بەبۆنەی ڕێککەوتننامە شوومەکەی 6ی ئازاری 1975ی نێوان ئێران و ئێراق - ەوە
وانەیەکی گرنگ و کارەساتبار لە مێژووەوە، ئیتر ئەگەر بۆ لەمەودا بمانەوێت شتێک لە مێژووەوە فێربین!؟
کورد و پێوەندییەکانی ئێران و ئێراق
نووسینی : ئەسغەر جەعفەری ویلدانی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە : بەختیاری شەمەیی
پێشەکییەکی پێویست
ئەم نووسراوەی کە لە لاپەڕەکانی داهاتوودا دەیخوێنیتەوە, بریتییە لە چەند بەشێکی وەرگێڕدراوی پەرتووکی (بررسی تأریخی اختلافات مرزی ایران و عراق) کە لە ساڵی 1988دا لەلایەن (دفتر مطالعات سیاسی و بین المللی) یەوە بڵاوکراوەتەوە. هەر وەکوو لەسەرناوی پەرتووکەکەدا دەردەکەوێت (لێکۆڵینەوەی مێژوویی ناکۆکییە سەر سنوورییەکانی ئێران و ئێراق), ئەو نووسراوە لە ناکۆکی و شەڕە سەرسنورییەکانی هەردوو وڵات دەکۆڵێتەوە. ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییە کە لە لایەن (أصغر جعفری ولدانی)یەوە نووسراوە, لە پێنج بەش پێک هاتووە کە هەمووی بەسەر یەکەوە 715 لاپەڕەیە, جگە لەم چەند بەشەی کە وەرگێڕدراوە, لە چەند شوێنێکی دیکەشدا بە پچڕ پچڕی باسی کورد و کوردستان هاتۆتە نێو ناوانەوە.
لێرە پێویستە ئەوە بگوترێ کە لەم کورتە پێشەکییەدا هەوڵی ئەوە نەدراوە لێکۆڵینەوەیەک لەمەڕ پەرتووکی ناوبراوەوە پێشکەش بکرێت, بەڵکو تەنێ زۆر بە کورتی دەست نیشانی ناوەڕۆکەکەی کراوە و بە چەند وشەیەک خوێنەر لە بابەت و مەبەستی پەرتووکەکە ئاگادار کراوە. لە ڕاستیدا ئەم پەرتووکە دادەنرێت بە یەکێ لەو نووسراوە پڕ زانیارییانەی کە لە باری مێژوویی و یاسایی ژیۆپۆلیتیکییەوە دەست نیشانی هەموو ئەو شەڕ و ناکۆکییە مێژوویی و سەرسنووریانەی ئێران و ئیمپراتۆرێتیی عوسمانی و پاشان ئێران و ئێراق دەکات و لەهۆ و هۆکار و ئەنجامەکانیان دەکۆڵێتەوە. بە پێی ئەو بەرژەوەندییەی کە لە مەبەستی نووسراوەکەدا ڕەچاو کراوە, ئەنجام گیرییان لێهەڵدەهێنجێنێت, واتە لە کڵاوڕۆژنەی بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەتی فارسەوە نووسراوە و ئەنجام دراوە. هەر بۆیە کە دێتە سەر مەسەلەی کورد, ڕاستیی ڕووداوەکان ئاوەژوو دەکاتەوە و زۆر شۆفێنیستانە و ناڕەوایانە (لەو شوێنانەدا کە پێوەندیدارە بەمەسەلەی کوردەوە) تێگەیشتن و بیروڕاکانی خۆی دەردەبڕێت. پێویستە ئەوەش باس بکەین کە شتێکی زۆر ئاسایی و سروشتییە بڕوا بەو بیروڕا و نووسراوانە نەکرێت کە لەلایەن ئەو کەس و کۆڕ و کۆمەڵانەوە نووسراون و دەنووسرێن کە لەبەرەی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستاندان. هەوڵ و کۆششی ئەوانە لەسەر کورد و مەسەلەی نەتەوەیی کورد و نیشتیمانیی کوردستان, هەر تەنها بەمەبەستی شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکانە کە بەهۆی تۆمەت و درۆ و دەلەسە و بیروڕای بێبنچینەوە دەیانەوێت تاوانەکانی خۆیان بشارنەوە و ڕاستییەکان بشێوێنن. هەرچەند خۆشبەختانە ئەمڕۆ چ خۆمان و چ کەسان و لایەنە دڵسۆز و پێشڤەڕوو و هۆشیارەکانی میللەتانی سەر دەستە و دەوڵەتداری دراوسێی کورد لەو ئاستی ئاگایی و تێگەیشتنەدان کە بەو درۆ و دەلەسە و تۆمەت و بوختانانە بڕوا نەکەن.
ئەگەر چی ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە درۆ و پڕوپاگەندە ژەهراوییەکانی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان نەخشی خۆی نەبینێت لە ئاوەژووکردنەوە و شێواندنی ڕاستییەکان و تێکدان و سەر لێشێواندنی بیروڕای گشتیی جیهانیدا بەرامبەر بە دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد و ڕێبازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان. ئەمڕٍۆ ڕاستییەکان پتر بۆ جیهانی دەرەوە ڕوون بوونەتەوە و ڕەوتی درۆ و بوختان پڕوپاگەندەی ژەهراوی بەرەو ڕیسواتر بوون و تێشکان و نەمان دەچێت. لێرەدا پێویستە ئەو گلەییە لە خۆیشمان بکەین کە ئێمەی کورد تا ئەندازەیەک لەم ڕووەوە کەمتەرخەمین و هۆیەکەیشی زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئامڕاز و دامودەزگای پڕوپاگەندە و میدیای کوردی (بە تایبەتی لە هەندەران) کە ئەگەر ئێمەی کورد لە نێوان خۆماندا تەبا و یەکگرتوو بووینایە, هەلومەرج لە ئەوروپای ڕۆژئاوا لەبارە بۆ دامەزراندنی دامودەزگایەکی میدیای کوردی کە بەمە دەمانتوانی بەر بە شاڵاوی درۆ و دەلەسە و بوختانەکانی دوژمنانمان بگرین و وەکوو پێویستیش لە ئاستی پڕوپاگەندە کردندا بین بۆ مەسەلە ڕەواکەمان و بە ئینتەرناسیۆنالکردنی کێشە نەتەوەیی و نیشتمانییەکامان.
لێرەدا دێینەوە سەر پەڕتووکەکە, ئەو نووسراوە لە ڕووی زانیارییەوە بایەخێکی تایبەتیی هەیە, لەبەر ئەوەی بە وردی باسی هەموو ئەو شەڕ و ئاژاوە و جەنگە گەورە و بچوکانە دەکات کە لە نێوان هەردوو لایاندا ڕوویانداوە بە جەنگی هەشت ساڵەی ئەم دواییشەوە, جگە لەمە کورتەیەکی مێژوویی گشتیی ئەو پەیمانە نێو دەوڵەتییانەی هەردوولاش تۆمار دەکات, سەرباری ئەمەش لە کۆتاییدا 15 بەڵگەنامە لە شێوەی پەیماننامە مێژووییەکاندا سەرلە نوێ چاپکراونەتەوە.
