دەقی پەیامەکەی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان:
گەلی خۆراگری کوردستان
راپەڕینی پڕشکۆ و پڕ لەسەروەری نەتەوەیی لە باشووری کوردستان کە لە 5ی ئازاری 1991 لە دژی ڕێژیمی بەعسی فاشیست وەگەر خرا، نووختە وەرچەرخانێکی گرنگی مێژوویی لە بزاڤی کورد دا پێکهێنا، ئاورینگی مەشخەڵی ڕاپەرین لە #ڕانیە#ی سەربەرزەوە دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کەم دا شار بە شار و گوند بە گوندی باشووری کوردستانی لە #زاخۆ# تا #خانەقین#ی گرتەوە، و لە هەمان ساڵ دا بە ئازادکردنی شاری #کەرکووک#ی هەردەم کوردستانی گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی و بە گڕی بابا گوڕگوڕ ئاگری نەورۆزی ئازادی و سەربەستی هەڵگیرساند، لە ڕاپەرین دا بەرخۆدانی خەڵک و پێشمەرگەی باشووری کوردستان لەپەڕی هێزەوە بوو و جێگای ستایش و پێزانینن، بەڵام مەخابن ڕێژیمی بەعس ئەمجارە بە لێشاو هێرشی هێنایەوە سەر باشووری کوردستان، کە ئیتر کورد لێرەوە بڕیارێکی نەتەوەیی دەرکرد و ئەویش تەسلیم نەبوون بوو، بۆیە کۆڕەوی میلیۆنی کوردان وەک گەورەترین حەرەکەی نافەرمانی مەدەنی لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستان دێتە ئەژماردن.
سەرەتا ڕاپەڕین و دواتر کۆڕەوکە توانیان سەرەنجی ڕای گشتی جیهانی بۆ لای دۆزی ڕەوای کورد ڕابکشێن، و ئەم هاودەنگی و تەباییە لەگەڵ ئەم گشتە زەخت و گوشارە گەورە جەماوەرییەی کوردان لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان توانی زۆرترین پشتیوانی دەرەکی بۆ دۆزی کورد دەستەبەر بکات، و ئەم دەنگە بەهێزە حەقخوازییەی نەتەوەی کورد گەیشتە گەروەترین ناوەندەکانی بریاردانی جیهانی، لە ئاکام دا ئەنجوومەنی ئاسایشی جیهانی لە کۆبوونەوەیەکی خێرا دا بڕیاری دا بە دەرکردنی پەیمانی 688 و دیاری کردنی هێڵی 36 و ناوچەی دژە فڕین و ئارام و پاراستنی مرۆیی بۆ بەشێکی زۆر لە خاکی باشووری کوردستان، کە لە ئەنجام دا یەکانگیری نەتەوەیی و سازانی نێوان حیزبی و ناوماڵی کوردی باشووری کوردستانی لێکەوتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا دوابەدوای ساغبوونەوەی سیاسی بەرەی کوردستانی بە کۆدەنگیەوە یەکەم هەڵبژاردنی دێموکراتیک لەمێژووی کورددا ئەنجام درا و پارڵمانی دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان وەک مەرجەعی یاسایی و پاشان دامەزراوەیەکی سیاسی_ نەتەوەیی واتە حکومەتێکی دیفاکتۆ لە باشووری کوردستان لەسەر ئەرزی واقع تا ساڵی 2003 بۆ کورد ساغ بکاتەوە و بیکاتە ئەمری واقع، کە دواتر لە دوای ڕوخانی ڕێژیمی بەعس لە ساڵی 2005 ئەنجوومەنی حوکم و نووسینەوەی دەستووری عێراقی ئەم حکومەتە دیفاکتۆیەی هەرێمی کوردستان کرا بە فەرمی و دێژوور و لە دەستووری عێراقی فیدراڵ دا دانی پێدانرا و کورد لە باشووری کوردستان بۆوە خاوەن ستاتۆیەکی نەتەوەیی و دانپێنراوی حقوقی نیمچە سەربەخۆ لە مێژوودا، کورد لە سەر ئاستی ناوخۆی عێراقیش دا بۆوە خاوەن پێگەی بەهێزی سیاسی و وەزنێکی قورس لەناوهاوکێشەکانی ناوچەیی دا.
