بە عیشقی تۆ بریندارم، عیلاجی دڵ ئەبێ چی بێ؟
کە تۆ ڕەحمت نەبێ بۆ من، دەوای دەردم ئەبێ چی بێ!
لەپێ کەوتووم ئەمەند هاتم، بە ڕۆژ و شەو بەبەردەمتا
ئەگەر ماچێ نەبەخشی پێم کرێی ڕێگەم ئەبێ چی بێ
لە بازاڕی حەقیقەتدا گەلێ چاو و دڵم گێڕا
کەبۆ یارم بەرم دیاری، لەڕۆح زیاتر ئەبێ چی بێ؟
لەناو باغ و چەمەندا سەیری گوڵزاری بەهارم کرد
بە غەیری ڕووی گوڵی یارم لە گوڵ جوانتر ئەبێ چی بێ!
لەسەر جێگە و لە بەزم و کەیف و مەستی تۆم لەبیر ناچێ
بەساڵی جارێ یادی من لەدڵتا بێ ئەبێ چی بێ!
بەڵێ بۆسە و کەناری جاری جارانم لەبیر ماوە
کە ئێستەش من لەتۆ دوورم، بڵێ چارەم ئەبێ چی بێ!
دەروونم گڕ ئەسێنێ بۆ شەوانی بەزمی وەصڵی کۆن
قبووڵم کەی بە میوانی، شەوێ لای خۆت ئەبێ چی بێ
ئەزانم، سەد شوکر دایم لەسەیرانی لەگەڵ یاران
گوڵێ زیاتر لەگوڵزاری خەڵاتی من، ئەبێ چی بێ!
کە یاری بێ وەفا بی، شەرتی دڵداری نەزانی تۆ
لە گریان و فوغان زیاتر، خوا چارم ئەبێ چی بێ!
لەداخی بەختی ناشادم، نەنوستم شەو خەیاڵم کرد
لەچی عاجز بووە ئاخۆم، خەتاکەی من ئەبێ چی بێ!
کە تۆ هات و دەرت کردم لە قاپی خۆت بەبێ ڕەحمی
لەمەش زیاتر لەدونیادا جەفا و دەردم ئەبێ چی بێ!
لەگەڵ دۆست و ڕەفیقان شەو هەتا نیوەی لەدەورانم
کەڕازی دڵ نەڵێم لای کەس بڵێ کارم ئەبێ چی بێ!
لەگەڵ گوفتی قەدیمی خۆت ئەزانم ئێستە کەم لوگفی
لەبەر تەعنەی ڕەفیقان گەر دڵم خۆش کەی ئەبێ چی بێ!
کە تۆ ڕەحمت نەبێ بۆ بێ کەسێکی وەک منی مەدهۆش
لە ڕۆژی ئاخیرەتدا لای خودا جوابت ئەبێ چی بێ!
#مەدهۆش#[1]