#لەتیف هەڵمەت# دەنگە دیارەکەی شیعری کوردیی
بەرزان محەمەد
لەدوای #گۆران#ی شاعیر، لەتیف هەڵمەت یەکێکە لە دەنگە دیار و بەرچاوەکانی مێژووی شیعری نوێی کوردی و لە ساڵانی حەفتاکانەوە تا هەنووکە بەشدارییەکی جددی و گرنگی لە ئەزموونی شیعریی نوێی کوردیدا هەیە و یەکەمین کەسیشە پەخشانەشیعری نووسیوە. سەرەتای دەرکەوتن و بەناوبانگبوونی ئەم شاعیرە، دەگەڕێتەوە بۆ دیوانە شیعریەکەی بەناوی خودا و شارە بچکۆلەکەم شیعرەکانی لەتیف هەڵمەت هێندە توند بە ژیانییەوە گرێدراوە و شیعر و ژیانی بەجۆرێ ئاوێتەی یەکتریی بوون، جوداکردنەوەی مەحاڵە. دکتۆر #کەمال میراودەلی# سەبارەت بە شاعیر دەڵێ: نەک هەر بە شیعر شێتبوو، بەڵکوو بە ڕووخساریش دیاردەیەکی سەیر بوو. (شێتبوون لێرەدا بە مانای هەڵگەڕانەوە لە شتە سروشتییەکان و دژەشەپۆل)دێت. یان #شێرکۆ بێکەس# لە ڕۆژنامەی ڕێبازی ئازادیدا دەڵێت: تەمەننام دەکرد لە ساڵی حەفتاکاندا شێتییەکەی لەتیف هەڵمەتم هەبا. بۆ نموونە: لەتیف هەڵمەت لە حەفتاکانی سەدەی بیستدا، تازە ناوێکی بۆخۆی دەستەبەر کردبوو، لەو کات و سەردەمەدا لەگەڵ (فەرهاد شاکەلی و ئەحمەد شاکەلی و سەلام محەممەد)دا بەیاننامەی گرووپی #کفری#، #کەرکووک#یان دەرکردووە.
بۆ ئەوەی بتوانن ئازادانەتر و بەربڵاوانەتر سەرنج و بابەتی وەرگێڕاو و نووسراوەکانیان بڵاوبکەنەوە و ئەوە بخەنە ڕوو کە کولتووری کوردی دواکەوتووە و دەبێ تێپەڕێنرێت و شۆڕشێکی سەقافی بەسەردا بکرێت. جیاوازیشیان لەگەڵ گرووپی ڕوانگە و ڕوانگەییەکان ئەوە بووە کە ئەمیان خەتێکی ڕاست و چەپیان بەسەر کۆی کولتووری کوردیدا هێناوە، شیعریان بۆ هیچ سیاسیەک و سەرکردەیەکی سیاسی نێوخۆی و جیهانی نەوتووە، لە هەڵوێستی ڕۆشنبیرییشیاندا، خۆیان نەداوە پاڵ هیچ حیزب و لایەنێکەوە. بەڵام ڕوانگە و هەندێک لە ڕوانگەییەکان سەر بەچەند حیزبێک بوون، حیزبی کوردی شوێن و جێگە و ئیمتیاز و مووچە و داهاتیانی بۆ تەرخان کردووە، سەرباری ئەمەش، ڕوانگەییەکان نوێخوازبوون، توانیویانە بە نووسین و وەرگێڕانی بابەتە فیکری و ئەدەبییەکان نوێگەری بکەن و لە ژێرکاریگەریی ئەدەبی عەرەبی و ئەورووپی تازەگەری لە شیعری کوردیدا بکەن. بۆ ئەوەی لەباسی ڕوانگەو کاریگەریی و گرنگی بەیاننامەی کفری، کەرکووک دەرچین، ڕەهەندی شیعری لەتیف هەڵمەتی شاعیر بە نموونە دەهێنینەوە.
