قوماش 47
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
سەرو ڕدێنیان تراشیم و گۆتیان: بڕۆ لەو حەمامەش خۆت بشۆ، دەبی بە دە دەقەی تەواوبی، چوومە حەمامەکەیی و لیفکە و سابونی لێبوو، خۆم شووشت، نەدەوێرام لیفکەکەی بە تووندی بە لەشم دابینم، چونکە جێیەک نەمابوو لە قالبم برینی پێونەبی یان ئەستوور نەببی، دەستە جلکەکی تازەیان دامێ، لەبەرم کرد و بڕەک هاتمەوە سەرەخۆ، ئێک ئێک گیرایەکانیان دەهینا، سەریان دەتراشین و خاوینیان دەکردنەوە، گۆتیان بڕەکی لەناو هەدیقەی لەبەر ڕۆژێ دانیشن، بەران کەس قسەی لەگەر کەس نەکا، دەوری بیست دەقەکی دانیشتین و ئەمەیان بردەوە ژۆرێ! لە ژۆرێ زابتەک هات، گۆتی: سبەینێ کەس و کارتان دێ دەیانبینن، هەر ئێکەکی ئەمنەکی کورد لە دڵسۆزەکانی سەیدولڕەئیسی لەگەرتان دادەنیشی، یەک قسەی ئەولا و ئەولا بکەن بەخۆمان دەزانین چتان لێدەکەین، نابی برێن تەعزیب دراینە، لە نیو سعاتیش زیاتر دانانیشن! گۆتمان باشە بەسەرچاو، خوا خوامان بوو بڕیارەکە هەرنەوەشێتەوە، لۆیێ پەیمانمان دا ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەین!
سبەینێ دەوری سعات دەی بەیانی دەستیان بەناو خیندنەوەی کرد، ناوی منیان گاز کرد و لە خۆشیان پێم عاردی نەدەگرت، هەستامەوە و گۆتم: نعم(بەرێ)، کابرا گۆتی: تعال(وەرە)، غارمدا و چووم، ئێکەک قۆریگرتم و ئەمنی بردە دەرێ، بەکوردی قسەی لەگەر کردم، گۆتی: وەڵلا وەبیللا بە داک و بابت برێی تەعزیبیان دایمە، بەو دوو دەستانەی خۆم دەتخنکێنم!ِ گۆتم: وەنارێم، گۆتی: بەخۆم لەگەرتان دادەنیشم و چاودێریتان دەکەم! ئەمنی بردە ژۆرەکی و کورسیەک داندرا بوو، گۆتی: لەسەر ئەو کورسیەی دانیشە، وا دەچم داک و بابت دەینم، چووم لەسەر کورسیەکەی دانیشتم و درم لەسەر هەزاری لێی دەدا، کەینێ داکم و بابم دێنە ژۆرێ و تێر تێر دەستیان ماچ دەکەم، هەردوو چاوم بڕیبووە دەرکەی ژۆرەکەی، وەختەکی دەرکە کراوە، دیتم داکم هاتە ژۆرێ، لە دووی ویش بابم! هەرکە چاوم بەوان کەت، هەستامەوە و لە هۆڕژنی گریانێم دا، داکم خۆی پێ ڕانەگیراو بەربۆوە، ئەمن غارم داو خۆم بەسە دادا و ڕووبوومە هەردوو دەستەکانی تێرتێر ماچم کرد، ئەوجارە ڕووبوومە هەردوو پێیەکانی و تێر تێر ماچم کرد، هەردوو پێراوەکانیم لێسیەوە، بابیشم خۆی پێ ڕانەگیرا و دانیشت، ڕووبوومە دەستی بابم و ماچم کرد، بابم لە باوەشی گرتم و بەگریانەوە ڕوومەتەکانی ماچ دەکردم، تەڕاتی فرمێسکەکانی بەسەر شان و ملم دا هاتەخوارێ! داکم قیت کردەوە و دامنیشاند، ئەو سام گرتی ببوو، قەت باوەڕی نەدەکرد ئەوە ئەمن بم، نە قسەی پێدەکرا و نە دەیتانی فرمێسکی چاوەکانی ڕاگری، دەستی تووند لەناو دەستم گیر کردبوو، وەکی برێی دەیگۆ لێم دانەبڕێی، یان لەگەرم وەرەوە مارێ، یان لێرە لەگەرت دەمینێمەوە! بابم دەستڕەکەی لە بن پشتێندی دەرینا و فرمێسکەکانی خۆی پێ سڕیەوە، بەینەکی تەماشای ناو چاوی کردم و گۆتی: کوی؟ ئەمنە کوردەکە بە هوردی و توڕەیی تەماشای کردم بزانی چدەرێم، هەر ئەوەندەم گۆ باشم ئەلحەمدولیللا، داکم سەری بەسینگی من کرد و دیسان لە هۆڕژنی گریانێی دا، دەستم لە ملی کرد و هەستم بە گەرمی لەشی کرد و دەتگۆ تەندورە دەسووتێ، هەردووکیان تەماشا ناوچاویان دەکردم، داکم دەمەک دەستی لۆ پرچم درێژ دەکرد و دەمەک لۆ شان و ملم، ئەوجارە دەستی تووند دەگرتم و فرمێسکی وەکی بارانی بەهارێ دەباراند، تێر تێر تەماشا چاوی داکم و بابم کرد، نەوێرام لە ترسی ئەمنەکەی ئەخباری کەس بپرسم، بە تایبەتی هەورین و بازۆ، ترسام ئەگەر ناویان بینم، ئەمنەکە ناوەکان بداتە ئەمنەکان و ئەوانیش پەلکێش کەنە ئێرە! بابم و داکم لە تەماشاکردنی چاوەکانی من دەیانزانی دەمەوێ خەبەرەکی هەورینی وەرگرم، بەران ئەوان هەردووک ڕوویان وەرگێڕا و تێر تێر فرمێسکیان باراند، لەو فرمێسکانەی داکم و بابم تێگەیشتم هەورین چشتەکی بەسەر هاتیە، بەران نەمزانی لە پاشە من مێردی کردیە یان بە زگی دایە!
سام گرتی: شۆک بوون، بزانە کورد وشەی چەند جوانی هەیە، کەچی بە شۆکی ئینگلیزیمان گرتیە، عەلائەساس مسەقەفین.
بەزگی دایە: لە خەمان مردیە.
مایتی[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!