هەولێریات
عەلائەدین و فانۆسی سیحری
نوسینی: شێرزاد شێخانی
لەو ڕۆژانە بەسەر قەراتێ کەتم و سەردانی دوکانی ئەنتیکەخانەکەی کاک خالیسی برادەرم کرد، لەناو دوکانەکەی لەدوو فانۆسە کۆنەکانی زەمانی دەقنانووسی دەگەڕام، سێ چارەکم کەتە بەرچاوی، دەستم لۆ یەکیان برد لەو نەوعەی بوو کە بە تێل داپۆشرایە، ئەوەی کە پێمەکەی هەردەدەیەوە شووشەکەی برند دەبی، بەس هەموو جارەکی دەبی شەش کەلە شقاتەی لێدەی حەتاکو فتیلەکەی دەبینیەوە!.
بەهەر حاڵ فانوسەکەم هەرگرت و چوومە پەنایەکی، هەندەک دەستم لێخشاند وگۆتم (ششمیش پشمیش شوشین شاشون شونەشون وەرە دەرێ). دەمەک چاوەڕێم کرد هیچ عفریتەکەم نەدیت!
ئەوم دانا، ئەو جارە فانوسەکی مل درێژەکانم هەرگرت ئەوەی نەینۆکی پێوەیە، چوومە پەنایەکی دی و دەستم لێخشاند و گۆتم (خرخیت پرخیت خڕوخەپانی خەپۆ دەوەرە دەرێ خۆ ناتخۆم). دەمەک ڕاوەستام هیچ دووکەڵ و موکەڵ نەبوو عفریتیش نەهاتە دەرێ!
ئەوجارە فانۆسەکی ئێرانی مۆدیلی نۆهەتەکانم هەرگرت و چوومە پەنایەکی و ئەوجارە دەستم بەتووندی لێخشاند و گۆتم (عولعول عەلەعەلە عەولە عوعول عفریت وەرە دەرێ) دیسان چاوەڕیم کرد هیچ عفریتەک بەدەر نەکەت، گۆتم بەخوای لەوانەیە ئەو عفریتەش لەگەر خەرکی تەعجیلی گواسترابیتەوە، با بزانم لەگەڕەکی عارەبان نایبینمەوە، ئاوڕم دایەوە لەپەنایەکی چرا ڕەشکەکی ژەنگاوی کەتبوو، هەرمگرت و دەستم لێخشاند و گۆتم (عفریتی گەڕەکی عارەبان وەرە دەرێ خۆ درم شەقی برد). دیسان مامە عفریت دەنگی نەبوو، دیار بوو ئەویشیان لەگەڕەکی عارەبانەوە نەقلی گەڕەکی مامزاوەیان کردیە، ئەخیری بەدەست بەتاری بە پەلەپەل گەڕامەوە خوارێ چونکی گۆتیان لەدوای سەعات شەشی ئێوارە بە ئەمری دائیرەی گەشتوگوزار دەرکەی چوونە ناو قەراتێ دادەخەن، ئەمنیش ترسام نەبادا شەو لەوێ عاسی بم لەو چۆلەوانییەی قەراتێ جەیشی هۆلاکۆشم بێتە سەری.
ئەوجا دەزانن ئەمن چ ئیشەکەم بە عفریتەکەی ناو فانۆسەکەی بوو؟
لۆ مەعلەمات ئەمن نە داوای پاشەکەفتی معاشەکانم دەکرد، نە داواشم دەکرد ببمە ملیۆنێر و دوو مەلها و سێ سەنتەری مەساج لەعەنکاوەی بکەمەوە، کورت و موختەسەر بەس یەک داوام لەعفریتی هەبوو، ئەویش پێمدەگۆت (مامە عفریت لەدەوری گونت گەڕێم، ئەمن هیچ شتەکم لەتوو ناوێ، بەس بمگەینە لای تۆماس ئەدیسۆنی یەک پرسیاری لێبکەم، بزانم ئەو کارەبایەی دروستی کردیە لۆ کاتی ڕۆژە یان لۆ شەوانە؟)
چونکی لە هەولێری پایتەخەتی کوردستانەکەمان کارەبای نیشتمانی لە ڕۆژدا چراخانە و لەشەویشدا زوڵمبات وتاریکستانی ئەدغالەکانی ئەفریقیایە!
⚠️ تێبینی: حەتا ئەو کارەبای شەوانە نەکەنە بەردەوام، هەر جارە و پەلارەکیات تێدەگرم، خینی خۆیان لەملی خۆیان.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!