لێرەدا دەمەوێت سەرنجی خوێنەر بەلای ئەو ڕاستیەدا ڕابکێشم کە وەرگێڕانی سەرلەبەری ئەو پەڕتووکە گەلێ پێویستە و گرنگی و بایەخی تایبەتیی دەبێت بۆ هەموو ئەوانەی کە لە داهاتوودا لێکۆڵینەوە لەسەر ناکۆکی و شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئێراق و ئێران دەنووسن. ئەم پەڕتووکە وەکوو وترا یەکێکە لە لێکۆڵینەوە مێژووییە پڕ زانیارییەکان دەربارەی هەر دوو وڵات. ئەگەرچی لە ناتەواوی و هەڵە و کەموکوڕیی زۆریش بێبەش نییە بە تایبەتی لەسەر کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان. بێگومان دەبێت ئەوە بزانین کە (ئەو هەڵە و درۆ و دەلەسە و بوختانتنە) هیچیان لە ڕووی نەشارەزایی و ناهۆشیارییەوە نین, بەڵکو هەموویان بە پێی نەخشە و بەرنامەیەکی پێشتر داڕێژراو ئەنجام دراون.
لە کۆتایی ئەم کورتە پێشەکییەدا دەمەوێ ئەو ڕاستیە بۆ هەمووان ئاشکرا بکەم کە وەرگێڕانی ئەم نووسراوە بەو مانایە نییە کە وەرگێڕ پشتیوانی لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە نووسراوانە دەکات, بەڵکو زۆر بە پێچەوانەوە دروست مەبەست لە ئاشکراکردن و وەرگێڕانیانە بە مەبەستی وەڵامدانەوە و بەدرۆخستنەوەیان. کارێکی چاک و پێویستە کە هەر نووسراوێک لەسەر کورد و کوردستان, چ لەلایەن خۆمان و چ لە لایەن بێگانەوە بە زمانی بێگانە نووسرابێت وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی و بە پێی پێویستیش وەڵامی درۆ و دەلەسە و هەڵەکانیشیان بدرێتەوە. ئەم چەند لاپەڕەیەش هەر لەم ڕوانگەیەوە وەرگێڕدراوە.
بەختیاری شەمەیی
ئەمستەردام , 25-10-1989
--------------------
مەسەلەی کورد
یەکێکی دیکە لە ناکۆکییەکانی ئێران و ئێراق لەو سەردەمەدا پێوەندیی بە مەسەلەی کوردەوە هەبوو. ئەم پرسە بە درێژایی مێژووی پێوەندیی ئێران و عوسمانی نەخشێکی گرنگی لە ناکۆکییەکانی هەردوو وڵاتدا بینیوە.
لە ڕابووردوودا سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هیچ سەرکەوتنێک بە دەست نەهێنرا بوو. پاش سەربەخۆیی ئێراقیش ئەم گیروگرفتە هەروا بەردەوام بوو و پێوەندییەکانی ئێران و ئێراقی بەرەو خراپی برد و لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆش هەر ڕۆڵێکی گرنگ لە ناکۆکییەکانی ئەم دوو وڵاتەدا دەبینێت کە دەتوانرێت دەست نیشانی ئەو ڕۆڵە لە بەستنی پەیماننامەی دۆستایەتیی هاوسێیانەی 1975دا و هەروەها جەنگی دەستدرێژ کارانەی ئەم چەند ساڵانەدا بکرێت. یەکێ لە بانگاشەکانی صەدام بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی 1975 و دەستپێکردنی جەنگ, تاوانبارکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو بە پشتیوانیکردن لە کوردەکانی ئێراق.
لێرەدا بەر لە لێکۆڵینەوەی نەخشی کوردەکان لە پەیوەندییەکانی ئێراق و ئێراندا لەو کاتەوە تا ئێستا, پێویستە بۆ باشتر تێگەیشتنی مەسەلەکە کورتە ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی مەسەلەی کورد و ڕۆڵی وڵاتە کۆڵۆنیالیستیەکان بە تایبەتی دەوڵەتی ئینگلستان تۆمار بکەین.
أ - سیاسەتی ئینگلستان سەبارەت بە کوردەکان :
کوردەکان لە نەژادی پاکی ئارییەکانن و بە شێوە زمانەکانی هندوئەوروپی, کە لە زمانی فارسی جیابۆتەوە دەپەیڤن. کوردەکان لە ڕۆژئاوای ئێران, لە باکوری ئێراق و سوریا, لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا و ژمارەیەکی زۆریشیان لە لوبنان و یەکێتیی سۆڤێت دەژین.
کوردەکان لە باری دەروونی و گیانی و فەرهەنگییەوە خەڵکی تێکۆشەرن و ئارەزووی سەربەخۆیی دەکەن و کەمتر چوونەتە ژێر دەسەڵاتی بێگانەوە. خواستی سەربەخۆیی کوردەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە وڵاتانی جۆراوجۆر بچنە بنکڵێشەیانەوە و بۆ مەبەستەکانی خۆیان کەڵًکیان لێوەربگرن. لەم ڕووەوە سیاسەتی دەوڵەتی ئینگلستان جێگای سەرنجلێدانە.
دەوڵەتی ئینگلستان دوای جەنگی جیهانیی یەکەم ماوەیەک لە بیری دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆدا بوو کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت, چونکە بەم شێوەیە دەیتوانی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچە ستراتیژییەکانی کەفکازدا بەرفراوان بکات. جگە لەمەش کوردستانی سەربەخۆ ئامڕازێکی گوشار خستنە سەر تورکیای کەمال ئەتاتورک و دەوڵەتی ئێران و دەوڵەتی ئێراقیش بوو. بەتایبەتیی لەبەرئەوەی کوردەکانی ئەم وڵاتەی دوایی لەگەلأ ڕێکوپێکییشدا لە میرنشینەکانی دیکەش زۆرتر بوون.
