ناونیشان: ڕاماڵینی کارستی
ئامەدەکار: #فازڵ عەباس ئیبراهیم#
کارست بەو ناوچانە دەوترێت کە بەردی جیری و بەردی دۆڵۆمایتی تێدایە، کە ڕووبەڕووی شیبوونەوە و توانەوەی کیمیایی دەبنەوە بەکاریگەری ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی، ناوی کارستیش لەبانی کارستەوە هاتووە لە یۆگۆسلاڤیا.
$ناوچە گەورەکانی کارست$
1- کیشوەری ئەوروپا: ئەم دیاردەیە لەبانی یۆگۆسلاڤیا و هەریەکە لەیۆنان و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و دەشتی ئەندەلوس لە ئیسپانیا و بانی کاوسی لەفەڕەنسا بڵاوبۆتەوە، لەگەڵ هەندێک ناوچەی بەڕیتانیا، وە ئەم ناوچانەش لە ئەوروپا پێیان دەوترێت حەوزی کارباسیان.
2- کیشوەری ئاسیا: لەناوچەکانی چیای ئۆراڵ و حەوزی ڤیلایۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بانی شان لەباشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بڵاوبۆتەوە.
3- ئەفریقیا: کیشوەری ئەفریقیا بەبارستەیەکی بەردی زۆر ڕەق دەناسرێت، ناوچەکانی کارست دەکەوێتە ناوچە دوورەدەستەکانی کیشوەرەکە وەکو چیاکانی ئەتڵەس لە مەغریب و جەزائیر، لەگەڵ ناوچەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەرەکە.
4- کیشوەری ئوسترالیا: لەناوچەکانی هەرێمی مولاربۆر و ناوەڕاستی کیشوەرەکە (حەوزی ئوسترالی مەزن) دەردەکەوێت.
5- ئەمریکای باکوور: دیاردە کارستیەکان لەم کیشوەرەدا لەدۆڵەکانی چیای ئەپەڵاش لە ڕۆژهەڵاتی کیشوەرەکە دەردەکەوێت وە لەهەرێمی ئۆزارک لە باشووری ویلایەتی ئیندیانا و کنتاکی لەناوەڕاستی کیشوەرەکە لەگەڵ ناوەڕاستی نیمچە دوورگەی فلۆریدا و کۆمەڵە دوورگەکانی دەریای کاریبی کەگرنگترینیان دوورگەی کوبایە.
6- ئەمریکای باشوور: لەناوچەی بیلۆی ڕۆژهەڵاتی بەڕازیل چڕبۆتەوە.
$مەرجەکانی دروستبوونی دیاردەی کارستی$
1- دەبێت ڕووی ناوچەکە لەبەردێک پێک هاتبێت کەتوانای شیبونەوە و توانەوەی کیمیایی هەبێت، وەکو بەردی جیری و دۆڵۆمایت.
2- بوونی پێکهاتەی بەردی پێکەوە نوساو و لەبەردی کیمیایی پێکهاتبێت و درز و کەلێنێکی زۆری تیابێت.
3- دابارینی بارانی پێویست بۆشیبونەوە و توانەوەی بەردی جیری.
4- بونی ڕوباری گەورە کەڕاماڵین ئەنجام بدات و دۆڵەکەی لەئاستێکی نزمدا بێت لەچاو ئاستی زەوییە بەرزەکانی دەوروبەری و پێکهاتبێت لەبەردێک کاریگەر بێت بە ئاو.
5- بوونی ئاوی ژێر زەوی کەکاریگەری بکاتە سەر پێکهاتەی بەردی جیری لەژێر زەوی.
$قۆناغەکانی دیاردەی کارستی$
1_قۆناغی گەنجی:
هەموو پێکهاتەکەی لەبەردی جیریە.
بوونی درز و کەلێن کەشوێنی توانەوەکە دروست دەکەن.
دروستبونی ئەشکەوت لەژێر زەوی بەهۆکاری کاریگەری ئاوی ژێر زەوی لەسەر بەردی جیری.
ئەگەر ڕووبار هەبوو ئەوا لەشوێنی توانەوەکانەوە دەچنە خوارەوە بۆناو ئەشکەوتەکانی ژێرزەوی و لێیەوە دەردەچن، بەواتایەکی تر بەشێک لەڕووبارەکە لەژێر زەویەوەیە.
دوای توانەوەی ماددە جیریەکە، بەردە جیریەکانی تر (لم ئۆکسیدی ئاسن) لەسەر ڕووی زەوییەکە کۆدەبنەوە و خاکێکی سوور دروست دەکەن.
