سوورەتی یاسین کە وەسفی حەزرەتی لەولا دەکا
ئەهلی دڵ مایل بە جیلوەی سوورەتی تاها دەکا
خاکی بەر دەرگاهی قەسری گەر بەسەردا کا، گەدا
هەر نەفەس نەفرەت لە تاجی قەیسەر و دارا دەکا
ئاسمان وەک مشتەری، هەر دەم بە میزانی وەفا
کەسبی هەر شامێ بە یادی دەوڵەتی ئەسرا دەکا
گەر تەسەوور کا مەسیحی تەختی عەرشی ئەعزەمی
تا ئەبەد تەرکی بەیانی ڕەفعەتی عیسا دەکا
نووری عیشقی تۆ لەسەر تووری دڵی مووسا مەگەر
دای لە سەر سینەی بە شەوقی دڵ یەدی بەیزا دەکا
بۆ خەلیلان گەر نەسیمی گوڵشەنی لوتفت ببێ
ناری نەمروودی بە سەحنەی جَنَّت والماوا دەکا
تاقی کیسرا بۆ بە بەرقی نووری حوسنی شەق نەبێ!
سەیلی حوکمی ناری فارس زایل و ڕیسوا دەکا
ئەی حەبیبی خالیقی عالەم، لە ئادەم تا بە تۆ
ئەنبیا یەک یەک بەیانی حەزرەتی والا دەکا
نێرگسی مەستی سیاهت، عەینی مازاغ البصر
شەمعی بێ سایەی وجودت شەرحی کرّمنا دەکا
ئادەمی خاکی بەسەر زومرەی مەلەکدا بێ گومان
تۆی سەبەب نازش بە ڕوتبەی علم الأسما دەکا
کاشفی واللیلی توڕرەی پەرچەمی شەبڕەنگی تۆ
ئافتابی تەلعەتت تەفسیری والضحی دەکا
ئایەتی میعراجی پایەی قابەقەوسەینت عەجەب
وەسفی ئیعزازت لە تەختی نازی أو أدنی دەکا
عەکسی ئەلفی قامەتی ئەبرۆتە گەر نون و القلم
سیدقی مەوزونی کەلامت کەشفی ما أوحی دەکا
با وجوودی پڕتەوی میهری جەماڵی ئەنوەرت
کێ خەیاڵی زیبی قەسر و سایەیی طوبی دەکا؟
سەلسەبیلی لوتفی تۆ بێشک لە عەرسەی مەحشەرا
توشنەلەب، قانع، لە بادەی جامی أعطینا دەکا
چی لە دەوڵەت کا، ئەسیری بەندی عیشقی ئەحمەدی
عیشقی مەحموودی بە عاشق کەسبی ئیستیغنا دەکا
ناریا وەسفی جەلالی حەزرەتی خیرالبشر
کەی بەسەد دەفتەر هەتا مەحشەر بەشەر ئینشا دەکا
#ناری#[1]