بڕوانە خودای بڵند و زانا
چی کردووە لە هەرد و عاسمانا
بێ مشتە و ڕەندە، بێ گەز و گاز
وەستایەکە ناگەرەکییە ئامراز
یەک گەورە و یەک درێژ و یەک خڕ
واڵا و بەنێو و نیوە و پڕ
دەرکەوتووە گش لە کارگای ئەو
سەرسووڕڕە جیهان لە بارەگای ئەو
سەیریش ئەوە گشتیان لە کارن
هێندێکی پیادە، هێند سوارن
هێندێ بەهەران و هێندێ وستن
دەستێک پەلەکار و هێندێ سستن
یەک دێت و یەکێ دەچێت و دەستێ
هەروا لە گەڕە و هەشە دەوەستێ
هێندێکی دەنووسێ و هێندێ وەستان
یەک سەربڕە، یەک بوێژی بەستان
یەک خەم دەڕەوێنێ، یەک کزوڵکەو
یەک ڕۆژ دەپەرەستێ، یەک چرای شەو
هێندێکی بەچەشنی زینی نازار
هێندێ وەکوو مەم دەبن گرفتار
سەرپاکی بە ڕۆشنی و جوانن
هێند شاهن و هێند وەزیری وانن
ئەستێرەیی هێندێ بۆیە ناردوون
هێنانی بەهاری پێ سپاردوون
ساڵ تازە دەبێتەوە کە هاتن
سەرما دەکەوێتە سەر هەڵاتن
گێڕایەوە بۆم پیاوەکی پیر
پیرێکی بەبیر و زیت و دڵ ژیر
گۆیا کە لە ڕۆژگاری پێشین...
جەنگە و هەڕەتێ کە دەر دەبێ شین
واتا کە دەبوو بە ڕۆژی سەرساڵ
هەرکەس دەر ئەچوونە دەشت و بەر پاڵ
کیژ و کوڕ و لاو و کۆنەساڵان
باپیر و نەنک لەگەڵ مناڵان
جێژنی هەرەزل بوو جێژنی نەورۆز
تا پێوە بنووسێ جێژنی نەورۆز
تاکی نەدەمایەوە لەناو ماڵ
دەیدا لە دەر و لە چۆڵگە بای باڵ
نەخوازە کوڕ و کچی گەییشتوو
چی هێشتە لە یەکدی چێژنەچێشتوو
ڕازاوە لە خشڵ و بەرگی باشا
چاو تێر بوو هەمووی لەبەر تەماشا
هەر لاوێ لە بیری خواستنایە
با کیژێ ببینێ چی تییایە؟
ڕۆژێ کە دەچوونە گەشتی دەشتێ
دەشت مشت بوو لە میوەیی بەهەشتێ
هەر جوان بوو لە یەک دەبوونە کڕیار
سەودا بە دڵ و بە چاوە بڕیار
هەر تاک بوو لە جووتی چاو دەگێڕا
تاک بۆی دەچوو جووت دەهات لەوێڕا
لە وەرگێڕانی #هەژار موکریانی#[1]