نووسین: #ئەحمەد بازگر#
$ئێوارەیەک لە مێژووم دا$
لەو وەختەوە،
ئێمە ببووینە میوانی
ئەو دۆڵە چۆڵ و حەستەمە !
لەو وەختەوە،
لە گە ڵ بارگەی پێشمەرگە دا
ژیان ڕووی کردبووە ئەو دۆڵە !
لەو وەختەوە،
لقی شۆڕی دارەکانی قەراغ ڕووبار
ببوونە سێبەری سەکۆی،
تازە سازکراوی پێشمەرگە !
لە و وەختەوە،
دوندی لووتکە خۆی مەڵاس دا بۆ چوارچمکی،
دۆشکەی فێرە قاقای ئەوین!
لەو وەختەوە،
بناری شاخ،
هەواری نوێی لێهەڵدرابوو،
ئەشکەوتەکان،
گیانیان لە دەروون گەڕابوو!
پەلەوەرگە ڕابوونە وە
بۆ هێلانە ی
تێک سڕماو و هەڵوەشاوی یادگاری کۆن!
شنەی سروە و بسکی دارکەوت،
مژدەیان دەدا بەیەک و
گوڵ و گەڵا
بەکۆمەڵ دەکەوتنە سەما!
لەو وەختەوە،
ڕووبار تێگەی
لە ئاقاری باوی هەنگاوی ئێمە دا
شل و کولە و
قەوزی سەوزی فڕێدە دا!
چیای سەرکەشی ئەوبەریش
بە زریان دا
ڕای سپاردەکێوی قەندیل،
بە بەفراوی لووتکەی بڵێ،
ئە م بەهارە
لە م دۆڵەوە بڕژێتە خوار!
تا بزانێ
لەو کاتەوە قەندیل هەیە
ڕەوەز بە ڕەوەزی شاخی،
ڕەفەز بە ڕەفەزی دۆڵی
مەتەرێز بووە بۆ پێشمەرگە و
تا ئەم ڕادە نەیبینیوە
وەک ڕێبوارانی ئەم ساڵی،
ڕووخساری نوێ،
ئاکاری نوێ،
تفەنگی نوێ و
ئامانجی بەرز لە جەنگی نوێ!
بەڵێ دروست لەو وەختەوە
دەنگی ژیان
ڕەنگی ئەم مەڵبەندەی گۆڕی!
هە ڕ بەتەنیا
جاڵجاڵووکە باوی نەما و
هەرچی داوی تەنراوی بوو
نەما ئاسەواری تاری!
ئێوارەیەک،
لە پڕ ئاسمان ڕەش هەڵگەڕا!
هە وری چڵکن
گە واڵ، گە واڵ
پاڵیان ڕێک داو
شۆڕابە یان داهێشتەسەر
هەموو ترۆپکی شاخەکان!
خۆر لەسەر کەل
بەپەلە پەل
گشت گزنگی خۆی هەڵوێزنێ و
شۆڕ بۆوە ئەو دیوی چیا!
شەو وەک شەوە
پەلی کێشایە ئەو دۆڵە !
هەر هێندەی چاوترووکانێک
بیست و سێ شاخ،
دایان بەچۆکی خۆیان دا!
بیست و سێ کانی وشک بوو،
لە پڕمەی گریانیان دا!
بیست و سێ شوێن لە عەرزی ڕەق
لە هەیبەتی
بیست و سێ تەرمی تازە دا
قرچە قرچیان کەوتە لەشی!
سۆزی گەرمی بیست و سێ شیعر
شیعری هێشتا لە دایک نەبوو،
دڕیان بە سینگی ئاسمان دا!
وردە شەپۆلی سەر ڕووبار
گشتیان ئارامیان لێبڕا و
شێت و سەرکە ش،
بەردە لووساوکیان دەسمی!
ئاوهەڵدێر چوو هەتا بن گۆم،
هەواڵی گەیاندە ماسی
بۆیە ئەویش،
پشت لە چەم و ڕوو لە ئاسمان،
پڕبە ڕوبار فرمێسکی ڕشت!
دارەکانی قەراغ ڕووبار
کە چاویان کەوت
بە بیست و سێ نسێی خەوتوو
چنگیان خستە ناو سەریان و
هەموو پرچیان ڕنینەوە !
پەڵە بە پەڵە ی کووزەڵەش
کە هەستیان کرد،
ئیتر ناچنە ناو بابۆڵەی
ئێوارانەی، ئاشنایانی
بەهارەکەی ئەمساڵەوە،
بەپۆل ڕەگیان لەیەک ئاڵا و
گیانیان بەخشی!
گوڵە جاڕی ئەو بنارە
کە گوێ بیست بوون
ئیتر نابن بە میوانی
نێو لێوانی
سەر مێزی کار،
دڕوویان دا لە ڕوومەت و
سەریان ناوە !
سەوزەڵانی، وایدەزانی
ئیتر چی تر
بسکی ئاڵۆز و پەشێوی
ڕستە فیشەک شانەی ناکا
زەردهەڵگەڕا و پشووبڕ بوو!
بەڵام هەیهات!
