دەقی گوتارەکەی #مەسرور بارزانی#:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان، سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم
خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم
پێش ئەوەی دەست بە گوتارەکەی خۆم بکەم، حەز دەکەم ئاماژە بە گوتاری بەیان عوسمان بکەم، پێی بڵێم کە ئێمە چەند شانازیت پێوە دەکەین، شانازی بە شێرەژنی کوردستان دەکەین، بە هەموو دایک و خوشک و خێزان و کچی شەهیدانمان دەکەین، ئه و قوربانییەی ئێوە داوتانە، ئێمە هەرچی بکەین ناتوانین قەرەبووتان بکەینەوە، جگە لەوەی درێژەپێدەری ئه و ڕێگە پیرۆزە بین و ئێمەش ئامادەبین وەک کوڕە شەهیدەکانت گیانی خۆمان لە پێناو گەل و نیشتمانمان بەخت بکەین.
دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم، ئه و هەموو غەدر و زوڵم و ناحەقیەی بەرامبەر بە خوشک و دایکانی ئێزدی کرا، دەبینین دیسان ئەوان بەردەوامن لە کارکردن و خزمەتکردن، نەک تەنیا ورەیان نەڕووخا، بەڵکو ورە بە ئێمەش دەبەخشن.
خۆشحاڵم کە دەبینم چەندین خانمی سەرکەوتوو لێرەن، هەندێکیان باسی خۆیان کرد، زۆرێکشیان دەرفەتیان نەبوو بێنە ئێرە و باسی چیرۆکی سەرکەوتنی خۆیان بکەن لە کوردستان، دڵنیام بە بەشداری کارا و زیاتری ئافرەت، دەتوانین کوردستانێکی ئاوەدانترمان هەبێت.
سەرەتا بە بۆنەی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم، دەستخۆشی لە ئەنجومەنی خانمان و گەشەپێدان و گشت ڕێکخەرانی ئەم بۆنەیە دەکەم، کە تایبەتە بە ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتان لە ژێر ناوونیشانی یەکسانی جێندەری ئەمڕۆ، بۆ داهاتوویەکی بەردەوام.
ئاشکرایە ئافرەتانی کوردستان، لە درێژایی مێژووی گەلی کوردستان و لە قۆناغە جیاوازەکاندا، هەمیشە بەشدارییەکی کاریگەریان لە بوارە جیاکانی ژیان و هەروەها خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستاندا هەبووە. لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان، ئافرەتانی پێشمەرگە نموونەی ئازایەتیی و گیانفیدایی و قوربانیدان بوون و لە ڕووی وڵاتپارێزی و گیان بەختکردن و پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتمان شانبەشانی برا پێشمەرگەکان، ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و بوێری ئافرەتانی کورد، ناوی کوردستانیان بەرزتر کرد.
ئەمڕۆش ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی دیار و کارا لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەگێڕن، ئافرەتانی پۆلیس و ئەفسەرەکانی دەزگا ئەمنییەکان، توانیویانە ئاستی لێهاتوویی ڕۆڵی کاریگەری ئافرەت بسەلمێنن.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی ژنان و ئافرەتانی کوردستانیش لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا، پێشکەوتنێکی بەرچاو و پەیام و ئاماژەیەکی ڕوونی کۆمەڵگەی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ زیاتر برەودان بە بنەماکانی یەکسانی جێندەری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک لە دژی ئافرەتان. بۆ نموونە لە کابینەی نۆیەمدا، ڕێژەی بەشداری ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکومەت و سەرۆکایەتیکردنی زانکۆکان و بەشداریان لە جومگەکانی تری حکومڕانی و بوارە خزمەتگوزارییەکان و کەرتی تایبەتیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بێگومان کارکردن بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئافرەتان و پاراستنی مافەکانیان و بەهێزکردنی پێگە و بەشداری ئافرەتان لە هەموو کایەکانی ژیان و بەتایبەتی بەڕێوەبردندا، تەنیا ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی نییە، چونکە خێزان و سیستمی پەروەردە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و زانایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئێمە هەموومان بەیەکەوە، دەتوانین ڕۆڵێکی کاریگەرمان هەبێت لە پاراستن و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتان و پەرەپێدانی تواناکانیان، بۆ ئەوەی ڕۆڵی کارای خۆیان لە نێو کۆمەڵگەدا بگێڕن. هەروەها پێویستە کار بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی جێندەری بکەین، لە ڕێگەی دابینکردن و هێنانەئارای زەمینە و ژینگەیەکی سەقامگیر و لەبار بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە. چونکە دەبێ ئافرەتان، بە پێی توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە، ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان هەبێت لە هەموو کایەکانی ژیاندا، بۆ ئەوەی تواناکانی خۆیان بخەنەگەڕ لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەیان.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستانیش، وەک زۆر کۆمەڵگەی دیکەدا، دیاردەی نەگریسی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بە شێوەی جۆراوجۆر هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبێتەوە و پابەندبوونی خۆشی بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە گشتی و بەتایبەتی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دووپات دەکاتەوە. لەم پێناوەشدا حکومەت، بەردەوامە لە کارکردن بۆ بنبڕکردن و سنووردانان بۆ ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و کۆمەڵگە و دابینکردنی هەلی کار و جێبەجێکردنی یاساکان و کاراترکردنی ڕۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردن و بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم بەتایبەتی داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەم کە هاوکار بن و ڕۆڵی گرنگ و ئەرێنی خۆیان لە پەرەپێدانی کولتووری یەکسانیی جێندەری و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بگێڕن و نابێت ببنە سەکۆیەک بۆ هاندانی توندوتیژی و زیاتربوونی دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان.
جارێکی دیکە ڕۆژی جیهانی ئافرەتان لە گشت ئافرەتانی کوردستان و جیهان پیرۆز دەکەم و هیوادارم ئافرەتان و کۆمەڵگە بەگشتی، لە ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتندا بن و دووربن لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک.
جارێکی دیکە سوپاستان دەکەم.[1]