نازناو: شینە بۆڵی
ژیاننامە
لە ساڵی 1932 لەناوچەی #بیتوێن# لەبنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕی هۆزی ئاکۆ لەدایک بووە. هەر لەمنداڵیەوە فێری سەختیەکانی ژیان بووە لەگەڵ شاخ و کوێستانەکان، لەگەڵ پێگەیشتنی سەردەمی گەنجایەتیدا توند و تۆڵ و چالاکی پێوە دیار بووە، کەسێکی ئارام و خۆشەویست بووە، سەرەتای ژیانی چەکداری لەوەوە دەست پێدەکات کە هەستی بەرگری و قبوڵ نەکردنی غەدر و ستەمی تێدا بووە، چەند سەربازێکی ئێرانی لە کوێستانی حاجی ئۆمەران بەسەر مەڕوو ماڵاتیان دادەدەن هەرچی ئاژەڵیان هەیە دەیبەن، شەهید بەخۆیی و چەند کەسێک بەرگری لە ماڵەکەیان دەکەن و دوو سەربازی ئێرانی بریندار دەکەن و مەڕەکان دەگێڕنەوە لە دوای ئەم ڕوداوە بەڕێز عەباس مامەند ئاغا سەرۆک هۆزی ئاکۆ سەرسام دەبێت پێی و زۆر خۆشی دەوێت و پشتگیری لێدەکات وەلەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول دەبێت بەپێشمەرگە و کەسێکی خۆڕاگر و بەردەوام و پشوو درێژ بووە.
شەهید شینەی بۆڵی کەسایەتیەکی نەرم و نیان و شەڕزان و شارەزایی هونەری سەربازی بووە بە هەموو قۆناغەکانی پێشمەرگایەتیدا ڕۆیشتووە هەروەها خاوەنی داب و نەریتە بەرزەکانی کوردەواری بووە. سەرەتا لەبەر باری ژیانی خوێندەواری نەبووە بەڵام دواتر بەهەوڵی خۆی توانیویەتی خۆی فێری خوێندەواری بکات، هەمیشە بەرژەوەندی گشتی خستۆتە پێش بەرژەوەندی خۆی لە ماوەی نێوان ساڵانی 1961 - 1975 بەژداری هەموو ئەو داستان و نەبەردیانە کردوە کە لە ناوچەکەدا ڕویانداوە خۆی کەسی دیاری بەرگری بووە لەو ماوەیەدا چەندین داستانی نەبەردی تۆمارکردوە وەک داستانەکانی: #ماکۆ#ک، لوتکەی خانزاد، ماکۆکی دووەم، کلکەی نەمرود، هیزۆپ، قەرەداخ، شیشار، هەندرێن، کە خۆی یەکێک لە دیاریترین کەسی ئەو داستانانە بووە خۆی تۆماری کردون.
دواپلەی لە شۆڕشی ئەیلولدا فەرماندەی بەتالیۆن بووە وە بڕیاری فەرماندەی هێزی بێتواتەی بۆ دەردەچێت وە پەیوەندیەکی زۆر باشی لەگەڵ نەمر مەلا #مستەفا بارزانی# و تەواوی لێپرسروانی شۆڕشی ئەیلولدا هەبووە، خەنجەرێک کە ڕەمزی ئازایەتی و قارەمانێتی ئەم سەردەمەیە لەلایەن نەمر مەلا مستەفا پێشکەش بە شەهید دەکرێت لەدوای سەرکەوتنی داستانی ماکۆک لەگەڵ تێکچونی شۆڕش ئاوارەی ئێران دەبێت و دەبێت بەپەنا هەندە لە شارەکانی: #شنۆ#، مەراغە بابک، ئەزنە، تا مانگی 10 ساڵی 1975 هەر لەم ساڵەدا وەک عائیدون مەنفی باشوری عێراق دەکرێتەوە لە شاری دیوانیە لە شارەدێی سنیە گیرسایەوە ماوەی ساڵ و نیوێک لەوێ دەمێنێتەوە ئەوکات ڕژێم چەند جار لەدووی ناردوە ویستویانە مل بۆ داواکارەکانیان بدات لە جاری یەکەمدا 99 پرسیاری لێدەکەن ئەویش بوێرانە و ڕاستگۆییانە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە کە چەندین داستانی تۆمار کردوون لەمانگی 3 ساڵی 1977 گەڕایەوە زێدی خۆی لەسەروچاوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شۆڕش پەیوەندی پێوەکرا و کە گەڕاوەتەوە نیشتیمان جارێکیتر چوەتەوە شاخ و لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی سۆشیالست درێژەی بە خەبات داوە لە دوای پەلاماری هەرتەل لە داستانە مێژووییەکەی سماقوڵی لە ساڵی 24-12-1979 لە دوای شەڕێکی بێ وێنەدا دوای سەرکەوتنی خۆیی و دۆڕانی ڕژێم لە ئێوارەی ئەو ڕۆژەدا شەهید کرا. هاوسەنگەرەکانی توانیان ئەو شەوە تەرمەکەی ببەن بۆ شوێنێکی ئارام لە گردگۆران و پاشان لە ڕۆژی 25-12-1979 لەئاپۆرای خەڵکێکی زۆری ناوچەکە توانرا تەرمی پیرۆزی لە زێدی خۆی لە سەروچاوەی بۆڵیان بنێژرێ. هەرچەندە ڕژێم ویستی بەرگری بکات و تەرمەکەی ببات بەڵام لەبەر زۆری خەڵکەکە نەتوانرا بیبات. لێرەدا شایەنی باسە کە کاک مامەند ئاغا کوڕی عەباس ئاغا هەوڵی زۆری بەناشتنی تەرمەکەیدا لە سەروچاوە.[1]