دەقی پەیامەکەی #مەسعود بارزانی#:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
زۆر بە بەرزی یادی پەنجا و دوو ساڵەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار دەکەینەوە کە دەستکەوتێکی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بوو.
لە ئەنجامی پێداگری و خۆڕاگریی گەلی کوردستان و شۆڕش، بە ڕابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر ڕژێمی عێراق ناچار کرا کە لە یازدەی ئاداری 1970دا بۆ یەکەم جار و بە شێوەیەکی فەرمی دان بە بەشێک لە مافەکانی گەلەکەماندا بنێت.
یازدەی ئاداری 1970، بەڵگەیەکی ڕوونە لە سەرکەوتنی شۆڕش و ئیرادەی ڕەوای گەلی کوردستان بەسەر نکۆلیکاریی ناحەزانی گەلی کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ سڕینەوەی گەلەکەمان. ڕێککەوتننامەی یانزدەی ئازار بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان بوو. ئەو خەباتەی لەپێناو بەرقەراربوونی پێکەوەژیان و شەراکەت و دادپەروەری و ئاشتیدا بەردەوام بوو و گەییشتە ئەنجام.
ڕاستە لەدوای ڕێککەوتنی یازدەی ئازاریش ڕژێمی عێراق ڕێگەی پەیمانشکێنی و ملهوڕی گرتەبەر بەڵام ئیرادەی گەلەکەمان بۆ بەردەوامی خەبات و خۆبەدەستەوەنەدان هەر بەردەوام بوو و، بووە هۆی بەدەستهاتنی دەستکەوتی گەورەتر.
لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازاردا جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێکەوەژیانی گەلی کوردستان دەکەینەوە و ئەوەش دووپات دەکەینەوە کە لە هەر بارودۆخ و لەژێر هەر گوشارێکدا ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێت و، کوردستان دەستبەرداری ئازادی و مافە ڕەواکانی نابێت.
مسعود بارزانی
11ی ئاداری 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!