لە جێبەجێ کردنی ئەم سیاسەتەدا دەوڵەتی ئینگلستان لە بڕیارنامەی سیڤەری (1920)دا کە لە نێوان هاوپەیمانەکان و دەوڵەتی عوسمانیدا بەسترابوو, بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی ئازادی کورد لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵدا, ماددەیەکیان چەسپاندبوو. بەڵام پاشان دەوڵەتی بەریتانیا بە چەند بڕوبیانوویەک لەم بیرە پەشیمان بووەوە : یەکەم - لەبەر ئەوەی ناوچە کوردنشینەکانی ئەنادۆلأ بۆ تورکیا جێگای بایەخ پێدان بوو. دووەم - تورکیا و ڕژێمی پاشایی ئێراق سەبارەت بە باکووری ئێراق ناکۆکییان لەسەر خاک لە نێواندا هەبوو و لەبەر ئەوەی بەریتانیا لە ئێراقدا بەرژەوەندیی لە نەوتدا هەبوو, پشتیوانیی بانگاشەکانی ئێراقی کرد. تورکیاش بەرامبەر دەست کەوتنی بەشەپشکی نەوت لەو ناوچانەی کە ناکۆکییان لەسەر هەبوو, چاوپۆشی لە داخوازییەکانی خۆی کرد و وازیهێنا. سێهەم - بەریتانیا بەهۆی ناکۆکییەوە لەگەلأ فەرەنسا لە باکووری ئێراقدا لە بەرامبەر پێدانی بەشێک لە خاوەندارێتیی کارخانەی پێشووی نەوت (کارخانەی نەوتی ئێراق) بە فەڕەنسا, ڕازیبوونی ئەو دەوڵەتەی لە پێکەوە لکاندنی ناوچەی ناوبراو لەتەک ئێراقدا بە دەست هانی.(1)
بێگومان هۆی دیکەش زۆر هەن لە بارەی خۆلێلادانی بەریتانیا لە پێشنیازی ناوبراو کە ئاشکرا بوون, بەریتانیا وای نیشاندا کە بەرژەوەندیی دەوڵەتی ئینگلستان لەوەدایە لە ڕێگەی بە دەست هێنانی ئیمتیازەوە لە دەوڵەتی ئێراق بەسەر عەرەبەکاندا دەسەڵات پەیدا بکات, بەم شێوەیە دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ لەتەک ئەم جۆرە سیاسەتانەدا نەدەگونجا, بۆیە پشتگوێی خستن بەڵام بە هۆی ئەو کاربەدەستانەوە کە لە ئێراق و ئێراندا هەیان بوو,دەستی لە دۆستایەتیی کوردەکان هەڵنەگرت. زانیاری تەواوی لە بارەی بارودۆخی ئەوانەوە پەیدا کردبوو. ئەم کارە بۆ دەوڵەتی ئینگلستانی دوو کەڵکی هەبوو: یەکەم - ئەوەبوو کە مەسەلەی کورد کە وەکو ئامڕازێک بوو بۆ گوشار خستنە سەر تاران و بەغداد, بەشێکی مەسەلەکانی ئەو ڕۆژگارەی پێک دەهێنا. دووەم - دەبووە ڕێگری دەسەڵات فراوانبوونی دەوڵەتانی دیکەی وەکوو یەکێتیی سۆڤێت و ئەڵمانیا.(2)
کوردەکان لە باری جوگرافیایی و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە دەتوانن بۆ ئەو پێنج وڵاتەی کە تیایدا دەژین مەسەلەیەکی بەهێزی سەودا و مامەڵەبن. لە کاتی سەرهەڵدانی ڕێکەوتنێک لەگەلأ کەمایەتیی کورد لە یەکێ لەو وڵاتانەدا, هاونەژادەکانیان لە هەموو وڵاتەکانی دیکەشدا بەردەوام دەکەونە ژێر کاریگەرێتییەوە. لەگەلأ سەرنجدانێکی ئەوەی کە کوردەکان لە ناوچە سەرسنورییەکاندا نیشتەجێ بوون, تێدەگەین کە ئەم هۆکارە ئەو توانایەی پێداون کە لە کاتی پێویستدا لەسەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە دراوسێیانەدا هاتوچۆ بکەن. ئەم مەسەلەیە بە گوێرەی خۆی لە نێوان ئەم وڵاتانە بە تایبەتیی ئێراق و ئێراندا, دوژمنایەتییەکی هێَناوەتە ناو ناوانەوە. لە زۆر کێشەی جۆراوجۆردا دەوڵەتانی هەردوو وڵاتەکە بە پەنادانی (تێکدەرەکان) و تەنانەت کۆمەک کردنی (ئاژاوەچییەکان) یەکدی تاوانبار دەکەن.
ب- کورد و پێوەندییەکانی ئێران و ئێراق
سیاسەتی ڕەزاخان کە لەسەر بنچینەی پێکهێنانی میرییەکی ناوەندی و بەتوانا دامەزرا بوو, بووە هۆی ئەوەی کە زۆر لە کوردەکان و لوڕەکان بەرەو ئێراق کۆچ بکەن. بەم جۆرە کاتێک یاسای دروستکردنی ناسنامەی ئێرانێتی پەسەند کرا و مەسەلەی بە زۆرکردنی خزمەتی سەربازی بۆ هەموو ئێرانییەکان پێشنیاز کرا, هەندێک لە هۆزەکانی سەرسنوور بەرەو ئێراق ڕەویان کرد. ئەو ڕووداوانە بوونە هۆی ئەوەی دەوڵەتی ئێراق بکەوێتە سەرزەنشت و شکاتکردن.
لە ساڵی 1927دا سارالدولەی قاجار, یەکێ لە براکانی محمد علی شا کە خۆی بۆ تاج و تەختی قاجار دانابوو, ڕاپەڕینێکی لە نێو کوردەکاندا بەرپا کرد بوو, پاش تێکشکانی بەرامبەر هێزەکانی دەوڵەت, بۆ ئێراق هەڵات. نابراو جارێکی دیکەش لە ساڵی 1911دا کوردەکانی وروژاندبۆوە و تا نێزیک پایتەخت بەرەو پێشەوە چوو بوو, بەڵام دیسان بەرەو ڕووی تێکشکان بۆوە و بۆ ئێراق هەڵاتەوە و لەوێ کەوتە ژێر چاودێریی دەسەڵاتی ئینگلیزەکانەوە. ناوبراو بە هۆی ڕێکەوتنێکەوە کە لە نێوان ئێراق و ئێراندا ئەنجام درابوو, لەلایەن پۆلیسی ئێراقەوە دەست گیر کرا. بەڵام ئەو ڕێکەوتنە دەستبەجێ لەگەلأ ڕاپەڕینەکەی سمایلخانی سمکۆدا لەلایەن دەوڵەتی ئێراقەوە هەڵوەشێنرایەوە.
ملک الشعرا بهار نووسیویەتی سمایلخانیش لەم ڕووەوە داخ لە دڵا بوو کە دەگونجێ لەلایەن هەندێ لە دراوسێکانەوە دەست خرابێتە ناو کاروبارەکانیەوە. ئەمە گیانی توڕە بوون و سەرکەشیی لە دڵدا هەژاندبوو. ئەوەبوو ئەم پیاوە بەهۆی لێهاتوویی خۆی و سەختیی قەڵای چەهریقەوە توانیبووی زیانێکی بەرچاو بە هێزەکانی دەوڵەت بگەیەنێت. دووریش بنواڕین دەتوانین بڵێین ڕەنگبێ هەندێ لە فەرماندەکان بە دنەدانی بێگانە یان لە پێناوی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیان, لە بەرامبەر لەناوبردنی سمکۆدا نەرمی و سستیان پیشان دابێت. (3)
پەراوێزەکان :-
1- robert.f. zeidner, kurdstan nationalism and the new iraq government, middle eastern affairs. (jan,1959),p.2u.
2- جورج لنچافسکی , مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناڤین , وەرگێڕ مادی جزایری, (تهران : أقبال) , ل 244.(بە فارسی).
3- ملک الشعرا بهار , مێژووی پارتە سیاسییەکانی ئێران , بەرگی یەکەم (تهران : پەڕتووکی گیرفانی , 1357) , ل 266 (بە فارسی).
تێبینی : ئەم باسە لە بەشی دووەم, دەروازەی یەکەم, بەندی 8, لە لاپەڕەکانی (120-121-122)دایە. هەروەها پەراوێزەکانیشی لە لاپەڕە (123) دان کە لە پەڕتووکەکەدا بریتین لە پەراوێزەکانی 16,17,18.(وەرگێڕ).
