قوماش 45
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بەسێ چار کەسان هەتا هیلاکبوون و ئارەقەیان دەردا لێیان دام، ئەوجە کشانەوە پاش، کوردە جاشەکە هاتە لای سەرم و گۆتی: ئەوجە لەوەپاش برێ بەرێ باشە! نەمتانی وەرام بدەمەوە و پێی لەسەر پشتم دانا و گۆتی: دەبینم بێ دەنگی، دیارە ئەو لێدانەت بەدری نەبووە؟ دوو سێ پێلەقەی دی لێدام و لێیدا ڕۆیی! خین لەتۆقی سەرم هەتا بنی پێم لە قالبم دەڕۆیی، دوو زەلام لە گیرایەکان هاتن وەریانگێڕام و هەندە ئاویان بە دەموچاوی داکردم، قیچە ئاوەکیان بەدەوی وەکردم، بالیفەکی پیسی ڕەش داگەڕایان هاویشتە بن سەرم و ئێکەک هات بە پارچە مقەبایەکی باوەشینەی لێکردم، ئاگام لەخۆم نەما و لەخۆ چووم!
وەختەکی گازیان کردم و گۆتیان هەستە پارە نانەکی بخۆ، سەرم برندکرد، دیتم گیرایەکانن و دەیانەوێ پارووە نانەکی بخۆم، گۆتم: هەموو قالبم ژانێ دەکاو هیچم پێناخۆرێ، گۆتیان زۆر زەرورە دوو سێ پارووە نانان بخۆی هەتا بەرگەی ئێرە بگری، ناکرێ هیچ نەخۆی! گۆتم: چایە هەیە؟ گۆتیان ئا، گۆتم: یەک دوو فڕە چام بدەنێ، بەشکوو دێمەوە سەرەخۆ و پارووە نانەکم پێ دەخورێ! یەکسەر قۆغەکی لاستیقیان بە دەوی وەکردم، یەک دوو فڕم لێدا و بڕەک تینم هاتەوە بەرێ، ئەوجە یەک دوو پارووە نانیان دامێ، دیاربوو سەموونەکی ڕەق بوو لە نیسکیان هەردەیناو دەیاندا من، هەرکووی هەبوو شتەکم خوارد، گۆتیان دەوجە پاردەوە با بڕەک بێیەوە سەرەخۆ، چونکە تەئکیدبە شەوێ دەتبەن لۆ تەحقیقی، ئەمن لە ترسی ئەو تەحقیقەی هەرچەند دەمکرد نە خەوم لێدەکەت و نە هەستم بە ئیسراحەتی دەکرد!
پاش مەغریبێ دیسان هاتنەوە لۆ تەعداد و ناو خیندنەوەی، ئەمن هەر لەو ناوەی کەتبووم و نەمدەتانی هەستمەوە، کابرای دفتەرەکەی پێبوو، هاواری کرد: گوم، گوم(هەستە هەستە)، برادەرەکانم لە ترسی ئەوەی نەوەک دیسان حەیزەران بارانم بکەن، دوویان ئەولا و ئەولایان گرتم و قیتیان کردمەوە، ئەمنە کوردەکە گۆتی: وەی دەنا ئەوجارەش غەرەت بکا، دەبی بەو دوو دەستەی خۆم بیخنکێنم! ناویان خیندینەوە و گەیشتە ناوی من، هەر ئەوەتەبوو نوزەم لێوەهات و گۆتم: نەعم! کوردە ئەمنە جاشە خۆفرۆشەکە لەو سەری ڕاهات و هەتا زللە گرتی لە بناگێی دام، گۆتی: هەی کەر میللەت کووبوو نەتگۆ بەرێ! ئەمن چ دەنگم نەکرد، چونکە گۆتم: هەونکە هەرچی برێم دەبیتە مار لەسەرم لێدانی پێ دەخۆم، وەکی جاران سەرو سێ چار حەیزەرانیان ڕاوەشاندینێ، بەران لەچاو لێدانەکەی سبەینێ سەلاتەبوو!
هەندەی نەبرد نانی هێوارێیان هینا، سەموونەکی ڕەق و قۆغە چایەک بوو، برادەرەکانم سەموونەکەیان لۆ لە چایەکەی هەردەهینام و دەیاندامێ، ئەمنیش هێدی هێدی دەمخوارد، ئێکەکیان گۆتی: لۆ گیرای؟ گۆتم: لەسە ژنهینانێ! هەموو تەماشا ئێکدیان کردو پێکەنین، گۆتیان: با وەبی! ئەوان وا تێگەیشتن ئەمن تەنزیمیەکی زۆر گەورەی ئێک لە حزبەکانم و نامەوێ ئاشکرای بکەم!
خەوم لێکەتبوو، گلۆپیان پێ کردو سێ چارەک هاتنە ژۆرێ، ناوی منیان خیندەوە و گۆتیان یاللە گوم(یاڵلا هەستە)، هەر کووی هەبوو خۆم قیت کردەوە و بە شەلەشەل چوومە کنیان! ئێک لەگیرایەکان بە عەستەم لەبنا گێم چرپاندی: بەقووەت بەو ئیعتراف نەکەی! ئێک لەوانەی هاتبوون بمبەن، هەتا حەیزەران گرتی لە ناوملانی گیرایەکەی داو بە کوردی گۆتی: سەگی سەگباب ئەوە چتگۆ؟ ئەویش هیچ قسەی نەکرد، کابرا وەریگەڕایێ و سێ چار حەیزەرانی لێدا و هێخستی، ئەوجە قۆری منی گرت و گۆتی: یاڵلا موخەڕیب بابڕۆین، ئەوشۆ حەفلەکی خۆشمان هەیە!
دوو کەس قۆریان گرتم و ئەمنیان برد، چاویان تووند بەستم، لە ڕێیێ هەرکی دەگەیشتەمە زللەک یان پێلەقەکی لێدەدام، هەتا گەیشتمە ئەو هۆدەی لۆیان دەبردم زیاتر لە هەژدە زللە و پێلەقەم پێکەت، ئەمنیان بردە ژۆرێ و ڕایانگرتم، چاویان کردمەوە، دیتم زەلامەکی ڕەشی چار شانەی لە پشت مێزی دانیشتیە، ڕومانەکی لە دەستی بوو، گەمەی پێدەکرد، سەری برند کرد و گۆتی: ها کاکا شلونک(ها کاکە کوی؟)، چارەم نەبوو گۆتم: الحمدللە! گۆتی: ها، جایب های الرمانە حتی تکتل السید مدیر الامن(ئەو ڕومانەت هینایە هەتا مدیر ئەمنی پێ بکوژی)؟ لۆ ئەوەی خۆم قورتارکەم، گۆتم: آني میعرف عربي(ئەمن عارەبی نازانم)! ئەعسابی نەما، هەستاوە و لە پشت مێزی لاکەت و هەتا زللە گرتی لەبن گێی دام، گۆتی: لعد شلون مخلص کلیه(ئەدی کوو کولیەت تەواو کردیە) چۆوە جێی خۆیی و گۆتی: جیبولە مترجم(موتەرجیمەکی لۆ بینن)!
قۆغە: کوپی پلاستیکی چایەی.
ڕومانە: جۆرە چەکێکە لە کوردەواری پێی دەرێن قومبەلە.
مایتی[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!