2- قۆناغی پێگەیشتوویی:
زیادبون و گەورەبوونی کونی تواوەکان، وکەڵەکەبوونی نیشتوی ناجیری لەژێرەوەی خۆی.
داڕمانی چینی دەرەوەی ئەشکەوتەکان و دروستبوونی دیاردەی کارستی تیایدا وەکو ستەلگتایت و ستەلگمایت.
دابەزینی ئاستی ڕووی زەوی بەهۆی داڕمان لەئەشکەوت وئاوڕێژگەکان ونزیک دەبێتەوە لەچینی خوارەوە.
3- قۆناغی پیری:
چینی بەردە جیرییەکە بەرەو نەمان دەچێت لەدەرەنجامی داڕمان و زیادبون و گەورەبونی قوڵایی کونە تواوەکان.
ئەو چینە بەردە جیریەی کەئەمێنێتەوە و ناکەوێتە ژێرکاریگەری توانەوەو شیبوونەوە پێی دەوترێت تاوەری کارستی.
ڕووی زەوی زیاتر نزمدەبێتەوە زیاتر لەوەی لەقۆناغی گەنجی و پێگەیشتوویی هەیە.
$چەند چەمکێکی کارستی$
1- ئەشکەوتی چالاک: ئەو ئەشکەوتەیە کەهێشتا سەرچاوەی ئاوی تێدایە.
2- کانیۆن: بریتیە لەدۆڵی قوڵ و لاکانی زۆر تیژ و لێژن لەناوچەکانی کارست زۆر دووبارە دەبێتەوە لەدەرەنجامی ئەو ڕووبارانەی کە کەندڕ دروست دەکەن و دەگەنە چینی ژێرەوە.
3- ئەشکەوت: کونێکی گەورەیە لەناو بەردەکاندا و تائاستێک کەمرۆڤ دەتوانێت بچێتە ناوی، هەندێ جار پڕئاوە و هەندێ جاریش وشک.
4- دۆلین: نزماییەکی داخراوە لەئاوەڕۆی ئاوی ژێرزەوی، هەندێجار شێوەکەی لولەیی یان قوچەکییە.
5- گرۆتۆ: ژورێکی بچوکە لەئەشکەوت، پڕە لەدیاردە کارستیە جۆراوجۆرەکان لەژێر زەوی.
6- پۆلجی: نزماییەکی گەورە و قوڵە لەچوار دەورەوە بەلای تیژ دەورەدراوە و دەریاچەی لێ پێکدێت.
$گرنگترین دیاردە کارستیەکان$
1- کونی توانەوەکان:- بەیەکێک لەبەربڵاوترین دیاردە کارستیەکان دادەنرێت لەڕووبەرێکی بچووکی کارستیدا ژمارەیان دەگاتە سەدان و هەزاران کون، کەبریتیە لەچاڵێکی قوڵ و لەچەند مەترێکەوە بۆ سەدان مەتر دەست پێدەکات، ڕووبەرەکەشی لەمەترێکی چوارگۆشەوە بۆزیاتر لەکم² دەبێت، تایبەتمەندە بەشێوەیەکی قوچەکی و لەدەرەنجامی درز و کەلێنی بەردە جیریەکان دروست دەبێت کاتێک کەکرداری توانەوەی کیمیایی چالاک دەبێت لەسەریان، ژمارە و ڕوبەر و قوڵیەکەی وەستاوەتە سەر کۆمەڵێک هۆکار:
+ژمارەی کون و کەلەبەرەکانی بەردە جیریەکان لەسەر زەوی.
+کات، بەردە جیریەکان پێویستیان بەکاتە تاوەکو دەگەنە ئەم شێوەیەی ئێستا، تاوەکو کرداری کیمیایی کاریگەری زیادبکات پێویستی بەکاتی کەمترە.
+ماوەی باران بارین و بڕەکەی، کەبەهۆکاری سەرەکی لەکرداری جیۆمۆرفۆلۆجی کارستی دادەنرێت.
2-پەنجەرەی کارستی :- لەدەرەنجامی داڕمانی بنمیچی (سەقف)ی دۆڵێکی ڕووباری شاراوە دروست دەبێت، زۆر جار شێوەکەی درێژ کۆڵەییە و بەدرێژ بوونەوەی ڕووبارە شاراوەکە ئەمیش درێژدەبێتەوە، لاکانی زۆر لێژن، ئەگەر لەسەر ڕووی زەوییەوە سەیری ناو چاڵەکە بکەین ئەوا ڕووبارە شاراوەکە دەبینین کەبەبنی ئەشکەوتەکەدا دەڕوات، دەبێت ئەوەشمان لەبێربێت ئەم ڕووبارە وەکو ڕوبارەکانی سەر ڕووی زەوی هەڵدەستن بەکرداری ڕاماڵین.