--------------------
دۆزی کورد و پێوەندییەکانی ئێران و ئێراق
شەڕی نێوان کورد و هێزە ئێراقییەکان کە لە سەردەمی عبدالکریم قاسمدا دەستی پێکردبوو, پاش لەناوچوونی ئەویش هەر بەردەوام بوو. عبدالسلام عارف بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕەکە لە 11-2-1964دا ڕێکەوتننامەیەکی ئاگربەستی لەگەڵ بارزانیدا واژۆ کرد و بەڵێنیدا کە بە فەڕمی دان بە ئازادیی کورددا بنێت و بە شێوەیەکی یەکسان لە کاروباری لەشکر و وڵاتدا بەشدار بن و ئەو زیانانەی کە لە ئەنجامی شەڕەکەدا لە کورد کەوتبوون, بژمێرێتەوە بۆیان. بەڵام سوپا ئامادەی پێدانی ئەم ئیمتییازانەی نەبوو و سەرەنجام شەڕەکە هەر درێژەی کێشا.
لە ساڵی 1965دا کە شەڕ لەگەڵ کورددا توند و تیژ بوو بوو, دەستدرێژیی هێزە ئاسمانی و زەمینیەکانی ئێراق بۆ سەر سنورەکانی ئێران ڕۆژانە بەردەوام و زۆرتر دەبوو و لە یەکێک لەو دەستدرێژییانەدا دوو کەسی ئێرانی کە کاربەدەستی پلە بەرز بوون کوژران, ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی ناڕەزایی دەوڵەتی ئێران.
لەم هەلومەرجەدا بارزانی ئۆتۆنۆمیی کوردستانی ئێراقی لە دوو مادەدا ڕاگەیاند و لە یاسای بنچینەییدا کە بۆ کوردستانی ئێراق بڵاوکرایەوە بەم جۆرە نوسرابوو: ئێراق وڵاتێکی فیدراسیۆنە کە پێک هاتووە لە عەرب و کورد هەروەها بارزانی پەرلەمانێک و ئەنجومەنێکی شۆڕشگێڕانەی باڵای لە 43 ئەندام پێک هێنا.(1)
دوای ئەوەی کە عبدالرحمن بزاز بە سەرۆک وەزیرانی ئێراق هەڵبژێردرا, بە مەبەستی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە دوو ڕێگاوە دەستی کرد بە هەنگاونان : یەکەم - لە بەهاری ساڵی 1966دا هێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەرکوتکردنی کورد دەست پێکرد, دووەم - کەوتە گفتوگۆ و دامەزراندی پێوەندی لەتەک دەوڵەتی ئێراندا.
لە کاتێکدا شەڕ لە کوردستانی ئێراقدا بە توندوتیژی لە درێژە کێشاندا بوو, ڕووداوە سەرسنورییەکانی نێوان ئێران و ئێراق ڕوو لە فراوانبوون بوون. چەندین جار فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئێراق دەست درێژییان کردە سەر سنوورەکانی ئێران, گەلێ گوندی سەر سنووری ئێرانیان بۆمباران کرد.(2)
عبدالرحمن بزاز بۆ پێشگیری لە خراپبوونی پێوەندیی نێوان ئێراق و ئێران, ڕایگەیاند کە دەیەوێت :-
1- لە مەلیک فەیسەڵ پاشای عەرەبستانی سعودی کە لە تەک شادا پەیوەندی دۆستانەی هەبوو, داخوازی بکات تا بکەوێتە نێوان ئێراق و ئێرانەوە.
2- پارێزگاریی ڕامیاری یەکێتیی وڵاتە عەرەبیەکان لە ئێراق بە ئامانجی پشتگیری کردن لە کاتی بەرەنگار بوونەوەدا, بۆ نموونە, وەک لەگەڵ ئێراندا بەدەست بهێنێت.
3- لە گفتوگۆ کردندا دەربارەی ئەو مەسەلانەی کە ناکۆکییان لەسەرە لەگەڵ ئێراندا بگەنە ئەنجامێکی سەرکەوتووانە.
لە دوا ئەنجامدا هەردوو وڵاتەکە گەیشتنە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە :
1. کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە ناوچە سەر سنووریەکاندا.
2. کۆتایی پێهێنان بە تاوان خستنە پاڵ یەکدی و شەڕی پڕوپاگەندەیی.
3. پێکهێنانی چەند کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ وتووێژ کردن لەمەڕ ئەو مەسەلانەی کە ناکۆکییان لەسەرە.(3)
لەلایەکی دیکەوە هێرشەکانی دەوڵەتی ئێراق ڕووبەڕوی تێکشکان بوونەوە. هێزەکانی کوردیش سەرکەوتنێکی بەچاویان بەسەر سوپای ئێراقدا بەدەست هێنا. لە ئەنجامدا عبدالرحمن بزاز سیاسەتێکی نەرمی بەرامبەر بە کورد بەکارهێنا و ڕایگەیاند کە دەوڵەت ئامادەی بە ڕەسمی ناسینی نەتەوایەتی و زمان و تایبەتکارییەکانی کوردە. گفتوگۆ لە نێوان نوێنەارنی کورد و دەوڵەتدا, لە بەغداد دەستی پێ کرد. لە 29-6-1966دا بزاز پێشنیازێکی 12 ماددەیی بۆ کورد خستە ڕوو کە بڕیاری لێخۆشبوونی گشتیی بۆ کوردە یاخیبووەکان و مافی ڕۆشنبیریی کورد, ئۆتۆنۆمی ڕامیاری, نەهێشتنی تەنگ و چەڵەمەی بەڕێوەبردن, بەشدارکردنی نوێنەرانی کورد بە بەرابەری لە کابینە و فەرماندەیەتیی سوپا و پلەوپایەی ڕامیاری, دامەزراندی ئەفسەرانی کورد لە ناوچە کورد نشینەکان و پەرپێدانی ناوچەکانی باکووری دابوو.(4)
بارزانی پێشنیازی ناوبراوی پەسەند کرد بەڵام سوپا و پان عەرەبیستەکان دژی ئەمە بوون. ڕۆژێک دوای ئەوە عارف عبدالرزاق فەماندەی هێزی ئاسمانی (لایەنگری ناسر) و سەرۆک وەزیرانی پێشوو کودەتایەکی بێسەروبەری دژی بزاز ڕێکخست. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مەسەلەی کورد هەر بە چارەسەرنەکراوی مایەوە, بەڵام ڕێکەوتننامەی 29-6-1966 ئەنجامێکی چاکی هەبوو ئەویش دانپیانانی ئەو دوو ماددەیەی (ئەنجومەنی شۆڕشی کوردستان) بوو کە بەشێکی زۆری کوردستانی ئێراقی لە ژێر دەسەڵاتدا بوو.
هەر چۆن بوو ڕاپەڕینی کوردەکان بە شێوەیەکی کاتی ڕووی لە کزی کرد. ئەم کێشەیە لە کاتی سەرۆک کۆمارێتی عبدالرحمن عارفیشدا هەر بە هەمان شێوە بەردەوام بوو, تا ئەو شوێنەی کە پێوەندیی بە ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئێراقەوە هەبوو, مسۆگەرکردنی ئاسایش لە کوردستاندا زەمینەی پێکدادانی هەردوو وڵاتی لە ساڵەکانی 68-1966دا بەرتەسکتر کردەوە.
پەراوێزەکان :-
1- fisher , op , cit , p.628.
2- اصلاحات , (30 ێژر , 1345).
3- بۆ ئاگادار بوون لە ڕێکەوتننامەی ناوبراو , بڕوانە :
c.j.edmons , the kurdish war in iraq : the contitutinal background , world today , xxiv. (december 1968) pp527-18.
