#زەینەب خان# شاژنی ئەدەب
#خەلیل عەبدوڵڵا#
کورد پێش دەکەوێ، بەئەدەب و فەن
بەئازادی ژن، بەخوێندەواری
بەبێ تەفرەقە و بەیەکیەتیی گەل
بەخۆشەویستی ناو کوردەواری
(زەینەب)
زەینەب خان، شاعیرێکی هەڵکەوتووی کوردستانە و لەرێی شیعر و بەرهەمە ئەدەبییەکانی خزمەتێکی زۆری بەکاروانی ئەدەب و زمانی شیرینی کوردی کردووە و وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی ئەدەبی کوردی بەنەمری و گەشی دەمێنێتەوە.
زەینەب کچی مەلا ڕەئوف کوڕی مەلا مەحمود کوڕی عەللامە مەلا سەعد خادم سوجادە، ناوی تەواوی ئەو کەسایەتییە کولتورییە بە زەینەب خان ناسراوە.
ساڵی 1900 لەگەڕەکی بەفری قەندیی شاری کۆیەی مەڵبەندی ئەدەب و هونەر لەدایکبووە.
لە ئامێزی خانەوادەیەکی شاعیر و ڕووناکبیر و ئەدەبپەروەری ناودار، گەورە بووە، باوک و باپیری شاعیر و خوێندەواری سەردەمی خۆی بوون، دایکی خزمی نزیکی حاجی قادری کۆیی بووە.
کاریگەری ئەو دوو خانەوادە ڕووناکبیرەی بەسەرەوە بووە، هەر بۆیەش لەسەردەمی گەنجییەوە خولیای ئەدەب بووە و ئەو شاعیرە بەتوانایەی لێدەرچووە.
مەلا ڕەئوفی باوکی پیاوێکی ڕووناکبیر بووە و جیاوازی لەنێوان کوڕ و کچەکانیدا نەکردووە، هەر بۆیەش ساڵی 1906 زەینەبی ناردووە بۆ ماڵی خاڵی لەبەغدا بۆ ئەوەی بخوێنێ، لەو ساڵەدا وەک یەکەم کچی کورد لە مەدرەسەی (روشدییە)ی کچان دەخرێتە بەرخوێندن و قۆناغی سەرەتایی لەشاری بەغدا تەواو دەکات و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی و لەشاری کۆیە درێژە بەخوێندنی ئاینی دەدات، بێ لە دەرسە ئاینییەکان، بەئەدەبیاتی فارسی ئاشنا دەبێ و بوستان و گوڵستانی سەعدی و شیعرەکانی حافز بۆ ناو جیهانی ڕەنگینی شیعر و ئەدەب کێشی دەکەن.
بێ لەزمانی فارسی، زمانی عەرەبی بەباشی زانیوە و شیعری پێنووسیوە و دیوانێکی شیعری دەستنووسی بەزمانی عەرەبی هەیە و تا ئێستا چاپ نەکراوە، عەرەبی زانینەکەی بەهۆی خوێندنی بەزمانی عەرەبی لەبەغدا و خوێندنی ئاینی لەکۆیە و شارەزایی باوکی لەزمانی عەرەبی بووە. زەینەب خان لەبارەی سەروکاری بەشیعر و ئەدەبیاتی عەرەبی دەڵێ :
عەرەبی فێر بووم لە ڕێگای قورئان
لەرێی کتێبی پڕ عیلمی یەزدان
شیعری جاهیلیم هەموو خوێندەوە
بەلاغەتی وان قەت ناکرێ بەیان
هەتا گەیشتمە سەر موتەنەبی
گێژ بووم لەبەحری کەلیمەی جوان جوان
زەینەب خان، زمانی تورکیشی بەباشی زانیوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەساڵی 1923 شووی بە(سەعید ئاغای ئال سەیدی ئەحمەدیی شاری #هەولێر# کردووە و لەقەڵای هەولێر نیشتەجێ بووە، لەرێی خەڵکی نیشتەجێی قەڵاوە فێری زمانی تورکی بەباشی بووە و شیعری پێنووسیوە.
زەینەب خان، زمانی عیبریش لەدراوسێیەکی جولەکەیان لەشاری کۆیە فێربووە و قسەی پێکردووە و پێی نووسیوە.