$هەست بە کەمیکردن$
هەرچەندە شاعیر لەڕووی جەستەییەوە بێکەموکوڕییە، بەڵام لە چاو خەڵک و هاوڵاتیانی تردا جوان نییە، هەستکردن بە ناشرینی جەستە و باڵابچووکی، وای لە شاعیر کردوە لە شیعرێکیدا بنووسێت.
کچێ، نەکەی شەیدا و تینووی دیدار بی
کچێ نەکەی خەیاڵ بکەی دەستگیران و دڵدارم بی
من سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لات و زگار و غەمگینم
هەتا بڵیی لەڕ و سیس و ناشیرینم.
شاعیر لە تافی لاوی و گەنجیدا دڵداریی نەکردووە، وەکوو خۆی لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت تەنیا دوورا و دوور بووە، هیچ بەرکەوتن و نزیکبوونەوەیەکی نەبووە. لە شیعرێکیدا دەنووسێت
کچێکی جوان نییە
بمکا بە دەستگیران
بە ماچ لەگەڵما بدوێ
شەوانی بەفری زستان ڕووتبێتەوە لە ڕەشماڵی برینەکانما بخەوێ
دەبم بەساقەی کچێ
بۆ یەکەم جار خۆشمی دەوێ و دەمکا بە یار.
ئەم تەنیایی و دوورەپەرێزییە، شاعیری خستووەتە قۆناغێکی نائارام و ناجێگیرەوە کە شەرم لە هەموو شت و کەسێک بکات، بەتایبەت ئەو بۆشاییەی کە خودی شاعیر تێیکەوتووە. دوورەپەرێزی لە ئافرەت لەم شیعرەیدا بە کۆمەکی نەست و لە قووڵایی نەستەوە دێتە گۆ و دەڵێت:
بەکەس نەڵێی، منم ئەوە
لە تەنیایی شەو ترساوم
دەرم نەکەی تۆ بەم شەوە
توڕەنەبی لە هاتنم
توخوا دایکت هەڵنەستێنی
دوایی دەمرم، زۆر شەرمنم.
ئەم ڕەنگدانەوەی دیاردەی شەرمە بە زەقی و زۆر بە ئاشکرا بە شیعرەکانییەوە دیارە، هێند شەرمن و تەنیا و بێتوانایە لە نەشکاندن و دەرنەچونی ئەو کۆت و بازنەیە، شاعیر دەخاتە دۆخ و قۆناغێکی ترەوە، خودئەڤینی. نەرجسییەت. شاعیر لە شیعرێکدا دەنووسێ:
پێش گشت کەسێ
من زمانی خۆشەویستیم دۆزییەوە
من من من من، هەر منیشم
هەر عاشقم هەتا مردن.
ئەم گرێیە ڕۆژان و مانگ و سالان زیاتر و پترتر لە ناخ و نەستی شاعیر پێش ئاگایی دا ڕەگدادەکوتن. ئەم نەگەشتن و بەرنەکەوتنەی شاعیر، وا لە شاعیر دەکەن، دونیابینییەکی توند و سادیزمیانەی بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ هەبیت. لە کۆپلەیەکیدا دەنووسێت:
لەسەر هەموو مەمکێکدا
جێ ددانیک هەیە
ڕەنگە جێ ددانی من بێ
چونکە من ڕقم لە هەموو شتێکی خڕە.
یان لە شوێنێکی تردا کە شاعیر لە لووتکەی سادیزمییەوە دەنگ هەڵدەبڕێ و دەڵێت:
شەوێک وەک پیاوە مرۆخۆرەکانی پێش مێژوو
بەزیندووێتی کەوڵت دەکەم
چەرمەکەت دەکەم بە پاڵتۆیەک بۆ خۆم
گۆشتەکەت بە چەنگاڵ دەخۆم
بە خوێنەکەت هۆنراوەیەکی سامناک دەنووسم
لە لوولاقەکانت چەند شمشاڵێک دروست دەکەم
بۆ ئەوەی هەرچەندە فووم پیاداکردن
گوێم لە بۆنی دەنگی گریانت بێت.[1]