4- chubin op.cit., p.176-77.
تێبینی :
• ئەم باسە لە بەشی سێیەم , دەروازەی سێیەم , بەندی 6 , لە لاپەڕەکانی (302-303)دایە. هەروەها پەراوێزەکانیش لە لاپەڕە (322)دان کە لە پەڕتووکەکەدا بریتین لە پەراوێزەکانی ژمارە 21,20,19,18. (وەرگێڕ).
• ئەو باسەی کە لە لاپەڕەکانی 7,6,5 دایە , لە بەشی سێیەم , دەروازەی چوارەم , بەندی 3 , لە لاپەڕەکانی 412,411,410,409,408 دایە , هەروەها پەراوێزەکانیش 30,29,28,27,26,25,24,23,22 (وەرگێڕ).
--------------------
کوردەکان
دوابەدوای ئەوەی کە پارتی بەعسی لە ساڵی 1968دا لە ئێراق دەسەڵاتی گرتە دەست, بەهۆی ئەو دوژمنایەتییە دێرینەی لەتەک کوردەکاندا هەیبوو, شەڕێکی سەخت و دژواری دژیان دەست پێکرد. پارتی بەعس جارێکیش لە ساڵی 1963دا ڕەشبکوژیی کوردەکانی ئەنجام دابوو, لەو کارەساتەدا جۆرێک دوژمنایەتی و بێبەزەییەکی وای نیشان دابوو کە بیروڕای گشتیی خەڵکی جیهانی دژ بە خۆی وروژاندبوو, لەم بارەیەوە یەکێتی سۆڤیەت ڕەشبکوژیی کوردەکانی لەو ساڵەدا تاوانبار کرد و دەوڵەتی مەنگۆلستان ئەو ڕەشبکوژییەی کوردکانی بە کارەساتێکی ترسناک ڕاگەیاند.
أ- شەڕی ئێراق لەگەڵ کوردەکان لە ساڵی 1969 دا
پارتی بەعس بە درێژە پێدانی هەمان سیاسەت لە ساڵی 1969دا جارێکی دیکەش شەڕی لەتەک کوردەکاندا دەست پێکردەوە. سوپای ئێراق لەم شەڕەدا هەموو توانا و تەکنەلۆژیای خۆی بەکار دەهێنا. فڕۆکە ئێراقیەکان هەموو ڕۆژێک ناوچە کوردنشینەکانی بۆمبباران دەکرد, بە زۆر ڕاگوێزانی کوردەکان لە ناوچە نەوتاوییەکانی باکوورەوە بەرەو باشووری وڵات زۆر بە توندی دەست پێکرا. لەم ڕاگوێزانە بە تۆپزییەدا تەواوی کەلوپەل و سەروەت و سامانی کوردەکان دەستی بەسەردا گیرا و تاڵان کرا. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵان لە کارەساتی ڕاگوێزاندا گیانیان بەخشی.
لە لایەکی دیکەوە بە هۆی گەمارۆدانی ئابوورییانەی کوردستانەوە هەر ڕۆژەی کۆمەڵێکی زۆر لە ژنان و زارۆیان لە برسا دەمردن, بەڵام سوپای ئێراقی بە هۆی ئازایەتی و مەردایەتی و بەرگریکردنی دلێرانەی کوردەکانەوە نەیانتوانی بە یەکجاری سەرکوتیان بکاتەوە, لە لایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی ئێراق لەو سەردەمەدا ڕووبەڕووی هەندێ مەسەلەی دیکە بووەوە, ساڵی 1969 بۆ دەوڵًەتی ئێراق کە هێشتا بنچینەی دەسەڵاتی خۆی پتەو نەکردبوو, بە ساڵێکی گرنگ دەهاتە ژماردن. لە سەرتای ئەو ساڵەدا تەنگەتاویی ڕووباری ئەڵوەند هاتە پێشەوە, دەوڵەتی ئێراقی تێگەیشت کە شەڕکردن لە کوردستاندا دەبێتە هۆی لاوازبوونی هێزەکانی خۆی لە بەرامبەر ئێراندا.
لە مانگی نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا پڕوپاگەندەی کۆمپانیای ئێران لە کودەتای گومانلێکراوی ئێراق (1) بڵاو بۆوە و هەر دوو وڵات تا کەناری جەنگ لێک چوونە پێشەوە. دەوڵەتی ئێراق جارێکی دیکەش هەستی بەوە کردەوە کە شەڕێکی لە ناکاوی دەست پێکردووە بەبێ ئەوەی وەکوو پێویست خۆی بۆ ئامادە کربێت, سەرنجام کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ کوردەکاندا.
ب- ڕێککەوتننامەی ئازاری 1970
گفتوگۆ لەسەر مەسەلەی ئۆتۆنۆمیدان بە کوردەکان لە مانگی ئازاری ساڵی 1970دا دەستی پێکرد. لە گفتوگۆی ئەو دوو لایەنەدا لێک نەچوون و جیاوازی لەسەر چەند مەسەلەیەک لە بۆچوون و بیروڕاکاندا هەبوو. کێشەی یەکەم چۆنێتیی دابەشکردنی داهاتی نەوت بوو کە لە 90ی نەوتی ئێراق لە ناوچە کوردییەکاندا هەڵدەهێنجرێت. بارزانی داخوازیی یەک لە سێی داهاتی ئەو نەوتەی دەکرد , بەغداد ئەو داخوازیەی پەسەند نەکرد, بەڵام ئامادەبوو هێندەی کە پێویست بکات بە کوردەکانی بدات.(2)
کێشەی دووەم پێوەندیی بە خاکی کەرکووکەوە هەبوو, بارزانی پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە بەهۆی ژمارەی دانیشتوانەوە ئەم شارە دەبێت بە بەشێک لە کوردستانی ئێراق دابنرێت, لەبەر ئەوەی کە پێی وابوو زۆرێتیی دانیشتوانی ئەو شارە لە کورد پێک دێت. لە کاتێکدا کە بەغداد کەرکووکی بە شاری چەند میللەتێک دەزانی. بەپێی بانگەشەی بەغداد نیوەی دانیشوانی ئەو شارە – کە مەڵبەندی سەرەکیی پیشەسازیی نەوتی ئێراقە – عەرەبن و نیوەکەی تریشی بە یەکسانی لە نێوان کورد و تورکمانەکان دا پێک دێت. کەمەنەتەوەییەکی تا ئەندازەیک زۆری تورک لەو شارەدا دەژین. سەرەنجام بەغداد بەڕێوەبەرێتییەکی هاوبەشی لە (عەرەب – کورد)ی شارەکەی لە ژێر چاودێریی میریی ناوەندیدا پێشنیاز کرد.(3)
لە ڕاستیدا 2 ملیۆن کوردی ئێراقی لە کار و کردەوەی بەغداد ناڕازی بوون کە تەنێ لە 12ی لە داهاتی هەموو وڵاتی بۆ کوردستان تەرخان کردبوو لە کاتێکدا گەورەترین سەرچاوەی بەدەست هێنانی داهاتی دەوڵەتی ئێراق بیرە نەوتەکانی کەرکووکە.(4)
بەم شێوەیە لە 120 کارگە کە لە وڵاتدا دامەزرێنرا بوون, تەنێ 3 کارگە بەر ناوچە کوردنشینەکان کەوت.(5)
