قوماش 48
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
داکم و بابم دەوری نیوسعاتی لەگەرم دانیشتن و نەمانتانی بەکەیفی خۆمان قسەی بکەین و ئەوەی لە درمانە هەریڕێژین! ئەو ئەمنە کوردەی لەگەرمان دانیشتبوو، گۆتی: یاڵلا کاتەکە تەواو بوو، داکم گۆتی: کوڕم دە لێگەڕێ دە دەقەی دی لەگەری دانیشتم! کابرا قیت بۆوە قۆری منی گرت و گۆتی: یاڵلا بابڕۆین، هەر هەندەم پێکرا دەستی داکم و بابم ماچ کەم و بڕۆم، ئەوان بە چاوی پڕ لە فرمێسک و ئەمنیش هەرئەوها ئێکدیمان بەجێهێشت، ئەمنیان بردەوە ژۆرەکەی خۆم و دەرکەیان پێوەدا، ئەو ڕۆژەی درم زۆر خۆشبوو، چونکە پاشی هەشت مانگ لەگیرانم ئەوانم دیت و ئەوانیش لۆیان دەرکەت ئەمن مایمە و نەمردیمە، چونکە کێ دەرێ چەند جار خەبەری مردنی منیان نەداینێ!
سێ چار ڕۆژ تێپەڕی لێدان و تەحقیقمان لەسەر هەرگیرابوو، کەس لێی نەدەپێچاینەوە، وەختی جەمەکان دەهاتن نانیان دەداینێ و نانەکەش لە جاران باشتر بوو، هەر ئەوەندەش نەبوو، بەرکوو ئەمە دەوری چل گیرای دەبووین، هەموویان لە ژۆرەکی گەورە کرد و مەجالیان داین قسەش پێکەوە بکەین، ڕۆژی دە دەقەش دەیانبردینە بەر ڕۆژێ و ئەوەی جغارە خۆریشبا لەو دە دەقەی بەر ڕۆژێ جغارەکیان دەدایێ بکێشی، ئەمە سەرمان سوڕمابوو لەو وەزعەی، شەوەکی تەلەفزیۆنەکیان هینا ژۆرەکەی کە لێی بووین، دەوری سعات هەشتی شەوێ پێیان کرد و گۆتیان دەنگتان نێ و تەماشا بکەن سەیدولڕەئیس وتاری هەیە، سەدام دەستی بە قسان کرد، لە قسەکانی گۆتی: ئەمە لە شەڕەکی گەورە داینە لەگەر ئێرانی، داوای یارمەتیمان کردیە لە هەندەک لە وڵاتان، بەمە دەرێن یارمەتیتان نادەین، چونکە مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن و تەعزیبی گیرایەکان دەدەن! بابێن تەماشا بکەن بزانن وەزعی گیراوەکانمان کووە؟ ئەو وەختی زانیم معامەلەکە گۆڕانی بەسەر نەهاتیە، بەرکو وەزعەکە وای دەوێ لەگەرەمە باش بن، هەر کاتەکیش ئەو وەزعە نەما، لێدان و تێهەردان دەست پێ دەکاتەوە، ئەمن درم لۆ ئەوەی دەچوو ڕەنگە لەو ماوەی لێبوردنەکیش دەر بکا و بەشەکی زۆرمان بەرببین!
ماوەی دە ڕۆژەکی تێپەڕی، ژیان ئاسایی دەڕۆیی و ئەزیەتیان نەدەداین، ڕۆژەکی لە هیکڕا ناویان دەخیندەوە و پێنج پێنج دەیانبردینە دەرێ، پاش ماوەکی ئەو پێنجەیان دەهیناوە، جلک و کەل و پەلیان دەدانەوە و دەیانگۆ یاڵلا بڕۆن سەیدولڕەئیسان لێتان خۆشبووە، دوعای لۆبکەن! خۆشیەک بەسەرمان داباری و چاوەڕێ بووین ناومان بخیندرێتەوە، لە خۆشیان هەموو بە پێوە ڕاوەستابووین، لە هیکڕا پێنج کەسیان هیناوە، جلکی خۆیان خڕکردەوە، ئێکیان هاتە تەنیشتە من و بەسەبری گۆتی: ئەگەر ماستاو یان شەربەتیان لۆ هینای نەخۆیەوە، وا تێدەگەم زەهری تێکرابی و بمانکوژن! گۆتم: کوو دەزانی؟ گۆتی: ئەمن خواردمەوە، هەر پاش خواردنەوەی ژانەسەرەکی تووندم گرت و تەوازنم تێکچوو، ئاگات لە خۆبی نەخۆیەوە! لە دری خۆم گۆتم: ئەوجە خۆ بەکەیفی خۆم نیە نەخۆمەوە، ئەگەر بڕیاریان دابی بمکوژن بە زۆریش بی دەمدەنێ!
