەرد و مەکان دێ
لە قوڵایی دڵ و دەرون و هەناوم
بەپەرۆش
تێنوی بینینی
کەسێکی شار بووم
کە ئاوڕم دایەوە
مامۆستا گیویم بینی
مشکی و جەمەدانیەکەی غەرقی تۆز و خۆڵ بوو
چاوی بڕیبووە ئەو دوو کەسەی
لەبەردەمی پەیکەرەکەی
بە لەهجەیەکی معێدیانە
بەدەنگێکی هەراش و گەورە
باسی شاری زەیتون و ئەدرێسی ماڵی یەکتریان
بۆ یەک دەکرد
وەک ئەوەی ئەوان خاوەنی شار و
مامۆستا غەوارەبێ
لەلایەکەی دیکەی پەیکەرەکەی
کابرای سوری بەخۆیی و چەند سەبەتەیەکی
پڕ لە چەرەزاتی شامی
بەلەهجەی سوری و شامی
هاواری دەکرد وەرن بکەن تامی
بناگوێی مامۆستای کاس کردبوو
بەردەمی پەیکەرەکەشی پڕ زبڵ و پەلک کردبوو
بەرامبەر مامۆستا هەستم بەشەرمەزاری کرد
زوو پەڕیمەوە دەست و برد
گوێم ڕاخست بۆ دەوروبەر
چاوم کردە سەد چاو
شاگەشکە بوم کاتێ
محۆی هاو پۆلی سەرەتایم
لەسەر شۆستە بینی پاکەتی لەسەر کارتۆنێکی شڕ دەفرۆشت
سڵاوێکی گەرمم لێکرد
گەیشتمە پێش کوخ ئەلدجاجەکەی جاران
تۆزێ هەستم بەئارامی کرد
کاتێ
پیرەمێردەکەم دیتەوە کەدەفرۆشێ جغاران
بەڵام ئەوەی جێگەی ئەسەف و داخە
لەو باژێرە تەنیا سێ جەمەدانی لەسەرم بینی
عەگال و دیشداشەش کراشەی دەکرد
چەندانم بینین
لەبن قەڵات
و سەر قەڵاتێ
پیاسە و هاتوچۆیان دەکرد
خۆ لە پارکی نیشتیمان
کۆنە کەباب کۆیی و قاوەخانەی عەبۆ و بازاری فەرهاد و دەڵالخانەی جاران
شوێن و جێژوان و مولتەقای ئەعرابی شاران
تەنیا گەنم فرۆشەکەی کۆتران
لەگەڵ چەند تەزبیح فرۆش و
کۆنە قەمسەلە فرۆشێکی داماوی قوڕبەسەری
بەدی دەکەی
جا نازانم
بەفەزڵی عەولەمەیە !!
یا لەسایەی پێکەوە ژیانە!!!
یا بەپایتەخت بوونی شار و گۆڕانە !!!
یا کۆچکردنی خەڵکی شار و جێهێشتنی بەرەو هەندەرانە!!!!
کەمن ئەمرۆ وا لەناوەڕاستی شار هەست بە نامۆیی و غەریبی دەکەم
خۆزگە شارم شارەکەی جاران بوایە
پایتەختایەتی شار
پێشکەشی شارێکی دیکەی کوردستان کرا بوایە.[1]