قوماش 43
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
هەتا درەنگ لە ماری قادرە فەندی بووین، بەرنامەمان دانا سبەی شەوێ ئیشەکەی ببڕێنینەوەو لە ماوەی حەفتەکیش هەورینی بگۆزمەوە، واش ڕێککەتین ئیشەکەی بەبێ دەنگی بکەین و نەکەینە هەرا، بەشکوو کەسمان لێ تێنەگا، نەوەک ئەو موستەشارە تووشی بەزمەکیدیمان بکا، دەوری سعات دەی شەوێ گەڕاینەوە مارێ، ئەمن و بابم درمان زۆر خۆشبوو، بەران داکم لێوەلەرزە بەرینەدەدا و ترسەکی هەرهەبوو، هەر سەری بادەداو دەیگۆ: خوایە بەخێری بگێڕی، خوایە ئەو بەرایەمان لەسەری لابدەی، بابم گۆتی: کوڕم ئەتوو لە مارێبەو مەچووە دەرێ، ئەمن بەخۆم دەچم لە تەیراوەی هەندە پاقڵاوە و شەربەت و تەرتیباتی دەکڕم، هەر لەوێش دەچمە ناو قەیسەری و بە حاجی موحسینی زێڕینگر دەرێم ئەگەر مندارەکان هاتن لۆ زێڕو مێڕی چاوەکات لێیان بی، چیان ویست بیاندێ، ئەمن دوایێ بەخۆم حیساب و کتابت لەگەر دەکەم، کوڕم هەستە بە نەکی لە پەنجەت گرێدە و قیاسەکەی بگرە، وەبی بزانم ئارقەکی کووت لۆ بینم، گۆتیە داکیشم ئارقەکی خۆتم بدێ با لەسەرەوی ئارقەکی زێڕ لۆ هەورینۆکەی بینم! داکم گۆتی: خەمی هەندێت نەبی، شەوێ ئەنگوستیلەکەم لە هەورینۆکەی وەرگرت و پێمگۆ لەسەر ئەو قیاسەی ئارقەکی زێڕت لۆ دەینم! بابم پێکەنی و گۆتی: دەبینی کوڕم، داکت لەسەر ئەو هەموو خەمەش ئارقەی دەستی هەورینی لەبیر نەکردیە! داکم زەرفەکی گچکۆکەی دەرهینا و ئەنگوستیلەکەی هەورینی لەناو دەریناو گۆتیە بابم: فەرموو ئەوەش ئەنگوستیلەی هەورینی! بابم وەریگرت و بەینەکی تەماشای کرد، ئەوجە لەناو زەرفەکەی داناوەو ڕووی لە عاسمانێ کرد و گۆتی: خوایە گیان بە گەورەیی خۆت ئەو دوو کۆترەی بپارێزی!
داکم و بابم چوونە ژۆرێ و لێیان پارداوە، ئەمنیش چوومە ژۆرەکەی خۆم و هەتا درەنگ بە داڵغەی سبەی شەوێ و مارەکردنی هەورینی و لە پەنجە کردنی ئارقەی دەزگیرانیم بردە سەری، پاشان هەستام نوێژی عیشایێم کرد و گلۆپی ژۆرێم کوژاندەوە و گلۆپی سفرم پێکرد و لێم پارداوە!
