قوماش 49
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
نێزیک بوومەوە لە کۆرانێ، مندارو تار ئەمنیان دیت، یەکەم جار باوەڕیان نەکرد ئەمن بم، چونکە زۆر لاواز ببووم، دوایێ کە دیتیان بە خۆمم، بە غاردان لۆلای مارێمە چوون و وەرگەڕانە دەرکەی، داکم دەرکەی کردەوە و ویستی خۆی توڕەکا لە مندارەکان، دەستیان لۆلای من درێژ کرد، داکم ئاوڕی داوە و چاوی بە من کەت، لە زیڕژنی داو هاواری کرد: وەی خوایە، خەوە یان ڕاستیە، بە غاردان لۆلای من هات، وەختەکی جیران هەموو هاتنە دەرێ، ئەمن غارمدا لۆ داکم و لە باوەشم کرد، هەردووکمان یەک بە دەنگی دەگریاین، بابیشم لەگەر ئەو هەرایە هاتە دەرێ و لۆلای مە هات، زەکیە خان وەکی چاوی بەمن کەت دەستی بە هەلهەلە لێدانێ کردو غاریداوە ماری خۆیان، هاتەوە دەرێ و یەک قاپە چوکلێتی بەسە داکردم، دختۆر شێرۆ لەوسەری ڕاهات و باوەشی پێکردم و تێر تێر گریا، قەت ئەو هەلهەلەی زەکیە خان و گریانەکەی شێرۆی لەبیر ناکەم، تووند تووند دەستی داک و بابمم ماچ کرد و چووینە ژۆرێ، جیران هەمووی لێمان خڕبوونەوە و دەستە دەستە بەخێراتنیان دەکردم، بابم گۆتیە شێرۆی: خۆ بگەینە مەیدانێ، گۆلکەکی باش بینە و بە حوسێنە سۆری قەساب برێ بێ سەری ببڕی و بیکەنە خێر! لەبەینی داکم و بابم دانیشتبووم، ئەوان باوەڕیان نەدەکرد بەربووبم و بەین بەین دەستیان بە ڕوومەت و پرچم دادەهینا و شوکری خوایان دەکرد کەوا نەجاتم بووە!
هەتا هێوارێ دەستە دەستە چیران و خزم و کەس وکار سەردانیان دەکردم و ئەحواریان دەپرسم، گۆلکەکە هات و سەریان بڕی و گۆشتەکەیان دابەشی سەر جیرانان کرد، ئەو ڕۆژەی ژنە جیران نەیانهێشت داکم لەجێی خۆی بجولێ، گۆتیان ئەتوو لەجێی خۆت هەرنەستی و ئەمە خزمەتی مارو مێوانان دەکەین، لۆ هێوارێ سێ چار مەنجەرە شیویان هاویشتە سەر ئاگری و هەموو چشتیان تەرتیب کرد، قادر قرپەستوور وەختی هێوارێ هاتەوە، وەکی چاوی بەمن کەت شاگەشکەبوو، هات تووند لە باوەشی کردم و سێ چار ماچی لێکردم و فرمێسک بە هەردوو چاوی داهاتە خوارێ! خەرکەکە ناهەق نەبوو، قورتار بوون لە دائیرەی ئەمن لەو ڕۆژگاری ئاسان نەبوو، تاک و تۆک هەبوو دەربازی دەبوو کە دەربازیش دەبوو، دەبووە نیوە زەلام، هەندیان تەعزیب دەدا، بە هەموو تەمەنی خۆی جارەکیدی ڕاستەڕێ نەدەبۆوە!
یەک دوو ڕۆژ بەسەر ئەو وەزعەی تێپەڕی، ئەوەی دیار نەبوو بازۆ بوو، زۆرم پێ سەیربوو، لۆ نایێ سەرەکم لێدا، ئاخر ئەمن و بازۆ زۆر برادەر بووین و ئێکدیمان زۆر خۆش دەویست، منداری یەک کۆرانی بووین و پێکەوەش خیندنمان تەواوکردبوو، لەسەر نانی بووین، گۆتم: ئەرێ ئەوە لۆ بازۆ دیارنیە، خۆ هیچی لێنەهاتیە؟ بابم گۆتی: ئاسان نیە جارەکیدی بازۆی بینیەوە، چونکە لێرە نەمایە، گۆتم: لۆ کێوەچووە؟ گۆتی: وەڵلا کوڕم لەگەر گرتنی توو، ماری بابی زۆر ترسان ئەویش بگیرێ، لۆیێ هەرکووی هەبوو، هاویشتیانە ناو تڕومبێلەکی و ڕەوانی سەرێیان کرد، ئێستا بازۆ وا چوویتە چیایی و بوویتە پێشمەرگە، لۆیێ تازە ئاسان نیە ئەتوو بیبینیەوە، هەر دوعای لۆبکە سەلامەت بی و خوا بیپارێزی! زۆر خەفەتم خوارد کە بازۆ بەسەبەبی من ئەوهای بەسەرهات و دەربەدەر بوو، لە بنی درمەوە دوعام لۆ کرد، خوای گەورە بیپارێزی و ڕۆژەک دابێ بە دیدەنی شادببمەوە!
با جارێ واز لە بازۆی بینین و بێینەوە سەر ماری قادرە فەندی و هەورینی قلم، دوو سێ جار لەگەر داکم و بابم باسی وانم دەکرد و ئەوان خۆیان دەدزیەوە و مەوزوعیان دەگۆڕی، یەک دوو جار ویستم بەخۆم بچمە لای ماریان و خەبەرەکی وەرگرم، ئەوان نەیاندەهێشت و دەیانگۆ کوڕم مەچووە دەرێ با دیسان نەتگرنەوە، لە مارێ دانیشە هەتا وەزعی توو هێور دەبتەوە، هەنگی هەموو شتت لۆ ڕوون دەکەینەوە! ڕۆژەکی سەبرم نەماو گۆتم: هەونکە تێمنەگەینن هەورین چی بەسەرهاتیە ئێستا جلکم دەگۆڕم و دەچمە ماریان! داکم و بابم فرمێسک بە هەردوو چاویان داهاتە خوارێ و گۆتیان: کوڕم، بە کوردی و بە کورتی، واز لە هەورینی بینە و لە مێشکی خۆتی بینە دەرێ!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!