لە گای گەڵناغاج و سەگی ساتوقەڵا و ژنی قەرەناو بترسه
سێ گوند له و ئیدیۆمەدا ناویان هاتووە(گەڵناغاج)ی شارەدێی ئاغجەلەری چەمچەماڵ و(ساتوقەڵا)ی شارەدێی تەقتەقی کۆیە و(قەرەناو)ی شارەدێی شوانی کەرکووک، ساتوقەڵا لە ئیدیۆمیتریش ناوی هاتووە(مەیکەنە دیوەخانەکەی ساتوقەڵا) و گەڵناغاجیش ناوی لە ئیدیۆمی تردا هاتووە(گەڵناغاج خۆش گەڵناغاج، دوازدە ئاغا و یەک کرمانج).
گەڵناغاج گوندێکی بە بژێون و لەوەڕگایە و گایەکانیان خورت و تێرن و قەڵه و و بوغە دەردەچن و قەساب و چەرچیەکان پێیان بەرزەفت ناکرێت و خەڵکی گوندی ساتوقەڵاش دەستاویان ئەگەر سەگ بیخوات، سەگەکە زۆر دڕ دەبێت و بارانگژی پیاوان دەبێت، ژنانی قەرەناویش زۆر ئازان و شان بەشانی پیاوان کاردەکەن و قسەلەجێ و حازر بەدەست و وەڵام بەجێن، هەموو ئەمانە وایکردووە لە شێخ بزێنی سەروودا بوترێت: لە گای گەڵناغاج و سەگی ساتوقەڵا و ژنی قەرەناو بترسە.[1]