3- پۆلجی:- وشەیەکی سلۆڤانیە بەمانای کێڵگە دێت، بەشێوەیەک زەویەکی تەخت وپانە لەسەر شێوەی دۆڵێکی فراوان دەردەکەوێت، تایبەتمەندییەکانی:
لاکانی زۆر لێژن زۆرجار لەناو دیاردە جیۆمۆرفۆلۆجییە پێکهاتەییەکان پۆلێن دەکرێن.
لەشێوەی دۆڵێکی پان وبەرین دەردەکەوێت وپانیەکەی دەگاتە سەدان مەتر ودرێژیەکەشی دەگاتە چەند کیلۆمەترێک.
ئەو سەرچاوە ئاویانەی کەلەئەشکەوتەکانەوە دەردەچن هەندێ جار دەڕژێنە ناو ئەم دۆڵانە.
بنکی دۆڵەکە لەیەک ئاستدایە بەهۆی کەڵەکەبوونی نیشتوەکانی لافاو تێیدا، وەخاکەکەی زۆر بەپیتەو یەکێکە لەباشترین ناوچەکانی کشتوکاڵ، گەورەترین دیاردەی پۆلجی لەچیاکانی بەلقانە وبەلیڤنۆ پۆلجی دەناسرێت، درێژیەکەی دەگاتە 60 کم وپانیەکەشی لەنێوان 5_10 کم دەبێت، ودروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ کردارە تەکتۆنیەکانی شکان و پێچاو پێچیەکان.
$هەندێ دیاردەی کارستی لەئەشکەوتەکاندا$
دیاردە کارستیەکان جۆراوجۆرن لەناو ئەشکەوتەکاندا کەزۆربەیان دیاردەی نیشتوون و لەبنمیج و بنک ولاکانی ئەشکەوتەکە دروست دەبن، لەوانە:
$ستوونی داکەوتوو(ستەلگتایت)$
لەدەرەنجامی نیشتووی بەشێک لەمادەی کالسیۆمی پێکهاتووە کەئاو لەگەڵ خۆیدا هەڵیدەگرێت وبەبنمیچی ئەشکەوتەکاندا دێتە خوارەوە و شێوەی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام یەک خاسیەتی هاوبەشیان هەیە ئەویش شێوەی قوچەکیە کەبنکەکەی نوساوە بەئەشکەوتەکەوە و سەریشی بەرەو خوارەوەیە.
$ستوونی سەرکەوتوو(ستەلگمایت)$
لەئەنجامی نیشتنی ئەو دڵۆپە ئاوەی کەلەبنمیچی ئەشکەوتەکەوە دەکەوێتە خوارەوە دروست دەبێت، هەندێک لەدڵۆپە ئاوەکان لەبنمیچی ئەشکەوتەکان کۆدەبنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە دەکەوێتە بنکی ئەشکەوتەکەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی دیاردەی ستەلگمایت، وە دەبێت ئەوەمان بیربێت مادەی کاڵسایت کەلە بنمیچ یان بنکی ئەشکەوتەکە دەنیشێت هەندێک ئۆکسیدی کانزا لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت، ئەمەش وا لەستەلگتایت و ستەلگمایت دەکات کەڕەنگی کانزا بگرن.
$خاکی سوور$
لەو ناوچە جیریانە دروست دەبن کەلێژیان کەمە، دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ئاوی کۆبۆوەی سەر ڕووی بەردی جیری و کاربۆناتی کالسیۆمی بەردە جیریەکە دەتوێنێتەوە، پاشان درز و کەلێنی بەردەکە دەیباتە خوارەوەو دیاردە کارستیەکانی ژێر زەوی پێ دروست دەکات، ئەستوری خاکە سورەکە لەمەترێکەوە بۆچەند مەترێک دەست پێدەکات، ئەمەش وەستاوەتە سەر بڕی باران بارین، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات خاکی سوور لەخڵتەکانی (لم و ئۆکسیدی ئاسن) دروست دەبێت کەتێکەڵ بەبەردی جیری بوە و لەسەر ڕووی زەوی نیشتووە، هەندێ جار ئەم خاکە بەتەواوی بەردی جیری دادەپۆشێت.[1]