دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆنی ژنانی کەنەکە:
ژنانی کورد: نە خێر بۆ شەڕی وەکالەت
ئەمە چەند ڕۆژێکە کۆمسیونی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و ژنانی ئەندامی کنک لە ڕەوشێکی نائاسایی دان، بە هۆی ناردنی هێزی تایبەت بە تانک و تۆپ وچەکی قورسەوە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ناوچەی گارە و مەتینا، بۆ ئه و جێیانە کە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ماوەی 40 ساڵە تیادا دەمیننەوە. به و هەوڵانە دیارە کە ئامادەکاری بۆ شەڕەکی قورس و بەرفراوان دەکرێت.
لە لێدوانەکانی دەوڵەتی تورکیا و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئاشکرایە کە بەنزین بە سەر ئاگردا دەکەن و دەیانەوێت شەڕێک بەرپابکەن. کوردان بخەنە بەرامبەری یەکتر. چونکە دیارە هێزی داگیرکەر ماوەی سەد ساڵە بە سیاسەتی (پەرتکە و زاڵ بە) کوردیان لاواز کردوە. ئەمڕو لە دوای ئەوەی گەلی کورد لە باشوور قەوارەیەکی فیدراڵیی بە دەست هێناوە و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش سیستەمی خۆبەرێوەبەری دامەزراندوه، دەوڵەتە داگیرکەرەکان کەوتونەتە مەترسییەوە کە کۆنتڕۆڵی خۆیان بۆ سەر کوردان لە دەست بدەن. هەر وەها دەبینن کە تێکۆشانی ئازادی بە پێشەنگایەتی ژنان، کاردانەوەی ئەرێنی بۆ سەر کۆمەڵگا لێکەوتۆتەوەوو ئێدی کۆمەڵگای کوردی بە ژنان و پیاوانیەوە بەرەو ئازادیی و نوێبوونەوە و ڕوشەنبیریی هەنگاو دەنێت.
ژنانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە شەنگاڵ لە سەردەمی شەڕی داعشدا سەری کوردیان لە سەر ئاستی جیهان بڵند کرد. ئەمڕۆ دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) بە هەموو زمانەکان لە جیهان دەگوترێتەوە.
ئەردۆغان لە دژی هەموو دەسکەوتەکانی گەلی کورد شەڕ دەکات. دژایەتی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و دژایەتی ژنانی کورد دەکات.
لە کاتێکدا کە ژنانی گەریلا بە ڕوحی فیدایی لە دژی چەتەکانی داعش پشەنگایەتییان بۆ ڕزگارکردنی کوردستان و ناوچەکانی ڕۆهەڵاتی ناوین کرد، به و قارەمانیەتییەوە گۆرزی کوشندەیان لە فەلسەفەی باڵادەستی سەلەفی پانئیسلامستی تورک، لە کەسایەتی داعش و هێزە جیهادییەکانیان دا، ئێستا ئەردۆغان ئەیەوێت تۆڵەی خۆی لە ژنانی کورد بکاتەوە. لە بەر ئەوە کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا لە هەر فرسەتێکدا دەست و زماندرێژی بۆ سەر ژنانی کورد دەکات و دەیانخاتە زندانەوە.
لە بەر ئەوە ئێمە هەموو ئه و زماندرێژیانە لەم ڕۆژانە کە لە لایەن کاربەدەستانی پارتی دیموکراتەوە بۆ سەر سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و ژنانی کورد کراوه، بە توندی ڕیسواو شەرمەزار دەکەین. کۆنگرەی نەتەوەیی کۆردستان وەکو هێزێکی نەتەوەیی خاوەن سیستەمی هاوسەروکایەتییە و سەرجەم ئەندامانی کەنەکە بە پارت و کەسایەتییەوە شانازی به و سیستەمەوە دەکەن.
ئیدی سیاسەتی کوێلایەتی بۆ سەر ژنان و گەلی کورد بەڕێوە ناچێت. به و هۆیەوە ئەیانەوێت دەسکەوتەکانی ئێمە بە شەڕێکی قورس کە لە ئێستادا لە دەوروبەری ناوچەکانی گارە و مەتینان ئامادەکاری بۆی ئەکرێت، لە بار ببەن. دیسان ئێمەی کورد و ژنان بگەڕێننەوە بۆ کاتی کوێلایەتی پێشوو.
ئێمەی ژنانی کورد واتە دەدەینە سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەر چونکە داگیرکەرە بەڵام واتە نادەینە هێزێکی کوردی بە بیانوی داگیر کاری بێبێتە ئاموری شەڕی وەکالەت.
هەموو جیهان ئەزانێت کە دەوڵەتی تورکیا لە سایەی ڕژێمی ئەردوگان دوژمنی گەلی کورد و ژنانە. لە ڕۆژی ئەمڕوماندا بووە بە بەڵا بۆ سەر گەلانی ئەوروپاش. هەروەها گەلی ئەرمەنی و عەرەبیش. بەڵام ئەگەر لایەنێکی کوردی خۆی بە دۆستی ئەم دەوڵەتە پێشان بدات ئه و کات ڕووی ڕەش و کوژەری ئەم دەوڵەتە ئەشارێتەوە. دەوڵەتی تورکیا دۆستی ئێمە نییە بەڵکو دوژمن و داگیرکەرە و نەژادپەرستە. لە بەر ئەوە لە دژی ئەم داگیرکەرە و بۆ دوا ڕۆژی ئازاد پێویستیمان بە تێکۆشانی نەتەوەیی ژنان و کوردان هەیە.
ئەگەر دەوڵەتی تورکیا سەرکەوێت و لە ناوچەکانی گارە و مەتینا شەڕێک ڕو بدات ئەوکات ئەتوانێت بە 40 بارەگای لەشکەری خۆیەوە لە باشووری کوردستان لە چەند ڕۆژێکدا کۆمەڵکوژی لە دژی ئێمەی کورد ئەنجام بدات و ستاتۆی فیدراڵی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ناو ببات. ئەبێ ئێمە لە بیرمان نەچێت کە ئەردۆغان و کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام ئەوە دوبارە دەکەنەوە و دەڵێن کە هەبوونی ستاتۆی هەرێمی کوردستان برینێکی قۆڵە لە دڵی دەوڵەتی تورکیادا.
لە بەر ئەوەی کە کوردستان بە خوێنی شەهیدانی ژن و پیاو گەیشتوە بەم ئاستە و ئەمڕو ژنانی تیادا بوونەتە خاوەن ناسنامەی شکۆدار، ئێمە بانگ لە ژنانی کورد دەکەین نەهێڵن شەڕ بێتە ئاراوە وبەرژەوەندی دەوڵەتی داگیرکەر بە ئەنجام بگات. هەروەها ئێمە بانگ لە خوشکانی خۆمان دەکەین با ڕێگە نەدەنە هیچ هێزێک زمان درێژی و ڕەشکردن بۆ سەر دەسکەوتەکانمان بکات، جا ئه و هێزە چ هێزی داگیرکەر بێ یان هێزی کوردی بێ.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!