وەختەکی بەخەبەر هاتم، دیتم دوو زەلام لەسەر سەرم ڕاوەستاینە، ئێکیان گۆتی: گوم حیوان یا کلب(هەستە، هەی حەیوان، هەی سەگ)! وامزانی خەونە و ڕووم لەسەر بالیفی وەرگێڕا، ئێکیان هەتا پێلەقە گرتی لە پشتە سەری دام و بە تووندی گۆتی: مو اگلک گوم گواد(نارێم هەستە هەی گەواد)! بە هەردووکان ڕووبوونە من و برندیان کردم و ئەمنیان بە شاپان بردە دەرێ، تەماشا حەوشەم کرد، لەوانەیە بیست چەکداری پێچرای لە حەوشەی ڕاوەستاینە و سەربانیشیان گرتبوو، هاوارم کرد: دایە، بابە! ئێکەکیان لە پشتەوە هەتا مست گرتی لێیدام و کەتمە ئەو گۆڕەی، لەگەر هاواری من داک و بابم بەخەبەر هاتن و لە هۆدەی غاریان دا دەرێ، چەکدارەک چەکی لێ ڕاکێشان و گۆتی: فوتو جوە(بڕۆنە ژۆرێ)! داکم لە زیرڕژنی گریانێی دا و بووە هەرا، قەت ئەو دیمەنەم لە بیر ناچی و هەرجاری بەبیرم دێتەوە ئاو لە هەردوو چاوانم دێتە خوارێ، چەکدارەک غاریدا داکم و بابم و بە پاران فڕێی دانە ژۆرێ! تووند قۆر و چاوی منیشیان بەست و هەر بە بێجامەی ئەمنیان بردە دەرێ و فڕێیان دامە ناو لانگرۆزەرەکی دائیرەی ئەمن و دوو زەلام لەگەرم سوار بوون و ئەمنیان لەبن پێی خۆیان درێژکرد و ئێکەک هاواری کرد: یاللە خل نروح(یاڵلا بابڕۆین)! بە گێرەی گڕەگڕی تڕومبێلەکان پێ دەچوو پێنج هەتا شەش تڕومبێل بن! لەناو تڕومبێلی گێم لێبوو ئێکەکیان گۆتی: ساعە خمسە و نص(سعات پێنج ونیووی بەیانیە)!
چونکە چاویان بەستبووم و ئەمنیشیان لەناو تڕومبێلی لەبن پێی خۆیان درێژ کردبوو، هیچم نەدەدیت، هەر ئەوەندەم ئاگا لێبوو، ئێکەک هاواری کرد:افتح الباب، افتح الباب(دەرکەی بکەوە)! جیڕەی دەرکەی هات و کردیانەوە و تڕومبێلەکە چووە ژۆرێ، بەینەکی ڕۆیی و ڕایگرت، ئەمنیان هینا خوارێ، ئێکەک قۆری گرتم و ئەمنی برد، پێی نەگۆتم قاندرمەیە و دەچینە خوارێ، ئەمن هەر بەحسابی ئەوەی عاردە شاقاوم هاویشت، لۆ پێم نەخزی و نەڕۆیشتم، بە تەقڵە غلۆر بوومەوە لۆ خوارێ! وەختەکی شرپەم لێوەهات و بە دیواری کەتم، گۆتم: سەتاسەت مردم، هەرکووی هەبوو خۆم قیت کردەوە و دانیشتم، چاوم بەسترابوو و هیچم نەدەدیت، ئێکەک هات چاوو دەستی کردمەوە، تەماشام کرد ژێرزەمینەکی شەش بە حەفت دەبوو، بەلای کەمی پەنجا هەتا شێست زەلامی تێکرابوو، هەبوو سەرو گێلاکی شکابوو، هەبوو لەو گۆڕەی کەتبوو، نەیدەتانی بجولێ، ئەویدیش هەریەکەی لە لایەکی پاری بە دیواری دابوو، زەلامی وای تێدابوو شەش مانگ دەبوو ڕدێنی نەتراشابوو، لەبەر بۆنی میزی نەدەحەوایەوە، ئێکەک هاتە بناگێم و بەسەبری گۆتی: قسەی درت لۆ کەس نەکەی، بەهێز بەو ئیعتیراف نەکەی، ئەگەر ئیعتیراف نەکەی بەردەبی، ئەگەر هەرخەرەتای یان لەبن تەعزیبی ئیعتیرافت کرد، ئەوە سەتا هەزار ئیعدام دەکرێی!
گلۆپی سفر: گلۆپەکی گچکەی ڕەنگ سۆر یان شین یان زەردبوو، جاران خەرک کە شەوێ دەنووست دایدەگیرساند.
مایتی[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!