دوو لاوە، کە چاوییان هەڵێنا
چاوی مەلەوان لە گۆمەخوێنا
دیتیان یەکی پیرە هەڵترووشکاو
وەک لانکی شڕۆڵ شەق و شڕ و شکاو
وا ورتەورت شتێک دەبێژێ
فرمێسکی لە چاوی کز دەڕێژێ
گوتیان چ کەسێکی پیرەدایە
بۆ دەگری؟ وەدەرخە، چیت لەلایە
فەرمووی بەسەری ستێ و زینێ
بۆ ئێوە دەکەم گرین و شینێ
نەخوازە لەکن ستێ و زین ان
دێ، پێم هەیە شەڵتە بۆ برینان
ئەنگووستیلەکانوو ئەم دووانەن
باوەڕ کە نەکەن، ئەوەم نیشانەن
کوا بمدەنێ هی ئەوان بە مەردی
ئابڕووی دوو کچان مەدەن لە بەردی
ڕاسپاردەم و تایەنی ئەوانم
نامنێرنەوە ناهومێد دەزانم
کاتێکی کە پیرەیان وەها دی
هەستانەوە گەشکەبوون لە شادی
یەک ماچی دەدان لە دەستی چرچی
یەک بۆنی دەکرد لە تیسکی پرچی
یەک دەستی لە بەژنی کووڕ وەرێناو
یەک کەوشی دەخستە سەر سەر و چاو
تایەن بە مە جەرگی بوو بە بریان
دەیگووت، بە دوو چاوی پڕ لە گریان:
ڕۆڵەم بە خودای لە ژووری سەرمان
بۆ دەردی دڵوو دەبم بە دەرمان
باڵداری هومێد بە داوێ دەگرم
دڵخۆشوو دەکەم بژیم و نەمرم
هەر چوارو وەکۆ دەکەم وەکوو کۆ
کار پێک دێ بە ئارەزووی دڵینگۆ
ئەنگوستیلە بۆ بەژننەمامان
هەر بەرمەوە دێنمەوە وەڵامان
تاژدین لە دەسی دەرانی هی خۆی
پێی وت وەرە فەرموو بیبەوە بۆی
مەم ڕوانی بەبێ نقێمی زینێ
ناژی بە ژیان لەسەر زەمینێ
بمبەخشە گوتی، سەرم لەبەر پێت
هەر دامەوە پێت لەجێ دەبم شێت
ئەو ناوە کە چۆتە ئەو نەقیمە
پێوەندی لە بەندی جەرگ و سیمە
گەر بتدەمێ بەندی دڵ پساوە
بێ ئەو لە ژیان بەشم بڕاوە
ئەی دایە لەڕێی جوانی زینێ
با بێت بەزەییت بە دڵبرینێ
گەر چوویەوە زین دەبینی هەردەم
پرسی کە لە من بڵێ دەڵێ مەم:
ئەو شایە ئەگەرچی من گەدا بم
لێم ڕوونە کە ناهومێدی نابم
با خواستن و دیتنی نەوێرم
دڵخۆش بە خەیاڵی ڕادەبوێرم
ئاخ خۆزگە لە پێش ئەوەی دەمردم
دەمگوت ئەوە زینە یادی کردم!
زۆر جوانە لە ئاهی دڵ بترسێ
جارجارە چلۆنەیەک بپرسێ
لە وەرگێڕانی #هەژار موکریانی#[1]