هەر چۆن بوو هەردوولا گەیشتنە ئەنجام و ڕێکەوتننامەی (11ی ئازاری 1970) یان واژۆ کرد کە بریتی بوو لە ئۆتۆنۆمییەکی سنووردار بۆ کوردەکان. بەهۆی ئەم ڕێکەوتننامەیەوە زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی لەو ناوچانەی کە زۆرایەتیی دانیشتوانینان کوردە وەکو زمانێکی فەڕمی دەهاتە ژماردن. بەشداربوونی کوردەکان پێبەپێی دانیشتووان لە فەرمانگەکان و نوێنەرایەتیی دەوڵەتی و کاروباری سوپایی و ئەنجومەنی ڕێبەرایەتیی شۆڕشدا مسۆگەر کرابوو. 5 کورسی وەزارەت و نوێنەرێکی جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کوردەکان لەبەر چاو گیرا بوو.(6)
لە جێبەجی کردنی ڕێکەوتننامەی ناوبراودا دەوڵەتی ئێراق ڕێکخرایەوە و وەزیری کورد چووە نێو وەزارەتەوە. وەزیرە نوێیەکان هەر هەمووی ئەندامی پارتی دیمۆکرات بوون, لە کابینەی پێشووی ئێراقدا دوو کەسی کوردیش بەشدارییان تێدا کردبوو. کاردانەوەی دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە ڕێکەوتننامەی ناوبراو جۆراوجۆر بوو. لەلایەکەوە بە ئاشکرا پێشوازیی لێدەکرد و لەلایەکی ترەوە پێی دڵگران بوو. بە ڕووکەش چاپەمەنییەکانی ئێران پەیامی پیرۆزبایی دەستە و کۆڕ و کۆمەڵە هەمە جۆرەکانی لە مەڕ سەرکەوتنی کوردە ئارییەکان بڵاودەکردەوە و وەکو تریش بە مەترسییەکی دادەنا لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێراق. ڕۆژنامەی ایندگان لەسەر وتاری خۆیدا بە ناوی (وڵاتێکی نیوە عەرەب) لە بارەی ئەو مەسەلەیەوە نووسیویەتی (ئەنجامی لۆژیکیی ڕێکەوتن لەگەڵ کوردەکاندا, ڕەوتی ناچاریی ئێراقە بەرەو ڕێگای چارەسەرکردنی لوبنان).(7)
دەوڵەتی ئێران ڕێکەوتننامەی ناوبراوی بە ئەنجامی گوشاری یەکێتیی سۆڤێت دەزانی و هەر ئەم کارە, واتە نەخشی سۆڤێتی لە بەستنی ڕێککەوتننامەکەدا, ببوە هۆی دڵگرانی ئێران. پاش واژۆ کردنی ڕێکەوتننامەکە بۆ ماوەی 4 ساڵ ئاگربەست لە نێوان هەردوو لادا ئەنجام درا, بەڵام لە مانگی ئازاری 1974دا جارێکی دی شەڕ لە کوردستانی ئێراق سەری هەڵدایەوە کە هەتا ئازاری ساڵی 1975, کە ئێران و ئێراق لە جەزائیر گەیشتنە ڕێکەوتنەکەیان هەر بەردەوام بوو.
کوردەکان وایان بڵاوکردەوە کە دەوڵەتی ئێراق لە جێبەجێ کردنی ڕێکەوتننامەکەی 11ی ئازاری 1970دا کەمتەرخەمیی کردووە. بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لە (نیوزویک)دا گوتی: دوای 9 ساڵ شەڕ ئێمە لە ساڵی 1969دا گەیشتینە سەرکەوتنێک کە لێی چاوەڕوان دەکرا مافەکانمان لە چوار چێوەی ئێراقدا دابین بکات, بەڵام ڕژێم نیشانی دا کە نیازی گفتوگۆکردنی لەگەڵ ئێمەدا نییە. ئەوان بڕیاریان دا کە باشترین ڕێگا بەرامبەرمان هەڵبژێرن کە ئەویش سڕینەوەمان بوو لەسەر نەخشە. کارێکی سروشتی بوو کە ئێمە ئەوەمان پەسەند نەکرد, ئەم ڕووداوە بووە هۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕ.
بارزانی دیسان وتی: ئێمە چەند جارێک لەسەر یەک ڕامان گەیاند کە داخوازیی ڕیفراندۆم دەکەین لەسەر مەسەلەی کوردستان. هەروەها هەڵبژاردنێکی ئازادانەمان دەوێت ئەگەر ڕیفراندۆم (گشتپرس)ێک بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە و یاسایی و لەژێر جۆرە چاودێرییەکی نێونەتەوەییدا ئەنجام بدرێت, ئێمە ئەنجامەکەی هەر چۆنێک بێت پەسەندی دەکەین. بەڵام ڕژێم لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنی ئازادانە دەسڵەمێتەوە.8
هەر چۆن بوو دەوڵەتی ئێراق لە 11ی ئازاری 1974دا هەڵبژاردنێکی نا دادپەروەرانەی دەست پێکرد کە لە نێویدا لە 80 کەس لە نوێنەرانی ئەنجومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستان, 72 کەسیان لەلایەن سەرۆک کۆماری ئێراق خۆیەوە هەڵبژێردران, شاری هەلێر (ئەربیل) بە مەڵبەندی بەڕێوەبەرێتیی ناوچەی ئۆتۆنۆمی دانرا و یەکێک لە کوردەکان بە ناوی (تەها محێدین معروف)ەوە بە جێگری سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا.
پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق بەسەرکردایەتیی بارزانی کە لە ڕاستیدا لەو مەسەلەیەدا تێنەخوێندرابۆوە, ڕاپەڕینێکی بەرپا کرد. دەوڵەتی ئێراق کە ئەمجارەیان لە باری سەربازییەوە خۆی ئامادە کردبوو, دوو هەفتە دوای هەڵبژاردنی ناوبراو لە (25 ئازاری 1974)دا شەڕی دژی کوردەکان دەست پێکردەوە.
ج- شەڕ لەگەڵ کوردەکان لە ساڵی 1974دا
دەوڵەتی ئێراق ئەمجارەیان بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردووەوە, بە ئامانجی لەناو بردنی یەکجاریی کوردەکان شەڕی دەست پێکردەوە. سوپای ئێراق لەو شەڕەدا کەڵکی لە تازەترین چەک وەردەگرت, بە هۆی بەردەوامیی شەڕەکەوە, بارودۆخی کوردەکان بە شێوەیەکی دڵتەزێنانە ڕوو لە خراپ بوون چوو بوو, بە ئەندازەیەک بوو کە ڕووبەڕووی لەناو چوون بووبوونەوە. یەکێتیی سۆڤێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا پشتیوانیی کوردی دەکرد, بەڵام ئێستا لە ئێراق پشتیوانی دەکات و پەیمانێکی پانزە ساڵەی لەتەکدا بەستووە. بارزانی کە کەوتبووە ژێر فشاری توندوتیژی سوپای ئێراقەوە, هیچ چارەیەکی نەبوو جگە لەوەی کە هەر دەستێک بە نیازی کۆمەک پێکردن درێژ بکرێت بیگوشێت.
