دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە:
بۆ ڕای گشتی
پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەستی بە شاڵاوێکی بەرفراوانی چەواشەکاری کردووە. پەدەکە بۆ شاردنەوەی هەموو تاوانە نەتەوەیی و سیاسیەکانی لە بەرامبەر گەلی کوردستان، دەست بۆ هەموو ئاژاوەگێری و چەواشەکارییەک دەبات.هەر لە تۆمەت هەڵبەستن لە ڕووداوی کوشتنی بەرپرسی خاڵی سنووری سەرزێڕی (کە لە لایەن #هەپەگە#وە بە درۆخرایەوە) بگرە تا هەواڵ و ڕاپۆرتی بێ بنەما سەبارەت بە تەڤگەرەکەمان، هەوڵ دەدات کە بۆ پلانی چەپەڵی داهاتوو زەمینە ئامادە بکات.
ئەم هەواڵەی کوتاییش کە گوایا گروپێکی سەر بە تەڤگەرەکەمانیان دەستگیر کردووە، هیچ بنەمایەکی نییە، بە تەواوی دوورە لە ڕاستیەوە. ئەم هەواڵە چەواشەکارییانە بە هاوکار و هاوئاهەنگی دەزگای سیخوڕی میت دروست کراوە و ئامانجەکەی ئەوەیە کە زەمینە ئامادە بکات بۆ ڕەوایەتی دان بە هێرش بۆ سەر تەڤگەرەکەمان. ڕای گشتی گەلی کوردستان ئەوە باش دەزانێت کە لە کاتی تەنگانەدا و لە کاتی هێرشی #داعش# بۆ سەر هەبوونی گەلی کورد لە باشوور، کێ باشووری پاراست و کێ سەنگەر و گەلی بەجێهێشت و هەڵات. ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کوردستان پاراستنی هەبوون، ئازادی، ئارامی و ئاسایشی گەلی کوردستان لە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران و بەکرێگیراوانیدا بە ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی خۆمان دەزانین. سەدان هەڤاڵی گەریلا بۆ پاراستنی گەلی باشوور لە شەنگالەوە بگرە تا #هەولێر#، گیانی خۆیان فیدا کرد و فەرماندەی وەکو زەکی شەنگالی و عەگید جڤیان و تێکۆشەر گەڤەر لەم ڕێگایەدا شەهید بوون.
گەریلا لە مسۆگەرکردنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵی پێشەنگی گێڕاوە و هیچ کات بە دەستی خۆی ئەم ئەمن و ئاسایشە ناخاتە بەر مەترسییەوە کە بە سەدان شەهید لە پێناویدا گیانیان بەخت کردووە. لێرەدا پێویستە ئەوە بزانرێت ئەو هێزانەی کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان و دەوڵەتی تورکیان. لە ئەنجامی پلانی هاوبەشی داگیرکاری ئەم دوو هێزەدایە کە ڕۆژانە دەنگی تەقینەوەی بۆمب و تۆپ و ڕۆکەتی تورکیا لە چیا و دۆڵەکانی کوردستان کەم نابێتەوە. هەروەها، هاوشێوەی دەسەڵاتی ئەردۆغان، پارتی دیمۆکراتی کوردستان شاڵاوی گرتن، ڕفاندن، زیندانیکردن، تۆقاندن و فشاری هەمەلایەنی لە دژی ڕۆژنامەنووسان، مامۆستایان، چالاکوان و کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆن بەڕێوەدەبات و ئەمن و ئاسایشی هاوڵاتیان تێک دەدات.
لێرەدا بانگ لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ڕای گشتی گەلی کوردستان دەکەین کە بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم شاڵاوە گێرەشێوێنییەی شەڕی تایبەتی پەدەکە و میتی تورکیادا بکە و بە هەڵوێستی بونیادنەر و نشتیمانپەروەرانە ئەم پلانگێرییە نوێیە لەسەر گەلەکەمان پووچەڵ بکەنەوە.
کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە
26ی تشرینی یەکەمی 2020[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!