ئازادی خوازان!
ئێستا باشووری کوردستان تاکە پەناگا و پشتیوانی هەموو تاک و پارت و ڕێکخراوەکانی چواربەشی کوردستانە کە بە هۆی زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتەکانی حاکم بەسەر بەشەکانی تری کوردستان دا ڕووی تێدەکەن، بۆیە هەڵدەگرێت هەموو بە هومێدەوە لێی بڕوانن و بە هەموو توانامانەوە هەوڵی پارێزگاری کردنی بدەین.
بە خۆشیەوە دوای ڕاپەرینی باشووری کوردستان و سەقامگیر بوونی و ئەزموونێکی دووردێژی حوکمرانی کە لە ناوچە دا نموونەیەکی تا ئاستێکی بەرز سەرکەوتووە، هاوکات لە ڕۆژئاوای کوردستانیش گەلی کورد توانیان خاوەندارێتی لە ئیرادەی نەتەوەییان بکەن و وەکوو دواهەمین قەوارەی سیاسی دیفاکتۆ لە سیستەمی خۆسەر دا خۆیان سازبدەن.
لە ساڵرۆژی ڕاپەرینی پڕ لە حەماسەت و خۆراگریدا پێویستە بە کورتی ئاماژەش بەوە بکەین کە کۆماری کوردستان وەک یەکەم ئەزموونی حوکمرانی مۆدێڕنی کوردی کە خاوەن سیستەمی مووئەسساتی دیفاکتۆ بوو، و بنەما فکری و فەلسەفیەکانی و ئەزموونی 11مانگی کۆماری میللی و دیفاکتۆی کوردستان بوونە هۆی سەرچاوەی ئیلهام و میناک و هەوێن بۆ ئەمرۆی کورد و دوارۆژی هەر چواربەشی کوردستان، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک دامەزراوەی دێژووری دانپێدانراوی حقوقی و سیستەمی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک ئەزموونێکی نوێی دیفاکتۆ دوو نموونەن کە لەسەر هەمان ڕێگا و مەش و ڕێباز و ئەندیشەیی بەرزی کۆماری کوردستان دامەزراون، کە هیواخوازین بتوانرێت ئەزموونی کۆمار لە هەردوو بەشە گەورەکەی کوردستان واتە ڕۆژهەڵات و باکووریش بە کردەوە چێ بکرێت و نەتەوەی کوردیش خاوەندارییەتی لە سەروەری سیاسی و نەتەوەیی خۆی بکات.
لەم بۆنە پیرۆزەی یادی ڕاپەرین دا، داواکارین لە پارت و لایەنەکان و جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە سوود وەرگرتن لە نەخشەرێگای بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ساغکردنەوەی حکومەتی دیفاکتۆی، تەوافقی، ئینتقالی، وە لە تەبعیددا، هەموو هەوڵ و تەقڵایان بخەنەگەڕ تاکوو بتوانن مافی قایم بەزاتی کورد لەشکلی مومکین و
واتە خۆبەرێوەبەری خۆجەییدا مسەوگەربکەن.
لەکۆتای دا بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاست هەموو شەهیدانی ڕاپەڕینی 1991ی باشووری کوردستان سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنیت و دەستکەوتە مەزنەکانی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەرین کەسەرمایەی سیاسی و نەتەوەی و مەعنەوی گەورەی کوردن لە چواربەشی کوردستان دا بەرز و پیرۆز دەنرخێنێت.
سەرکەوێ بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئاشتیخوازی کورد لە کوردستانی گەورە
بەرز و پیرۆز و شکۆدار بێت یادی ڕاپەرین
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
5ی مارسی 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!