نووسەر: #تەڵعەت تاهیر#
بە ناردنەوەی ئەو گۆرانییەی یەکەمین جار من ناردبووم بەجێی هێشتم، وەک ئەو کۆترەی بیگرن و بەهەمان ئەو پووشانەی کۆی کردبوەوە بۆ هێلانە بی برژێنن، گلەیی لەو ژنانە مەکە تەوقە ناکەن هەیانە لەمن دەچێت لەوەتەی ئازیزێکی لەدەس چووە پەنجەکانی تەنیا بە کەلکی ئەوە دێن لە پەشیمانیدا بی گەزێ، هەمیشە کەسێک هەیە ڕۆژانە قسەی جوانی بۆ کۆدەکەینەوە و دەرفەت نابێ تێر بدوێین کە دەشدوێن وا دەردەخەین کەمتر خۆشمان دەوێت و دواتر لە پەشیمانیدا پشتی دەست لە نێوچەوانمان دەدەین، کەسێکمان هەیە هێندە غەریبی دەکەین بێ مەبەست قسەی ناخۆشی پێدەلێین هیواشمان ئەوەیە ئەوکەسە بتوانێت بەجۆرێکی تر بیر لە دڕک بکاتەوە کاتێک دەستێکت بریندار دەکا ئێ لەوانەیە مەبەستی لەباوشکردنێک بوو بێت..!
بەردەوام منەتمان بە وشەی گەرانەوەی ناو گۆرانیەکان دەمێنێت چونکا مرۆڤ لە خۆشەویستیدا قەت توانای کشانەوەی لەکاتی گونجاودا نیە، من هەمیشە تو دەخەمە ناو (کەوانەوە) نەکا سەرمات بێ..!
بەتاڵ دەبمەوە لە تونڕەویم بۆ شوێن خۆم ڕادێنم کە زەمەنیش تەنها وشەیەک بێت لە وشەکان، لەپانا ژنێک خۆم دەشارمەوە، ئەم دنیا ئاڵۆزە پێویستی بە پەیداکردنی ڕوون هەیە..!
هێلانەیەکمان لە خۆشەویستی دروست کرد بە چیلکەی ئەو نەمامانەی هێشتا چیرۆکی بەتابوت بوونی درەختیان نەبیستووە، لە گوڵە گەنمی ئەو خەونانەی بە یوسفیش لێک نەدەدرانەوە پوشمان هێنا، ڕۆژگار هاتوو تۆ ڕۆیشتی گیراوەیەکم گرتەوە بۆ ماوەی شەوێک پیتەکانی خواحافیزیم لەناو فرمێسک خوساند، مشتێک خۆڵەمیشی ئەو ئاگردانەم تێکرد کاتێک بۆ یەکتر دەسوتاین یەک دوو شکستم ورد کردوو خێرا خێرا تێکم دا خێرا وەکو ئەو هەنگاوانەی بەرەو بینینی یەکتر هەمان بوو، دانە دانە سەری چیلکەکانی هێلانەکەم بەو گیراوەیە تەر کرد، بەڕیز وەک دەنکەکانی شقارتە لەهەناوم دانا ئێستا کە بەڕێگادا دەڕۆم جەستەم دەڵێی قاوغی شقارتەیە هەرجارەی تۆم بیردەکەوێتەوە دادەگیرسێم.[1]