قوماش 46
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
هەندەی نەبرد، ئەمنەکی کورد هاتە ژۆرێ، تەحیەکی لۆ عارەبەکەی کرد و گۆتی: نعم سیدي(بەرێ گەورەم)! زابتەکە گۆتی: گواد، تعال ترجم لهذا المخرب(گەواد، وەرە تەرجومەی لۆ ئەو موخەڕیبەی بکە)! کوردەکە گۆتی: نعم سیدي، زابتەکە بە عارەبی پێیگۆ: پێی برێ ئەو ڕومانەمان لە مارینگۆ دەرینایە و خەبەرمان هەیە، بە تەمابووی مدیر ئەمنی بکوژی! کوردەکە لۆی تەرجومە کردم و گۆتم: شتی وانیە، ئەمن نە ڕومانەم دیتیە و نە دەزانم بەکاری بینم، کابرایەکی فەقیرم و تێکەری هیچ نیمە! زابتەکە گۆتی: کورد فەقیر نیە، کورد هەمووی موخەڕیبە! ئەمنەکە هاتە بن گێم و گۆتی: بەگێی من دەکەی ئیعتیراف بکە، وەڵلا ئیعتیراف بکەی، نە لێت دەدەن و نە تەعزیب دەدرێ، بەرکو عەفووت دەکەن و بەرت دەدەن! برێ ئەمن غەرەت بووم و هەریان خەرەتاندم، ئەمن زددی حیزب و سەورەی نیمە و سەیدولڕەئیس بابی هەموو عیراقیەکانە و داوا دەکەم لێم خۆشبن، تەئکید بە عەفو دەکرێی و هەرئەوشۆ موعەزەز موکەڕەم دەچیەوە مارێ! گۆتم: کاکی من، ئاخر ئەمن کوو ئیعتیراف لەسەر شتەکی بکەم کە نەمکردیە، نە ڕومانەم دیتیە و نەبەکارم هینایە و نەتێکەری هیچ لایەنەکیشم، زابتەکە گۆتی: هذا شیکول(ئەوە چ دەرێ)؟ کوردەکە دوو هەندەی تێکووشی و گۆتی: وەڵلا سەیدی دەرێ ئەمن ئیعتیراف ناکەم و ڕومانەم نەدیتیە و نازانم بەکاری بینم! زابتەکە گۆتی: زین زین، انی اعلمە شلون یعترف(زۆر باشە، ئەمن فێری دەکەم کوو ئیعتیراف دەکا)! یەکسەر جەڕەسی لێدا و دوو زەلامی تەنگەستوور هاتنە ژۆرێ، ئیشارەتی دانێ و گۆتی: بیبەن! ئەوانیش قۆریان گرتم و لوولیان دام، لە دەرکەی کوردە ئەمنەکە گۆتی: کورە دەتبەن لۆ تەعزیبی، بەگێی من بکە و ئیعتیراف بکە! ئەمن وەرامم نەداوە و دوو زەلامەکە ئەمنیان برد.
چاویان بەستام و ئەمنیان بردە ژۆرەکی دی، تووند بە پانکەیان وەکردم و کەتنە سەرم بە کێبلان، بە هەردووکان هەتا لەخۆ چووم لێیان دام، ئیدی کە لەخۆچووم نەمزانی چم بەسەرهات! وەختەکی چاوم هەرینا، دیتم لەسەر کارتۆنەکی درێژ کرایمە و هەموو قالبم خینە! ئێکەک پەڕۆکەکی پێبوو ئارەقەی دەستڕیمەوە، گۆتیە من: کوی؟ گۆتم: چەند ڕۆژە لەخۆچوویمە؟ گۆتی: دوو ڕۆژە، هیویمان لێ دانابووی، باشبوو هاتیەوە سەرەخۆ، خۆ ئیعتیرافت نەکردیە؟ گۆتم: نا، گۆتی: زۆر باشە، خوا گەورەیە ئیشاڵلا بەردەبین!
با سەرتان نێشینم، هەشت مانگی ڕێک هەموو شەوێ سعات یەک و دووی شەوێ دەیانبردم و هەتا شل و کووت دەبوون لێیان دەدام، زیاتر لە بیست کیلۆ دابەزیبووم، ئەو شەوی نەیانبردبام لۆ تەعزیبی لە خۆشیان جێم پێ جێ نەبوو، لەو هەشت مانگەی لەوێبووم، نۆ کەس لەبن تەعزیبی مردن و بیست و شەش کەسیان ڕەوانەی بەغدایێ کرد و ئەمری لە سێدارەدانیان دەرچوو و لەسێدارە دران! ئەمنیش هەر چاوەڕێبووم، ڕۆژەک ڕەوانەی بەغدام بکەن و بمدەنە مەحکەمەی سەورەی! هێوارەکی پارم بە دیواری ژۆرە تاریکەکەی دابوو، ئەمنەک ناوی خیندمەوە، هەستامەوە و خۆم حازر کرد بمبەن لۆ تەعزیبی، قۆری گرتم و بە عارەبی گۆتی: وەرە سەر و ڕدێنت دەتراشین، سەیدولڕەئیس ڕەحمی جولایە و گۆتیتی با گیرایەکان داک و بابیان ببینن، سبەینێ داک و بابت دێنە سەردانت! ئەو خەبەرە وەکی ئەوەی وابوو برێن عەفوت لۆ هاتیە و بەرت دەدەین و بڕۆوە مارێ، لە خۆشیان هەردوو چاوم پڕی فرمێسک بوون و بەسەر هەردوو ڕوومەتم دا بارین! ئەمنەکە تەماشای کردم و گۆتی: ولو انتم متستحقون مکرمة سید الرئیس(ئێوە هەقی مەرحەمەتی سەیدولڕەئیستان نیە)!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!