هەستی غەریبی کوشتمی!
نوسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەوراتی خۆم، لەزێدی باب و باپیرانم، لە تەمەنی پیریدا هەست بەغەریبی دەکەم!
وادەزانم لەسەحرایەکم کەسم لێ دیار نیە، دەوروپشتم چۆڵ و هۆڵە، لەو شارەدا کەس ناناسم، کەسیش ئەمن ناناسی، نە خانەقا ئاوەدانە، نە گەڕەکی عارەبان، نە تەعجیل و تەیراوە و سەیداوە سێتاقان، هیچیان داروبەردی بەسەر یەکەوە نەمایە، جادە و کۆڵانەکانیش گۆڕاینە، نە پیرەژنەک دەبینم لە پێش دەرکەی گەڕەکی تەعجیل و عارەبان دانیشتبی و جغارەی قامیش بکێشی، نە پیرەمێردەکیش دەبینم لەبندیواری مزگەفتەکی سەیداوە و سێتاقان بە دەستی تەسبیحەوە یادەوەرییەکانی سارانی گوندی لۆ هاوتەمەنەکانی بگێریتەوە.
ئێستا واملێهاتیە بچمە گەڕەکەکی شار دەبی پرسیار بکەم، ئێرە کێندەرە، ئەگەر نا لەناو شاری باب و باپیرانمدا بزر دەبم!
شارەکەم خەرکی ڕەسەنی تێدا نەما، سەلام و کەلامی چایخانەکان و موناقاشەی ئەدەبی کتێبەکان نەمان.
جاران بەناو قەیسەریدا پیاسەمان بکردایە، سەت کەس سەلامی لێمان دەکرد و ئەمەش دوو سەت سەلاممان لەدوکاندارەکان دەکرد، ئێستا چش!
هەست ناکەم هیچ شتەک هەبی بەو کۆمەڵگایەم ببەستیتەوە و هیچ ئینتمایەکم لۆ شارەکەشم نەمایە، مەگەر جار بە جار کوڕ و نەوەی کەسەکی ڕەسەنی ئەو شارە ببینم، ئەوانیش ئەمن ناناسنەوە.
وەکی گۆرانیەکە دەرێ : غەریب غەریب بێ کەسوکارم.
دەزانن لۆ ئەو هەستەم لێ پەیدابووە ؟ چونکی:
ئەخلاق و ئاداب و عادات و تەقالیدی جاران نەمان، کلتورەکی سەقەتی بێگانە بەسەر شارەکەمدا فەرز کرایە.
سیمای شارەکەم بە دەستی ئەنقەست گۆڕایە.
گەڕەکەکانمان ڕووخایە، ئەوەی ماشە چۆڵکرایە.
جاران فێر دەکراین، ئەگەر لەتە نانەک لەسەر عاردی کەتبی، دەبی هەریگرین و ماچی بکەین و لەبن دیوارەکی دایبنێن، داکم دەیگۆت چاوتان کۆرە دەبی ئەگەر هەرینەگرنەوە.
مامۆستای مەکتەبمان لەسەری کۆرانەک یان جادەیەک بدیتبایە، لەحەفت کونان بایە خۆمان دەشاردەوە نەبادا بمانبینی.
لەمەجلیسان لەخواری خوارەوە لەکن پێڵاوەکان دادەنیشتین، یان بە پێوە ڕادەوەستاین، جورئەتمان نەدەکرد لەنێزیک پیاوی گەورە دانیشین.
کەسەکی غەریبە بهاتبایە کۆرانەکەمان و تەماشای کچەکی جیرانمانی بکردبایە، خۆمان لەسەری بەکوشت دەدا.
مێوانەکمان بهاتبایە دەبایە پێشتر کولیچە و پاقڵاوەی لۆ حازر بکەین و بەعەلاگەوە مێوەجات بگوازینە مارەکانمان.
لە تازیە و حەفلەکاندا سێ شەو و سێ ڕۆژ لەسەر پێ ڕادەوستاین و ماندیش نەدەبووین.
کەسەک لەجیرانمان وەفاتی بکردبایە هەتا یەک مانگ تەلەفزیۆن و ڕادیۆمان پێ نەدەکرد.
هیچ نیوڕانەک بەبێ ناردنی دوو قاپ شیو لۆ جیرانان نانمان نەدەخوارد.
جیرانەک نەخۆشبایە، حەفت شارمان لەگەر دەکرد لەسەر مەسرەفی خۆشمان.
بەمنداری ئەگەر درهەمەکم لەسەر جادەی بدیتبایە دەستم لۆ نەدەبرد، دەمگۆت نەبادا ساحێبەکەی بێتەوە لێی بگەڕێ.
دەستمان لۆ پارەی حەڕام نەدەبرد، دەترساین خودا لەسەر دونیا عەزابمان بدا.
ئەوانەی باسیان دەکەم شەرت نیە هەمووی تەربیەتی داکو بابمان بیتن، زۆربەی ئەو ئەخلاقە جوانانە لەناو کۆمەڵگەدا فێری دەبووین، دە ئێستا پێم برێن، ئەو کۆمەڵگەیەی ئێستا ئەو قییەم وئەخلاقەیان لەناودا مایە.
ئەوجا هیچ لێم مەگرن ئەگەر بڕێم، ئێستا من غەریبم لەشار و زێدی باب و باپیرانم.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!