ناو: هاشم
نازناو: نانەوازادە
ناوی باوک: ساڵح
ناوی دایک: فاتم موڵازادەگان
رۆژی لەدایکبوون: 1928
رۆژی کۆچی دوایی: 1993
شوێنی لەدایکبوون: مەهاباد
شوێنی کۆچی دوایی: مەهاباد
شاعیری گەورە مامۆستا هاشم نانەوازادە کوڕی ساڵح و یای فاتم موڵازادەگان لە ساڵی 1928 لە شاری مەهاباد لە دایک دەبێ. وەک دەگوترێ ئەسڵ و بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ شاری موسڵ و لە سەردەمی بوداق سوڵتان ڕا باوانی هاتوونەتە مەهاباد و ئیتر هەر لەوێ نیشتەجێ بوون. مامۆستا هاشم لە تەمەنی 6 ساڵیدا باوکی لەدەست دەدات و بێ باوک دەمێنێتەوە. لە ئامێزی مامەکانیدا گەورە دەبێت و وەبەر خوێندنی دەنێن. بە هۆی گرفتی ژیان نەیتوانیوە لە پۆلی شەش زیاتر بخوێنە و ئیتر لە دوای ئەوە مل لە کار و کاسبی دەنێ. لە منداڵییەوە خوولیای نیگارکێشان بوو و دەستێکی باڵای لەو هونەرەدا هەبوو. تا ئێستا تەنیا تابڵۆکانی مامۆستا هاشم نانەوازادەیە کە بە کۆنترین تابڵۆکانی ڕەنگ و ڕۆن لە مەهاباد ئەژماردە دەکرێ. ئەو هۆزانە شاعیرێکی لێزان و بە هەست بوو. زیاتر لە 40 هۆنراوەی بۆ گۆرانییەکانی مامۆستا محەممەدی ماملێ داناوە کە بەناوبانگترینیان: لالە بەدەستان، یادی بەخێر، مەجنون لەبەرچی وا دەکەی، عەزیزم بەیانی و هتدە کە کەم کورد هەیە نەیانبیستبێت و ڕۆژانە نەبووبێتە وێردی زمانیان. ئەو مامۆستا بەرزە گەر نەڵێین لە گشت کوردستان بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە تەنیا هۆزانێک بووە کە لە موکریان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هۆنراوەی بۆ قالبی گۆرانی داناوە کە لە زمانی فارسیدا پێیدەگوترێ (ترانەسرا). بەڕێزیان هاوکات وەرزشوانێکی شاخەوانی و عاشقێکی سەرسەختی سرووشتی کوردستان بووە کە ئەو خۆشەویستییەیان بۆ سرووشتی کوردستان هەم لە تابڵۆکانیدا و هەم لە شێعرەکانیدا بەوپەڕی جوانییەوە ڕەنگی داوەتەوە و شێعرەکانی وەک ئینسکلۆپێدیایەکی دەوڵەمەند دەنرخێ کە لە زۆرەترین ناوی ڕوەک و گیان و گوڵی کوردستانی پێک هاتووە، ئەوە جگە لە یادکردنەوەی کۆمەڵێک داب و نەریتی کوردەواری و ناوهێنانی زۆربەی کێو و مەڵبەند و ناوچەی کوردستان. لە ساڵی 1992 بە هیمەتی کاک پۆڵای کوڕە گەورەی ئەو هونەرمەندە، کۆی هۆنراوەکانی مامۆستا هاشم لە کتێبێکدا چاپ و بڵاو کرایەوە بە ناوی (لالە بەدەستان). ئەو شاعیرە و هونەرمەندە گەورەیەی کورد لە ساڵی 1993 لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی دەکات و تەرمی پیرۆزیان لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی ئەو شارە بە خاک دەسپێردرێ. [1]