دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
بەبۆنەی ڕۆژی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە پیرۆزباییەکی گەرم لەکچان و ژنانی خۆڕاگری کوردستان دەکەین کە سەرەڕای لەمپەڕەکان و وێڕای تاوانەکانی ژن کوژان کە بەداخەوە بۆتە دیاردەیەکی بەدناو و لەپێناو بەدیهێنانی مافەکانیاندا لەخەباتی ڕێکخراوەییان بەردەوامن.
لەم بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانین وەبیر هەموو لایەکی بهێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لەسەرەتای تێکۆشانی هەمەلایەنییەوە و لە سۆنگەی بڕوابونی بەوەی ژنان بەشێکی دانەبڕاوی خەباتی سیاسیی و مەدەنیی پێشخستنی گشت کایەکانی ژیانی کۆمەڵی کوردستانن، زەمینەی ڕەوتی خەباتی ژنان و ئینجا پێکهێنانی یەکێتیی ژنانی کوردستانی ڕەخساند، دوای ڕاپەڕینیش ژنان زیاتر تواناکانی خۆیان سەلماندو ڕێکخراوەکەشیان چالاکانەتر بووە داکۆکیکەری مافەکانی ژنان هەر بۆیە سەرۆک #مام جەلال#-یش هەمیشە پشتیوان و پارێزەری ماف و بەدیهێنەری خواستەکانیان بوە.ئەوەبو لەساڵی 2002 دا هەردوو بڕیاری 59 و 62 ی دەرکرد کە یەکەمیان تایبەت بوو بە مامەڵەکردنی بکوژانی ژن بە بیانوی شەرەف وەک تاوانبار تا لە قانون و دەستی عەدالەت قوتار نەبن، ئەوی تریشیان ڕێگری کردن بوو لەفرە ژنی. جگەلەوانەش بواری زیاتر ڕەخسێنرا بۆ بەشداری ژنان لەناوەندەکانی بڕیارو چەندین دەزگای حکومی و مەدەنیشی بۆ داکۆکی و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆڵی ژنان دامەزراند.
سەرەڕای ئەوانە بەداخەوە ئێستا ئاماری پێشێلکارییەکانی دژ بەژنان ڕوو لە هەڵکشانە و ئاماژەکان ترسناک و مایەی شەرم ونەنگین. بۆیە گشت هەوڵەکانمان زیاترچڕدەکەینەوە بۆ پارێزگاری لە مافەکانی ژنان وڕێگریکردن لەوهەڕەشە وپێشلکارییانەی بەهەر پاساو بیانویەکەوە ڕوبەڕویان دەبێتەوە.چونکە ئەو هەڕەشەو مەترسیانەی ڕوبەڕوی ژنان دەبنەوە بەمەترسیی و دژایەتیی بۆسەر مرۆڤایەتیی و تەواوی ناوەند و دامەزراوەکان و کوردەواریی دەزانین بۆیە چیتر ئەوانە لای ئێمە جێگەی قبوڵکردن نابێت..
لەکۆتاییدا بەرز وپیرۆز بێت ساڵیادی 8ی مارس بەرەو چەسپاندنی زیاتری هەمو خواست و مافەکانی ژنانی کۆڵنەدەر و بەڵێنی داکۆکیکردنی بەردەوام وشیلیگێرانەمان بۆ ژنانی کوردستان دووپات دەکەینەوە.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان[1]