دەوڵەتی ئێران کە بە هۆی ناکۆکییە سنوورییەکان و هەروەها دەست درێژییەکانی ئێراقەوە لە خوزستان و بلوچستان و کوردستاندا, لە ئێراق زویر بووبوو. هەر بۆیە ڕازیبوونی خۆی بە کۆمەک کردنی کوردەکان بە پارە و خواردن و چەک و تەقەمەنییەوە ڕاگەیاند.
شەڕکە ماوەی ساڵێک بە توندوتیژترین شێوە بەردەوام بوو. فڕۆکە ئێراقییەکان بێوچان کوردستانیان بۆمباران دەکرد. 120 هەزار سەربازی سوپای ئێراق لە کوردستاندا لە شەڕدا بوون. بەڵام کوردەکان بە ئازایەتی و لێهاتوویی زۆری خۆیانەوە توانیان هێرشەکانی سوپای ئێراق بەربەست بکەن وناچاریان کرد کە لە کوردستاندا پاشەکشێ بکات.
دەوڵەتی ئێراق کە سوپاکەی لە شەڕکردن لە تەک کوردەکاندا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێنابوو, کەوتە گفتگۆ کردنەوە لەگەڵ ئێراندا, کە ئەنجامەکەی ڕێکەوتننامەی 6ی ئازاری 1975 بوو. بە پێی ماددەی 3ی ڕێکەوتننامەی ناوبراو هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە پشتیوانی لە هیچ جۆرە چالاکییەک نەکەن کە سیمای (تێکدەرانە)ی هەبێت. لە ئەنجامدا دەستبەجێ یارمەتییەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ کوردەکانی ئێراق ڕاوەستێنرا. ڕیکەوتننامەی ناوبراو بۆ کوردەکان تراژیدیایەکی گەورە بوو هەر وەکو لە بەشەکانی پیشوودا وتمان دەوڵەتی ئێراق دەستیکردەوە بە ڕەشبکوژیی کوردەکان و چەندین هەزار کەسیش لە ناوچە سنوورییەکانەوە ڕاگوێزران و لە درێژەدانیدا بە (سیاسەتی زەویی پاوانکراو) زۆرتر لە 700 گوندی کوردنشینی لەگەلأ زەویدا تەخت کرد.
دوای ڕیکەوتننامەی جەزایر, شاە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ حسنین هیکل لە 20-4-1975دا وتی: ئێمە یارمەتی شۆڕشی کوردماندا و لەم دوا دواییەدا ئێمە هێزی کاریگەر بووین لە پشتیەوە, ئەو –شاە- هۆی یارمەتیدانی ئێرانی بۆ کوردەکان بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: ساڵانێکی زۆر بوو ئەو ڕژێمانەی کە لە ئێراقدا دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت بوو دوژمنایەتیی ئێمەیان دەکرد. هێرشی توندوتیژیان دەهێنا و بە ئاشکرا دژایەتییان دەکردین. تێکدەرانیان دەنارد بۆ سەر سنوورەکانی ئێمەوە و هەندێ جاریش شەڕ و پێکدادانی چەکدارانە ڕووی دەدا... ئایا مافی خۆمان نەبوو کە وەڵامی ئەو هەڵوێستانەی ئەوان بدەینەوە... بەڵێ یارمەتیی شۆڕشی کوردمان دا دژی میری بەغداد و ئەم هەنگاوەی ئێمە وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ئەو دەست پێشکەرییانەی کە دژی ئێران نواند بوویان (9).
پەراوێزەکان :
1- ڕۆژی 12-2-1969دا ڕادیۆ دەنگوباسی ئاشکرا بوونی کودەتایەکی بەد ئەنجامی بڵاو کردەوە و دەوڵەتی ئێرانی تاوانبار کرد کە دەستی لە سازکردنیدا هەبووە. دوا بە دوای ئەمە دەوڵًەتی ئێراق داوای لە باڵیۆزی ئێران و هەموو فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکەی کرد کە لە ماوەی 24 کاژێردا خاکی ئێراق بەجی بهێڵن. هەرەوەها دەوڵەتی ئێراق هەموو کۆنسوڵخانەکانی ئێرانی لە بەغداد و کەربەلا و بەسرەدا داخست و هەموو فەرمانبەرەکانیانی ئاگادار کرد کە لە ماوەی 24 کاژێردا دەبێت لە ئێراق بچنە دەرەوە.
دەوڵەتی ئێرانیش لەگەڵ بەدرۆخستنەوەی دەست تێدا بوونی خۆی لەو کودەتا ناوبراوەدا بەرامبەر ئەو ڕووداوانە هەڵوێستی وەرگرت و کۆنسوڵخانەکانی ئێراقی لە ئێراندا داخست و دەستوری بە باڵوێزی ئێراق و ئەندامانی باڵوێزخانە و کۆنسوڵخانەکان دا کە لە ماوەی 24 کاژێردا خاکی ئێران بە جێ بهێڵن. بەڵام پێوەندییەکانی هەردوو وڵات لەو کاتەدا نەپچڕان. دوا بە دوای کودەتای ناوبراو دەوڵەتی ئێراق بانگەشەیەکی زۆری لە دژی دەوڵەتی ئێران دەست پێ کرد, پاشان پێوەندیی هەردوو وڵات بە توندی تێک چوو و هەردوولا هێزەکانی خۆیان لەسەر سنوورەکان مۆڵ کرد و کەوتنە دۆخی ئامادەباشییەوە. سەرەنجام بە ناوبژیکردنی پاکستان و تورکیا تێک چوونەکە هێمن کرایەوە و دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند کە ئامادەیە هێزەکانی خۆی لەسەر سنووری ئێراق بکشێنێتەوە بە مەرجێ بەغدادیش ڕازیبوونی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەمان کار نیشان بدات.
دەبێت سەرنج لەوە بدەین کە ئێراق بە وڵاتی کودەتا بە ناو بانگە. لە ساڵی 1934ەوە هەتا ساڵی 1973 واتە لە ماوەی 39 ساڵدا نزیکەی 18 کودەتای سەربازی لە پلە جۆراوجۆرەکاندا بە زەبروزەنگ لە ئێراقدا ڕووی داوە. ئەم ڕووداوانە سەرچاوەکانیان لە ململانێی بەدەست هێنانی دەسەڵاتەوە لە سوپای ئێراقدا هاتووە. دەستپێشکەری و کودەتاکان هەمووی بە هۆی هێزە دژ بە یەکەکانی ناو سوپادا لە دایک بوون و هەر بە خۆیشیان سەرکوت کراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە دەبێت ئەوە بزانین کە هێنانە پێشەوەی تاوان خستنە پاڵی کودەتاوە بە بێ ئەوەی کە لە ڕاستیدا نیازێکی لەم بابەتە لە ئارادا هەبووبێت, کارێکی ئاساییە لەم جۆرە وڵاتانەدا کە مەبەستی لەناو بردنی دوژمنانەوە دروست دەکرێت.
(lorenzo kent kimball , the changing pattern of political power in iraq 1985 to 1971. (new york:robert sheller sons, 1972).p.179.
2- کەیهان (25 بهمن , 1349).
3- new times (moscow).no.21 , (may 1974).
4- news week , (22 july , 1974).
5- پاتریک بودوتن و ئەوانی دیکە ڕاپۆرتێک دەربارەی بارودۆخی کوردەکان لە کوردستانی ئێراقدا.