ناوم خیندراوە و چوومە لای ئەمنەکان، ئەمە پێنج کەس بووین، گۆتیان وەرن! لەگەوان چووینە ژۆرەکی لەسەر دەرکەکەی نووسرابوو المدیر! کابرایەکی قات لەبەر لە پشت مێزی دانیشتبوو، تەمەنی پەنجا سار دەبوو، گۆتی: جیبوا مترجم(وەرگێڕەکی بینن)، هەندەی نەبرد کوردەکی ئەمنیان هینا کە دەموچاوی پێچرابوو(ئەو کوردانەی لەوێ ئیشیان دەکرد کە بهاتبانە کنەمە، هەموو دەموچاوی خۆیان دەپێچا، هەتا نەزانین کێنە)، مدیرەکە بە عارەبی قسەی دەکرد و کوردەکە وەریدەگێڕا، ئەو قسانەی لۆمەی کرد ئەوەبوو: ئەوە سەیدولڕەئیش لێبوردنی گشتی دایە، هەرچەندە ئەنگۆ شایانی ئەو لێبوردنەی نینە، بە دەستم بی هەمووتان دەکوژم، چونکە خائین و موخەڕیبن، بەران لەگەر ئەمری سیدولڕەئیسی هیچمان پێناکرێ و دەبی لەسەر سەری خۆمان دانێین، بەران وەرن ئەو بەڵێننامەی پڕکەنەوە کەوا جارەکیدی دژی حیزب و شۆڕش و دەوڵەتی ڕانەوەستن و نەبنە موخەڕیب! یەک یەک بەڵێننامەکانمان ئیمزا کرد، ئێکەک هاتە ژۆرێ، تەحیەکی کرد و گۆتی: سەیدی شەربەتیان لۆبینم بەو موناسەبەی بخۆنەوە، ئەمن ڕوحم پەڕی، گۆتم: تەواو بەو زەهیرەی لە شەربەتیان کردیە دەمانکوژن! مدیرەکە بەینەکی تەماشای کردین و پاشان گۆتی: ماکو داعي(پێویست ناکا)، لەگەر ئەو قسەی پشیەکم هاتەوە بەرێ، هەر لەوێ پێشیان گۆتین: لەیەک جێی لۆمان بگەڕێتەوە گۆتبتان لە دائیرەی ئەمن تەعزیب دراینە، دەتانگرینەوە و یەکسەر ئیعدامتان دەکەین! ئەمەیان بردەوە ژۆرە گەورەکەی، کەل و پەلی خۆمان هەرگرت و گۆتیان یاڵلا وەرن، چووینە حەوشەی دائیرەی ئەمن، ڕیمەکی گەورە ڕاوەستابوو، گۆتیان: ئەو ڕیمە لەسەر جادەی شێست مەتری دەسوڕێتەوە هەرکەس لەکەرخی ماری خۆی بێتە خوارێ، سواری ڕیمی بووم و بە بێدەنگی دانیشتم، هەزار دوعام دەکرد زوو ڕیمەکە بڕوا، هەندەی نەبرد ڕیم ئیشی کرد و بە ڕێکەت، لە دائیرەی ئەمن چووە دەرێ لایدا لای دەستە ڕاست و چووە سەر جادەی شێستی، هەر بەین بەین ئێکەک دەیگۆ: هنا نازل نازل(لێرە دابەزین هەیە)، وەختەکی گەیشتە لای خەستەخانەی جمهوری و نێزیک مارێمە، هاوارم کرد: نازل نازل! ڕیمەکە ڕایگرت، هاتمە خوارێ و بەینەکی ڕاوەستام و ڕووم لە ماری خۆمان بوو، ڕیمەکە ڕۆیشت و ئەمنیش بە غاردان لۆلای ماری خۆمان پێم لێنا!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!