سێ قەیرانی شارستانییەت
#حەسەن جودی#
ئەگەر ئەمڕۆ شارستانییەتەکان بە خۆرهەڵات و خۆرئاوایشەوە لە قووڵترین قەیراندا دەژین، یان پیربوونە یاخود بە دەست چەقبە ستوویی و کۆتگیرییەوە دەناڵێنن؛ ئەوا قەیرانی هزری یەکێکە لە سیما و ڕەنگدانەوەکانی ئەو قەیرانە شارستانییەتەی کە ئەمڕۆ لە ئاستی بنبەستبووندا گینگل دەخوات. لە ڕاستیدا ئەوەی شارستانییەتەکانی بەرەو قەیران ئاراستەگیر کردووە چەقبەستوویی و دۆگما و غەیبانیەت و سەنترالیزم و ڕاستڕەوێتی هزرە لە نێو ئەو شارستانییەتانەدا. چونکە لە ئاکامدا هزر لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا شارستانییەت دەئافرێنن. کە هزر لە قەیران دابێت ئەوا مسۆگەر شارستانییەتیش لە قەیراندا دەبێت. بۆیە قەیرانی شارستانییەت و قەیرانی هزری دوو ڕووی یەک ڕاستینەن و ناتوانین لەیەکتریان جیاکەینەوە.
بۆ ئەوەی وردتر ببینەوە دەکرێ خۆرهەڵاتی ناوین بە نموونە بهێنمەوە؛ لە ڕەوشی ئێستادا قەیرانی هزری و شارستانییەتی خۆرهەڵاتی ناوین لە سێ تەوەرەدا دەستنیشان بکەم ڕەسەنایەتی، لاسایی، نوێبوونەوەن بێگومان خۆرهەڵاتی ناوین لانکەی دەرکەوتنی شارستانییەتی یەکەم و دووەمە (واتە:شارستانییەتی نیۆلۆتیک و شارستانییەتی چینایەتی کە لە سۆمەریەکان بەدواوە دەستپێدەکات) لە پێش مێژوو و سەرەتای مێژووەوە تا سەدەی پازدە هەر خۆی سەرکێشی ڕەسەنایەتی شارستانی کردووە و خۆی ناوەند و سەرچاوە بووە. بەڵام لەو مێژووە بە دواوە ئیدی تاهاتووە ئەو تایبەتمەندییانەی لە دەستداوە و کەوتۆتە پەراوێزی شارستانیەتەکانەوە. نەیتوانیوە دەستبەرداری ڕەسەنایەتی شارستانییەتی خۆی بێت و پێکداخشانێکی پۆزەتیفانەشی لەگەڵ شارستانییەتەکانی دیکە نەکردووە یان لاسایی کردنەوە یان ڕەتکردنەوەی ڕەهای شارستانییەتەکانی دیکەی لەبەردەم دابووە. هەروەها دۆگما و چەقبەستبوویی و غەیبانییەتی هزریش نەیهێشتووە خۆی نوێبکاتەوە. بۆیە ئێستا تەنیا ڕەسەنایەتی شارستانییەتەکەی دادی نادات و ناشتوانێ تەنیا بە گەڕانەوەی بۆ ڕەسەنایەتییەکەی خۆی، بەبێ خۆ نوێکردنەوە و پێکداخشانی پۆزەتیفانە لەگەڵ شارستانییەتەکانی دیکە بە تایبەت شارستانییەتی خۆرئاوا لەو چەقبەستوویی و لە پەلوپۆکەوتووییەی خۆی ڕزگار ببێت.