6- بۆ ئاگادار بوون لە تێکستی ڕێک کەوتن نامەی ناوبراو : بڕوانە
khadduri, socialist iraq, a study in iraqi politics since 1968. pp.231-40.
7- ئایندەگان (15 فرور دین 1349).
8- news week , (22 july 1974).
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران , بڵاو کراوەی دەنگوباس و بەڵگەنامەکان , لە فەروەردینەوە تا شەهریوەر , 1354 , ل 93. (بە فارسی)
بەڵگە نامەی ژمارە 12
بەیاننامە مێژوییەکەی جەزائیر (6 مارت 1975)
لە ماوەی دانیشتنەکانی کۆنفرانسی سەرانی وڵاتانی ئەندامی ئۆپیکدا کە لە جەزائیر بەسترا, بە دەست پێشخەریی سەرۆک کۆمار بۆمیدین, پایە بەرزترین کەسی پیرۆز شاهەنشای ئاریامیهر و بەڕێز صدام حسێن جێگری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە ئێراق دوو جار چاویان بە یەکدی کەوت و بە دوورودرێژی لەسەر پێوەندییەکانی نێوان ئێراق و ئێران گفتوگۆیان کرد. ئەو گفتوگۆیانە بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار بۆمیدێن ئەنجام دران کە پڕ لە ڕاشکاوی و دڵسۆزیی ڕاستگۆیانەی هەردوولا بوون لە پێناوی بەدەست هێنانی چارەسەرکردنێکی گردەبڕانە و چەسپاو سەبارەت بە هەموو ئەو ناکۆکی و کێشانەی نێوان هەردوو وڵات.
لەگەلأ ڕەچاو کردنی نەریتی ڕێزلێنان لە یەکپارچەیی خاک و دەستدرێژینەکردنە سەر سنوور و دەستێکەڵنەکردن لە کاروبارە ناوخۆییەکاندا هەردوولا گەیشتنە ئەم بڕیاریانە:
1- سنوورە زەمینییەکانی خۆیان لەسەر بنچینەی پڕۆتۆکۆڵی کۆنستەنتێنیەی ساڵی 1913 و ڕەشنووسی کۆبوونەوەکانی کۆمسیۆنی سنووردانەری ساڵًی 1914 دەستنیشان بکەن.
2- سنوورە ئاوییەکانی خۆیان بە پێی هێڵی تالوگ دەستنیشان بکەن.
3- بەم کارانە هەردوو وڵات ئاساییش و متمانەی بەرامبەری لە هێڵکێشی سنوورە هاوبەشەکانیاندا مسۆگەر دەکەن. هەردوولا بەم شێوەیە دەبنە هاوپەیمان کە لەسەر سنوورەکانی خۆیاندا کۆنتڕۆڵێکی تەواو و کاریگەر بچەسپێنن بە مەبەستی ڕێگرتن لە هەر جۆرە کار و کردەوەیەک کە سیمایەکی تێکدەرانەی هەبێت ئیتر لە هەر بوارێکدا بێت.
4-هەر دوو لا لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون کە بڕیارەکانی سەرەوە هۆکاری لێکدانەبڕاون بۆ چارەسەرکردنێکی تەواو. ڕاستییەکی بەڵگەنەویستە کە سەرەنجام پەشیمانبوونەوە لە هەر یەک لەو بڕیارانەی سەرەوە واتە بێبەریبوون لە گیانی ڕێکەوتنی جەزائیر.
هەر دوو لا پێوەندیی هەمیشەییان بە سەرۆک کۆمار بۆمیدینەوە دەمێنێتەوە و سەرۆک کۆمار بۆمیدین لە کاتی پێویستدا بۆ بەجێگەیاندنی بڕیارە دراوەکان کۆششی برایانە بە ئەنجام دەدات. خاوەنشکۆ شاهانشای ئێران و بەڕێز صدام حسێن بڕیاریانداوە پێوەندیی ئاسایی دراوسێیەتی و دۆستانەی خۆیان بە تایبەتی لە پێناوی بەرکەنار کردن و نەهێشتنی هەموو هۆکارە نێگەتیڤەکان لە نێوانیاندا لە ڕێگەی بەردەوام ئاڵوگۆڕ کردنی بیروڕا دەربارەی ئەو مەسەلانەی کە هەردوو لایان تێیدا هاوبەشن و پێک هێنانی هاریکارییەکی یەکساندا, چەسپاو بکەن.
هەردوولا بەفەڕمی ڕای دەگەیەنن کە ناوچەکە دەبێت لە هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی بە دوور بێت بە مەبەستی دەست نیشان کردنی شێوەکارێکیی کۆمیسیۆنیی تێکەڵاو لە ئێران و ئێراق کە بۆ بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی بڕیارە دراوەکان بەڕێککەوتنێکی هاوبەش پێک دەهێنرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران و ئێراق بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی جەزائیر لە 15 مارتی 1975دا لە تاران کۆدەبنەوە.
جەزائیر, لەسەر خواستی هەردوولا لە هەموو دانیشتنە تێکەڵاوەکانی ئێران و ئێراقدا بانگهێشتن دەکرێت. کۆمسیۆنە تێکەڵاوەکە دەستوور و شێوەکاری خۆی دەست نیشان دەکات و لە کاتی پێویستدا بە شێوەی یەک لە دوای یەک لە بەغدا و تاران دانیشتن پێک دەهێنن. پایە بەرزترین خاوەنشکۆ شاهەنشا ئەو بانگهێشتنەی کە لەلایەن سەرۆک کۆمار ئەحمەد حەسەن ئەلبەکرەوە بۆ ئەنجامدانی سەردانێکی فەڕمی لە ئێراقەوە و لە بەمەزن زانینی ئەوەوە ئاراستەی کراوە بە شادمانییەوە پەسەند کرد. ڕێکەوتی ئەنجامدانی ئەو سەردانە بە ڕێککەوتنی هاوبەش دەستنیشان دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە بەڕێز صدام حسێن جێگری سەرۆک کۆماری ئێراق لە سەرۆک کۆمار هاواری بۆمیدین کە لە دڵەوە لە هەستێکی برایانە و بێ لایانانەوە پێوەندییە ڕاستەوخۆکانی سەرانی باڵای هەردوو وڵاتەکەی ئاسان کردووە, لەم ڕووەوە کە بە پێکهێنانی شێوازێکی نوێ لە پێوەندییەکانی نێوان ئێراق و ئێراندا بە سوود و بەرژەوەندییە باڵاکانی داهاتووی ناوچەکە کۆمەکیان کردووە, بە گەرمیەوە ڕێز و سوپاسیان ئاڕاستە کرد.
جەزائیر – بەرواری 6ی مارتی 1975.
تێبینی :
ئەم بەڵگەنامەیە لە لاپەڕەکانی 677 بۆ 678 دایە.
أعلی حضرت هومایون شاهنشاه ئاریامهر : ئەمە نازناوی تایبەتیی شای ئێران بوو.
ئەمەی خوارەوە ناونیشانی تەواوی پەرتووکەکەیە :
- بررسی تأریخی اختلافات مرزی ایران و عراق
- تألیف : أصغر جعفری ولدانی.
-(دفتر مطالعات سیاسی و بین المللی), وابستە بە وزارەت أمور خارجە جمهوری اسلامی ایران.
- تهران , تیرماە 1367.[1]