نیوە ژیان مەژی
جوبران خەلیل جوبران
وەرگێڕانی: ڕۆزا حەمە ساڵح
هاونشینی ئەوانە مەبە کە نیوە عاشقن،
باوەڕ بەوانە مەکە کە نیوە هاوڕێن،
خوێنەری ئەوانە مەبە کە نیوە داهێنەرن،
نیوە ژیان مەژی،
نیوە مردن مەمرە،
نیوە چارەسەر هەڵمەبژێرە،
لە ناوەڕاستی ڕاستییەکاندا مەوەستە
نیوە خەون مەبینە،
خۆت بە نیوە هیوادا هەڵمەواسە،
ئەگەر بێدەنگ بوویت.. هەتا وەکو کۆتایی بێدەنگبە،
کە قسەشت کرد.. تا کۆتایی قسە بکە،
بێدەنگ مەبە بۆ ئەوەی قسەبکەیت و قسە مەکە بۆ ئەوەی بێدەنگ بیت، گەر ڕازی بوویت.. هەمووی دەرببڕە نەک نیوەی،
گەر ڕازیش نەبویت.. ناڕازیبونەکەت بە تەواوی دەرببڕە،
چونکە نیوە ڕازینە بوون.. ڕازیبوونە،
نیوەبوون ژیانێکە کە تێیدا نەژیاویت.. وشەیەکە نەتوتووە و زەردەخەندەیەکە دواتخستووە و خۆشەویستییەکە پێی نەگەیشتویت، هاوڕێیەکە کە نەتناسیووە.
نیوەبوون نامۆت دەکات لەنزیکترین کەست و ئەو، کەسەت لێدەکات بە بێگانە،
نیوەبوون ئەوەیە کە دەگەیت و کە ناگەیت، ئیش دەکەیت و ئیش ناکەیت، ئامادە دەبیت و ئامادە نابیت،
نیوەبوون تۆیت، کاتێک کە تۆ نیت، لەبەر ئەوەی نازانیت کە کێت،
نیوەبوون ئەوەیە کە نازانیت تۆ کێت.. ئەوەشی خۆشت دەوێت نیوەکەی ترت نیە، ئەوە تۆیت لە هەمان کاتدا لە شوێنێکی تریت،
نیو پەرداخ ئاو تینوێتیت ناشکێنێت و نیو ژەمیش تێرت ناکات،
نیوە ڕێگا ناتگەیەنێتە هیچ شوێنێک و نیوە بیرۆکە هیچ ئەنجامێکت ناداتێ،
نیوە بوون ساتی بێتواناییتە و تۆش بێتوانا نیت،
چونکە تۆ نیوە مرۆڤ نیت، تۆ مرۆڤیت،
دروست بویت بۆ ئەوەی بژیت، نەک بۆ ئەوەی نیوە ژیان بژیت،
ڕاستی مرۆڤ لەوەدانییە کە پێشانت دەدات.. بەڵکو لە وەدایە کە ناتوانێت پیشانت بدات،
بۆیە ئەگەر ویستت کە بیناسیت گوێ مەگرە بۆ ئەوەی کە دەیڵێت بەڵکو بۆ ئەوەی کە نایڵێت.[1]