خۆرهەڵاتی ناوین لە سەدەی نۆزدە و بیستدا هەوڵیدا لە میانەی (لاساییکردنەوە و کۆپیکردن) ی شارستانییەتی خۆرئاوا و بەخۆدابڕاندن لە ڕەگ (رەسەنایەتی) خۆی لە چەقبەسوویی و پەلوپۆکەوتوویی ڕزگار بکات. بەڵام دوای 200 ساڵ ئەمڕۆ گۆڕانێکی گەوهەری لە هزر و شارستانییەتی خۆرهەڵاتی ناوین ڕووینەدا. ئەوەی ڕوویداوە پێکداخشانێکی نێگەتیفانە بووە. دوای ئەوەی دوو سەدە لە لاسایی کردنەوە و کۆپی کردنی خۆرئاوا، کە پەسندکردنێکی ڕەها بوو و هیچ داهێنان و نوێبونەوەیەکی گەوهەری و ڕیشەیی لێنەکەوتەوە، ئەمڕۆ شانبەشانی پێداگری و بەردەوامی لە لاسایی کردنەوە و کۆپیکردن، ڕەتکردنەوەیەکی ڕەهای خۆرئاوا و شارستانییەتەکەی وەک ڕەوتێک کە (فەندەمەندالیزم ئوسوڵگەرایی) چەقی ئەو ڕەوتەیە لەنێو کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵات لە پەرەسەندن دایە.
ئیدی ئەو تابلۆیەی دەیبینین دوو ڕەوت تێیدا دەبزوێ: لەلایەک لە ژێر ناوی نوێبوونەوە، خۆی لە ڕەسەنایەتی شارستانییەتی خۆی دەپچڕێنێ و نەفرەت لە ڕەسەنایەتی خۆی دەکات و بە میکانیزمی لاساییکردنەوە و کۆپیکردن دەیەوێ نوێببێتەوە و لە پێشکەوتووترین شارستانییەت بچێ. بۆ ئەمەش لە میانەی پرۆسەی خۆرئاوایی بوونەوە نکۆڵی لە خۆی دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە ڕەوتێکی دیکە لە بزاوتن دایە؛ کە لە ژێر ناوی پەیوەستبوون بە ڕەسەنایەتییەوە هەر پێکداخشانێکی پۆزەتیفانە لەگەڵ شارستانییەتەکانی دیکە بە شێوەیەکی ڕەها ڕەتدەکاتەوە و پێداگری لەسەر دۆگمایی و چەقبەستوویی و غەیبانییەتی خۆی دەکات و نایەوێ لە قاوغی بەستەڵەکیانەی خۆی دەربچێ. ئەم ڕەوتە وەک کاردانەوەیەکی نێگەتیفانەی ڕەوتی خۆرئاوایی بوون ئاقاری ئووسوڵگەرایی گرتووە و دەستبەرداری لێناکات.
تابلۆیەکی بەمجۆرە ئاماژەیەکی ڕەوانە بۆ قەیرانگەرایی شارستانییەتی خۆرهەڵاتی ناوین. ئەمەش بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی خۆی لەسەر هزر و تەنانەت لەسەر کولتوور و بوارەکانی دیکە دیارە. بەڵام هەر هزری دۆگمایی و غەیبانییەتیشە شارسشتانییەتی خۆرهەڵاتی ناوینی بەرەو قەیران ئاراستەگیر کردووە، بۆیە لەو باوەڕەدام، کە بەبێ گۆڕینی ئەو هزرە، کە ئەقڵییەتی دۆگمایی و غەیبانییەت بەرهەمەکەیەتی، هەرگیز ناکرێت باس لە دەرباز بوون لەو قەیرانە گشتگیر و سەرتاپایە بکرێت لە خۆرهەڵاتی ناویندا، مسۆگەر ئەم دەربازبوونەش سێ پێچکە و ستوونی خۆی هەیە کە (رێنیسانس ڕۆشنگەری ڕیفۆرم)ن. ئەم سێ پێچکە و ستوونەش گەوهەری میتۆد و بەرنامەی ئاراستە گرتنە بەرەو بونیادنانی شارستانییەتی دیموکراسی لە خۆرهەڵاتی ناویندا.[1]