کێ کردی، کێ خواردی؟!
نوسینی: #شێرزاد شێخانی#
لە هەموو دونيا دەوڵەتان و ميللەتان ڕێز لە خەرکە داهێنەرەکانی خۆيان دەگرن. بڕۆن تەماشای سەر شەقام و ساحەی شارەکانی دونيا بکەن، دەبينن هەزاران پەيکەری گەورەی شاعير و نوسەر و داهێنەرەکانيان بەرز ڕاگرتيە. لەلای خۆشمان پەيکەری شاعيرانمان کەپوويان دەشکێنن، نووسەرکانمان شاربەدەر دەکرێن، هونەرمەندەکانیشمان لەچایخانەکان کەتینە!.
هەر ميللەتەک ڕێزی لەداهێنەرەکانی خۆی نەنا، خۆيشی شايەنی ڕێزگرتن نيە. چونکی کۆمەڵگە و وڵات هەر بە خەرکە داهێنەرەکانيەوە پێش دەکەوی. عەڕەب دەرێن (لو خليت، قلبت) واتە: ئەگەر قەومەک پياوی زيرەک و عاقل و زانا و دانای تێدا نەبوو، سەراوقوون دەبتەوه.
کورديش وەکی هەر میللەتەکی دونيا دەيان و سەدان داهێنەری هەبووە، بەس ئاخ و داخ ئه و قسەيەی کورديش زۆر ڕاستە کە دەرێ (لەناو قەومی کوردا داهێنەر هەتا نەمری قەدری نازانن).
ئەگەر ئەمەی کورد چەند قەڕنەک لەژێر دەستەييدا نەمانتانی ڕێز و خۆشەويستی خۆمان لۆ خەرکە داهێنەرەکانمان دەربڕين، خۆ لەپاش ڕاپەڕينيش کە حوکم کەتە دەستی خۆمانەوە هيچمان لۆيان نەکرد.
خەرکی داهێنەری کوردی وڵاتەکەمان لەهەموو چيينەکانی تری کۆمەڵگە قوربانيدەرتر بوونە. شاعیرانمان لەژێر زەمینەکانەوە قەسیدەی عەشقی خاک و نیشتمانیان دەنووسی و بەدزییەوە ئەو دەست و ئەو دەستی دەکرد. هونەرمەندەکان لەبن بەردی شاخەکانەوە گۆرانییان تۆمار دەکرد و بەکاسێت لەناو خەرکی براویان دەکردەوە، نوسەرانمان لەسەر کتێبەکی لە دائیرەی ئەمن و ئیستخباراتدا سەرنگوم دەکران، دە ئێستا تەماشای دەوروپشتی خۆتان بکەن بزانن بەرهەمی خەباتی ئەو هەموو داهێنەرانمان چی بەسەرهاتیە؟.
ئەوڕۆ لەسایەی دەسەراتی خۆماڵی چيينەکی پوولپەرست و چاوچنۆک و قۆڵبڕ و حەسوود و داوێنپييس و دەستپييس لەناو کۆمەرگە پەيدا بوونە، نە بەهيچ تێر دەبن، نە چاويشيان بەکەس هەردێ. چيينەکی نەخيندەوار شەهادەی زۆربەيان تەزويرە، ئەوەی شەهادەشی هەيە، سەقافەتەکەی يەک عانەی قەڵپ ناینی.
وەرن با بپرسين، شاعيرەکی گەورەی وەکو پيرباڵ مەحمود چەند عيمارەی لەدوای خۆی بەجێهێشتیە؟
ڕۆشنبیرەکی گەورەی وەکی مەحمود زامدار چەند ئوتێلی پێنج ئەستێرەی بەناوە؟
شاعیرەکی وەکی نازم دڵبەند چەند سەيارەی وەنەوشەی هەيه؟
پياوەکی جوانی وەکی ئيسماعيل بەرزەنجی چەند فيللای لەدريم سيتی بەناوە يە؟
نووسەری گەورەی وەکی عەزيزی مەلارەش و مەغديد حاجی و عەبدەلرەحمان فەرهادی ڕەسيدی چەند مليۆن دۆلاريان لەبانقەکاندا هەيە؟ ڕ
ڕۆژنامەنوسەکی وەکی تاریق ئیبراهیم شەریف و عومەر فەرهادی چەند دەزگای میدیاییان هەیە؟
پەيکەرتاشەکی بلييمەتی وەکی جابر پيرداود چەند ڕێزە دوکانی بەناوەوەيە؟
مشکۆ و حەيدەر بەقاڵ و تاهير تۆفيق و عەلی مەردان و محمد ئەحمەد ئەربیللی و گوڵبەهار و نەسرين شێروان و شەوکەت ڕەشید و قادر کابان و ئیبراهیم خەیات و عوسمان عەلی و قادر زیرەک و فوئاد ئەحمەد و محەمەد عارف و عیسا بەرواری چييان لۆ کرایە؟
کابتنەکی ناوداری وەکی نەجات عەبدلواحيد چەند يانەی وەرزشی بەڕێوە دەبات؟
ڕاهێنەرەکی عەبقەری وەکی مەمۆ خەليل کام ساحەی بەناوکرایە!.
لۆ دەبی ئه و چيينە ڕۆشنبير و ئەستێرە درەوشاوانەی ميللەتەکەمان ژيانی کولەمەرگی ببەنە سەرو، هەرچی و پەرچی و شەقاوە و شەلاتی و سەرسەريەکانی کۆمەڵگە ببنە خاوەن فيڵلا و مەزرەعە و مليۆنان دۆلار؟
لۆ دەبی داهێنەران بەحەسرەتەوە سەر بنێنەوە، مندار و تاری مەسئولان و خزم و کەسانيان شەق لەدەفتەر دۆلار بدەن؟
هەر ئەوانەش نين، ئەوەتا هەزاران پێشمەرگەی کۆنی ئه و ميللەتەش کە سارانەک سينگی خۆيان دەدايە بەر گولە لۆ ئەوەی منداری کورد بە ئارامی شه و بچتە سەرجێ و میللەتیش بەسەربەرزی بژی، ئەوانەش ئێستا ئیهمال کراینە و جاش و موستەشار و کۆنە بەعسی نانی ئەوان دەخۆن!
یەک بە خۆم زۆر پەشیمانم لەو خەباتەی لە هەردوو شۆڕشی کوردستاندا کردیتم، چونکی قەت تەسوڕم نەدەکرد ئەوە بەرهەمەکەی بیتن.
دەرد و خەفەت زۆرن، ياخوا ملمان بشکابايە ئه و خەباتەشمان نەکردبايە لۆ مندار وتار و هەرچی و پەرچييەکانی ئێستا. ئەوەيە دەرێ (کێ کردی، کێ خواردی). [1]
⚠️ =KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=