لە ناو هاژەی زریان و ڕەشەبای
ئەو ئێوارە ماتەمە دا
لە توێی دوو لێوی ساردبۆوەی
نەک دایکە پێشمەرگە،
پێشمەرگەی دایک،
فێنکایی پشووی هەناسە
ئوخژنی دەخستە گیانم!
لەگەڵ چک چکی سەعاتی
دەوری بیست و سێ مەچەکی سڕ
ئەو مەچەکە ئازیزانەی
لەمەو بە دوا قامکەکانیان
قەڵەمی شووش،
پیتکەی تفەنگ،
ڕانامووسن،
بە گوێی دڵم دەنگم دەبیست!
دەنگێکی وا
کە زەنگوڵەی بلاوێنێ
هەڵی دەکردە بای شەماڵ
هەرچی تەم بوو،
هەرچی مژ بوو، هەرچی خەم بوو
بەرە و هەڵدێری لەناو چوون تلی دەدا!
دەنگێکی وا
کە سۆزی دنیا تاوێنی
دەبوو بەگڕ
هەر شیتاڵەی
هەورە بۆرەکەی ئاسمانی
بەرەو پەسێوێ ڕاودە نا و
تیشکی خۆری یەخسیر دەکرد!
بە گوێی دڵم دەنگم دەبیست!
دڵی من لەو دڵانەیە،
نەک بە تەنیا دەنگی دوێنێ و دەنگی ئێستا،
دە نگی سبەیش ئەمڕۆ دەبیەم!
دەنگەکە ی ئەو ئێوارەی ش
دەنگی دواڕۆژی ڕەوتم بوو:
لە دەروونما هەموو جیهان ببوە نەغمە
ئەو جیهانەی
داری قەراغ هیچ ڕووبارێ
لە هەیبەتی
تەرمی ڕێبواری ژێر نسێی سەری ناڕنێ!
پەلکی وەریوی هیچ گوڵی،
لە خوێنی خۆیا ناگەوزێ!
سەوزەڵانی هیچ بنارێ
لە پێخوستی پۆل پۆلی دڵداران نامۆ نییە !
ئەو جیهانەی
فرمێسک باوی نەماوە و
بست بە بستی تریقەی قاقا و پێکەنینە !
ئەو ئێوارە بە گوێی دڵم دەنگم دەبیست!
لەقەفەسەی هەزاران کتێبخانەوە
لە ناو دێڕی هەزاران کتێب
کتێبی ئەستوور کە نەسرەوتن
لە ناویاندا شەپۆل دەدا!
لە دەربیجەی
سەدان چیرۆکی عەشقە وە
لە هەزاران
گەرووی بە مەڵحەمی خۆشەویستی ساڕێژ بۆوە،
دەنگی عەشقێکی زۆر پیرۆز
لە دڵما دەلەرایەوە :
(لە سەردەمێک
داسی مەرگ
گەڕەک، گەڕەک گەوزی دەگرت لەسەر و ملی نیوەگیان
زۆر گەردنی بەرز هەبوون
داسی مەرگیان پێڕانە گا!
لە سەردەمێک،
ئامێزی دایک دە وو بە گۆڕیچەی ساوا
ئامێزی زۆر دایک هەبوو
لە حەنایان
دێوەزمەی مەرگ زراوی دەچوو!
لە سەردەمێک،
ڕەشەبای نەهاتی و ستەم
سەری هەموو دارستانی
بەودیو دا شۆڕ دەکردەوە،
زۆر نەمامی قایم هەبوون
پەلیان دەکرد بەناو چاویا و
ڕەشەبایان لەگۆ دەخست!
لە سەردەمێک،
کۆشکی ئازار،
خشت بە خشتی بە ژان و ئارەق دەچوە سەر،
زۆر مەچەکی خڕ و پڕبوون
لە بێخەوە بنکۆڵی بکەن!)
سا ئەی دەنگە دڵگرەکە
لە دەروونما بزرینگێوە !
تۆ لایلایەی شەوانی کڕێوەی زستانی
مناڵ بوونم
لەسەر ئامێزی دایکم نی
چاوی خەواڵوم لێکبنێی!
مۆسیقایەکی ئارام نی
بە بیستنت ئۆقرە بگرم!
تۆ دڵبەرمی
منیش دڵدارێکی شەیدات!
هەتا زیاتر بێیە بەرگوێم
ئارامم زیاتر لێدەبڕێ!
تا زولاڵتر تۆ دەبیسم
زیاتر خەو لە چاوم دەزڕێ!
سا ئەی دەنگە دڵگرەکە !
با ڕێگا هەوراز و کووڕ بێ،
با شەو سڕ بێ، دنیا کڕبێ!
ئەو جیهانەی تۆی لێوە دێی
دڵبەری ه موو ساتێکمە !
کوانێ باڵای بیگرمە کۆڵ؟
کوا ئامێزی بمگرێتە خۆ؟
گوڵانی 1367 یان بە هاری 1988 #سلێمانی#
لە یادی هاوڕێیانی شە هیدی ئێوارە ی 5ی گوڵانی بۆمبارانی کیمیایی دۆڵی #بۆتێ# بەدەست حکومەتی بەعس.
[1]