خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی هۆمۆدیۆس
ڕوشدی جەعفەر
ئاگادارکردنەوەی سەرەکیی کتێبی “هۆمۆدیۆس”ی یۆڤال نوح هەراری، کە لەم ماوەیەدا بە وەرگێڕانی کاک وریا ئەحمەد بڵاوبووتەوە، ئەوەیە: ئێمەی هۆمۆسایپێنسەکان لە سەدەی بیستویەکدا لە بەردەم خاڵێکی وەرچەرخانی بێ پێشینەداین؛ مەرگ لە پانتایی تیۆلۆژیاوە گوازراوەتەوە بۆ پرسێکی تەکنیکی؛ بەختەوەری لە خولیایەکی فەلسەفییەوە بووەتە کەڵکەڵەیەکی بایۆلۆژی؛ خوداییبوون لە ئایدیایەکی میتافیزیکییەوە خزیوتە نێو تەکنۆلۆژیا و سەرەنجامیش شیمانەی دەرکەوتنی هۆمۆدیۆس (مرۆڤەخوا).
یۆڤال نوح لە هەندێک شوێندا تەنیا ڕۆڵی ڕاڤەکار و لە هەندێک شوێنی تریشدا ڕۆڵی ئاگادارکەرەوە و حوکمدەر دەگێڕێت- نووسەر چەندە گومانی لە قودرەتی تەکنیک (بە هەموو لقە پسپۆڕییەکانیەوە) نییە، هەروا بەرگری لە “مرۆڤبوون”ی ئێمە دەکات: داهێنانی حەکایەتی گەورە و ئەفسونی نەزانراوی ئاگایی. هەڵبەت لە ڕووی تیۆرییەوە، مەسەلەی “بەختەوەری” و “نەمری” وا بە ئاسانی داناشکێنرێن بۆ سەر پرسێکی تەکنیکی و بایۆلۆژیی ڕووت… ئایا کێشەی مرۆڤ مردنە یان نەمری؟ (لە کیرگەکاردەوە بۆ ئەدیبانی وەکو خۆزێ ساراماگۆ و سادقی هیدایەت، کێشەی مرۆڤ وەک ترس لە نەمردن و نەمری دەخرێتەڕوو. هەرچی بەختەوەریشە، ئاخۆ هەر بەڕاست تەکنۆلۆژیا، بایۆجێنەتیک و ئەندازیاریی جێنەتیکی دەتوانێت کۆتایی بەو چەپاندنە بهێنێت کە شارستانیەتی لەسەر ڕۆنراوە، ئایا کاتێک “بەختەوەر بە!” دەبێت بە فرمانی سوپەرئیگۆی کۆمەڵگە، ئەوە دەروونشیکاری نییە کە پێمان دەڵێت ئەم فرمانە بەرەنجامێکی پێچەوانەی دەبێت؟)
ئەم کتێبەی هەراری، کە بووەتە دیاردەیەکی جیهانی، بۆ ئێمەی کورد ڕۆڵێکی دووقاتی هەیە: پێش بە هەندگرتنی مەترسییە گریمانەییەکانی سەر مرۆڤ، گرنگییەکەی لابردن و تەکاندنی تەپوتۆزە دینی و میتافیزیکییەکەی سەر مرۆڤە. مرۆڤ هەم لە ئاستە گەردوونیەکەدا لە کۆمەڵێک پیرۆزی و باڵایی ناپێویست ئاڵێندراوە و هەم کولتووری ئێمەش وێنایەکی نامەتریاڵیستی بۆ مرۆڤ هەیە، (ئێمە هەردەم لەو باوەڕەدا بووین ئایینە خوداپەرەستییەکان بەتەنیا خوداوەندە گەورەکانیان پیرۆز کردووە، بەڵام ئەوە لەبیر دەکەین ئەم ئایینانە مرۆڤیشیان بەرز و پیرۆزکرد) (لا 176). کەواتە پێش بەرگریکردن لە “مرۆڤبوون”ی مرۆڤ، گرنگییەکەی بۆ ئێمە لێدانە لەو قودسیەتە نابەجێیەی دراوەتە پاڵ مرۆڤەوە. هەر خودی خوێندنەوەی مێژووی مرۆڤ لە دیدی تیۆری پەرەسەندنەوە شتێک لە جەبەروتی عەقڵی دینی و ئوستورەی خەلیقەت دادەشکێنێت. وادیارە، مرۆڤی خۆرهەڵاتی، لە ئاستە گشتییەکەدا، هێشتا برینە داروینی و فرۆیدییەکەی ئەزموون نەکردووە، و ڕووبەڕووی برینێکی تریش دەبێتەوە: “برینی تەکنۆلۆژی”. جگە لەوەش، ئەم کتێبە دەروازەیەکی گشتییە بۆ ئاگاداربوون لە کۆمەڵێک باسوخواسی گەرمی زانستیی هاوچەرخ بە زمانێکی سادە. ئایا هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی بایۆلۆژیا و تەکنۆلۆژیا بۆ سەر کۆمەڵگاکانی وەک ئێمە چۆن دەکەونەوە؟ لەکاتێکدا لیبراڵیزم لای ئێمە، لە چاپە هەرارییەکەیدا، حەکایەتی گەورە و باڵادەست نییە، ئاخۆ کۆتاییهاتنە گریمانەییەکەی لە ئاستی جیهانیدا چ پاشهاتێکی بۆ ئێمە دەبێت؟ لە بەرامبەر هەر پرس و دیاردەیەکی جیهانیدا ڕەنگە بە فیعلی پەیڕەوی لەم لۆژیکە بکەین: ئەگەرچی ئێمە بەشێکی کارا نین لەم گۆڕانکارییانەدا، بەڵام وەک “بەش”ێک لە جیهاندا، لێکەوتەکانی بۆ ئێمەش حاشاهەڵنەگرن. وەک وەلید عومەر دەڵێت، ئێمە “هاوکات و ناهاوچەرخ”ی ڕۆژاواین. لە ڕووە زەمەنییەکەوە هاوکات و لەولاوەش ڕەوتێکی جیا، نەک تەواو دابڕاو لێی، تەیدەکەین.
بە درێژایی ئەم کتێبە هەراری هەم ڕاستەوخۆ و هەم ناڕاستەوخۆ دەپرسێت: ئایا باڵایی مرۆڤەکان بەسەر ئاژەڵانی ترەوە بۆ چ هۆیەک دەگەڕێتەوە؟: حەکایەتسازی، “مرۆڤی تایپی هۆمۆسایپیانس تەنها بەهۆی توانا و لێهاتووییەکەی لە چنینی تانوپۆ و تەونی <<مانا>> و <<حەکایەتەکان>> لەسەر ڕووپەڕی زەینی هاوبەش(زەینی هەمەکیی)، توانیویەتی بەسەر دونیادا زاڵبێت”(لا 271). ئەم توانای حەکایەتسازییە مرۆڤەکانی تەنیا بەرەو هاوکاری و هەرەوەزی ڕانەژەندووە، بەڵکو لە چنگە پۆزەتیڤیستەکانی بایۆلۆژیاش دەربازی کردووە، چونکە ئەمە شتێکە بایۆلۆژیا ناتوانێت شیکاری بۆ بکات. لیبراڵیزم دواهەمین حەکایەتی گەورەی مرۆڤایەتییە (هەڵبەت، بەرگریکردنی هەراری لە لیبراڵیزم هێندە بەرگری نییە لە لیبراڵیزم وەکخۆی، هێندەی بەرگرییە لە “کۆتا حەکایەتی گەورە” کە لەبەردەستی مرۆڤایەتیدایە…). ڕەنگە حەکایەتە گەورەکان لە وەهمێک زیاتر نەبن، بەڵام هەر ئەم حەکایەتانەن “مانا” بە ژیان دەبەخشن- خۆی مرۆڤەکان عادەتەن مەیلی ئەوەیان هەیە حەکایەتەکانی خۆیان وەک حەقیقەت و حەکایەتەکانی ئەوانیتر وەک وەهم سەیر بکەن. حەکایەتەکان نەک وەهم بەڵکو “وەهمی زەروور”ن: وەهمێکی بونیادی کە تانوپۆی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگە ڕادەگرێت، ئا لێرەدا، بە بێ ئەوەی بکەوینە نێو بانگەشە بۆ دین، دەتوانین ڕەخنە لە داوکینز بگرین ئەوکاتەی لەبارەی “وەهمی خودا” دەدوێت و باس لە “وەهمی زەرووری خودا” بکرێت. حەکایەتەکان لە سوڕێکی بەردەوامدا سەرهەڵدەدەن و لەناودەچن؛ ئەمەش ڕەبتە بە توانستیان بۆ وەڵامدانەوەی ڕۆحی سەردەم، بۆیە هەر کە حەکایەتێک لەناوچووە، حەکایەتێکی تر جێگەی گرتۆتەوە، بەم جۆرە دین جێی ئوستورە، و هیومانیزم (یان بە وتەی هەراری ئاینە هیومانیستەکان)یش جێگەی ئەویان گرتەوە. ئایا “داتایزم” چۆن جێگەی لیبراڵیزم دەگرێتەوە؟ ئایا “مرۆڤ” دەتوانێت مانای بوونی خۆی لێ وەرگرێت (گەر ئەسڵەن ئەم پرسیارە لە دیدی کتێبەکەوە هەر شیاو بێت)؟ ئایا ئێمە لەبەردەم “کۆتاییەکی تری مێژوو”داین؟ کۆتاییەک ئەگەرچی کەمینەیەک دەبنە “مرۆڤەخوا” و زۆرینەش سەردەکێشن بەرەو “چینێکی بێ کەڵک لە ڕووی ئابورییەوە” و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا جیاوازییەکان لە جیاوازیی ئابورییەوە دەبنە جیاوازیی بایۆلۆژی، کەچی هێشتاش ئەم ئایندە گریمانەییە، لە دیدی هەراری، نەک تەنیا ئیمکانی سەرهەڵدانەوەی “کۆمۆنیزمێکی نوێ” لەخۆیناگرێت بەڵکو لیبراڵیزمیش لەگۆڕ دەنێت. ئایا لێکەوتە سیاسییەکانی دەستدرێژیی تەکنۆلۆژیا و پۆزەتیڤیزم بۆ سەر مرۆڤ چین؟ ئایا کارکردی ئایدیۆلۆژیا لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا چی بەسەردێت؟ ئایا چی لە مرۆڤ دەمێنێتەوە؟ ناوکە ڕەقەکەی مرۆڤ کە بە وتەی ژیژەک “لەگەڵ تراوماکاندا هەڵدەکات” لەم هێڕشە تەکنۆلۆژی و بایۆلۆژیانەدا چی لێدێت؟ ئایا بەڕاست مرۆڤ ئالگۆریتمە، ئەگەر ئالگۆریتمیش بێت لە چیدا لە ئالگۆریتمە نائۆرگانییەکان جیاوازە؟ یان وەک ئەوان لێشاوێکە لە ئاڵوگۆڕی داتا بەڵام بەو جیاوازییەوە کە ئالگۆریتمێکی ئۆرگانییە؟ ئایا مرۆڤ قەت دەتوانێ وا بە ئاسانی دەست لە “فەنتازیاکان”ی خۆی هەڵبگرێت؟ ئایا دەروونناسیی پۆزەتیڤیستی دەتوانێت دەروونشیکاریی فرۆیدی و لاکانی توڕداتە ئەولاوە؟ ئەم ئاڵنگارییە تەکنۆلۆژییانە کۆمەڵێک پرسیاری جدی ڕووبەڕووی تێکڕای کایە پراکتیکی و تیۆرییەکان دەکەنەوە، ئەم کتێبەش نەک وەڵامی کۆتایی، بەڵکو کۆمەڵێک سەرەداو و هێڵی گشتیمان پێدەدات کە دەتوانین بەهۆیانەوە لەو جیهانە “سەیروسەمەرە”یەی تەکنۆلۆژیا بەڵێنی بەدیهاتنی دەدات، تێبگەین. هەراری بە پلەی یەک ئەگەر و هەڕەشە گریمانییەکان لەڕێگەی کۆمەڵێکی بێشوماری پرسیار و نموونە و ئامارەوە دەستنیشاندەکات، بەڵام دووبارە بۆ تێگەیشتن لەم پرسانەی تاوەکو ئێستاش فەلسەفە لێی کۆڵیونەتەوە و ئێستا بایۆلۆژیا و پۆزەتیڤیزم دەیانەوێت وەڵامی کۆتاییان بدەنەوە، هەر دەبێت بۆ فەلسەفە بگەڕێینەوە، لەوێوە دەستوپەنجە لەگەڵ ئەم ئەگەرانەدا نەرمبکەین. هەر ئەم کتێبەش خۆی، بە دیوێکدا، ڕەخنەگرتنە لە زانست. هەراری ئەو سازە غەمگینە دەژەنێت کە پێشتر ژان بۆدریار دەیژەند، بەو جیاوازییەوە کە لای بۆدریار بەر هیچ هۆمۆدیۆسێک ناکەوین، بەڵکو پرۆسەیەکی هەمەگیری “ئاوابوون”مان هەیە، لە ئاوابوونی سوبێکتەوە بۆ ئایدیۆلۆژیا. دیارە لای پۆست مۆدێرنیستەکان زۆرجار بەر دیوی نامرۆیی مرۆڤ دەکەوین.[1]