زەینەب خان، بەحوکمی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خانەوادەکەی، تێکەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بووە، لەگەڵ دڵدار و ئاسەفی برای لەدامەزرێنەرانی حزبی دارکەر و هیوا بوون و خەباتیان لەو دوو حزبەدا کردووە و زەینەب خانی شیعر و سروودی بۆ ئەو دوو حزبە نووسییوە.
هەروەها خۆی و باوکی و ئاسەفی برای و سەعید ئاغای هاوسەری لەحزبی خۆیبووندا خەباتیان کردووە و ڕۆڵی دیاریان هەبووە.
بەحوکمی پێگەی بنەماڵەکەیان، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ بنەماڵەی بەدرخانیان و شاعیرانی سەردەمی خۆی وەک (پیرەمێرد، بێکەس، حەمدی، تاهیر بەگ و ئەحمەد موختار بەگ) هەبووە و بۆ کۆچی دوایی ئەو شاعیرانە بە شیعر شیوەنی گێڕاوە.
زەینەب خان، لەبوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی و وەسفی سروشتی کوردستان، شیعری نووسیوە، شیعرەکانی ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری و توانا و سەلیقەی ئەدەبی ئەو نیشان دەدەن.
شیعری جوانیشی بۆ ژنان نووسیوە و لەپارچە شیعرێکدا دەڵێ :
ئافرەت بناغەی بوونی ئینسانە
بەری درەختی گشت وەرزەکانە
گەر ئافرەت نەبێ، ژیان خۆی نابێ
گەر پیاو دەنگ بێ، ئافرەت زمانە
خۆشەویستییەکی زۆری بۆ شاری کۆیەی مەفتەنی هەبووە و لەو بارەیەوە دەڵێ :
مەنبەعی علوم و فەن و عیرفانە کۆیە
شاری فەخر و مەسکەنی خانەدانە کۆیە
ئەوەی ببینێ دەفعەیەک ئادابی کۆیی
حاڵیە کە قدوەی شاری شارانە کۆیە
زەینەب خان، زۆر بایەخی بەکۆکردنەوەی هۆنراوەی فۆلکلۆری کوردیی ناوچەکانی کۆیە و دەشتی هەولێر داوە و تۆماری کردوون و وەک دەستنووس لەدوای بەجێماوە و عەبدولخالق عەلائەدین لێیکۆڵیوەتەوە و پەراوێزی بۆ نووسیوە و دکتۆر کەمال مەزهەر پێشەکی بۆ نووسیوە و ساڵی 2021چاپکراوە.
زەینەب خان بایەخیشی بەنووسینی مەولوودنامەی پێغەمبەر داوە، بەیەکەم ژنی کورد دادەنرێت، کە مەولوودنامەی بەشێوەی هۆنراوە و بەزمانی تورکی عوسمانی نووسیوە.
زەینەب خان، بایەخیشی بە ئەدەبی مناڵان داوە و شیعر و چیرۆکی بۆ نووسیون.
کەشکۆڵێکیشی لەدوا بەجێماوە، ئەو کەشکۆڵە بابەتی هەمەڕەنگی لەخۆگرتووە، لەوانە کۆمەڵێک شیعری تێدایە کە بەزمانی فارسی نووسیونی و شارەزایی لەو زمانە و ئاستی بەزری ڕۆشنبیری و ئەدەبی نیشان دەدەن.
هەر لەو کەشکۆڵەدا کۆمەڵێک چوارینەی بەنرخی تێدایە، کە لەژێر کاریگەری چوارینەکانی خەیامدا نووسیونی، توانا و سەلیقەی ئەو لەو بوارەدا دەردەخەن.
زەینەب خان، 30 ساڵی تەمەنی خۆی بۆ دانانی فەرهەنگێکی (کوردی- کوردی) تەرخان کردبوو، کەفەرهەنگێکی دەوڵەمەندی کوردی بووە، ساڵی 1961 لەلایەن قازی ڕەشاد فەندییەوە دراوە بەگیوی موکریانی بۆ ئەوەی چاپ بکات، بەڵام چاپ نەکراوە، بەداخەوە ون بووە و سۆراخی نییە.
ئەم شاعیرە بەتوانایەی کوردستان، ساڵی 1963 بەنەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد و لەگۆڕستانی (ئیمام محەمەد)ی شاری هەولێر بەخاک سپێردرا.[1]
$سەرچاوە:$
ژیننامەی زەینەب خان لە هۆنراوەکانیدا، د.کەمال غەمبار 2021