ئەمشەو شەوی بەراتە، لە چییەوە هاتووە چی لەسەر دەزانیت؟
شەوی بەرات یەکێکە لەو بۆنانەی ساڵانێکی کۆنە لە کوردستان بە تایبەت لە شاری #سلێمانی# و چەند ناوچەیەکی دیکە، (15) ڕۆژ پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان یاد دەکرێتەوە، تێیدا منداڵان ماڵان دەگەڕێن و نوقڵ و شیرینی و دیاری وەردەگرن.
بەرات، لە ساڵانی ڕابردوودا گەرم گوڕییەکی زیاتری هەبوو، منداڵان بە کۆمەڵ چەندین گەڕەک دەگەڕان و بڕێکی زۆر نوقڵ و شیرینیان کۆدەکردەوە، بەشێکی ئەو ماڵانەش کە دۆخی داراییان باشبوو پارەیان دەدا بە منداڵان، بەڵام لەئێستادا ئەو بۆنەیە تاڕادەیەک کاڵ بۆتەوە و ژمارەی ئەوانەی لەو شەوەدا دەگەڕێن کەمی کردووە.
گرنگینەدان بە یادکردنەوەی شەوی بەرات پەیوەندییەکی زۆر بەکاڵبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵاییەکان و بەرکاهێنانی زۆری تەکنەلۆژیا و ئاگادارنەبوونی نەوەی نوێ بەو بۆنەیە هەیە، بەڵام لەبەشێکی گەڕەکە میللییەکان تائێستا گەرموگوڕی خۆی هەیە.
$مێژووی بەرات$
محەمەد مەردان لە پەڕتووکی بەرات لە ڕێڕەوی مێژوودا ئاماژە بەوە دەکات، ناوی بەرات بەمانای بەخشین و خەڵات دێت هەر بۆیە نوقڵ و شیرینی دابەش دەکرێت، لەبارەی مێژووەکەشیەوە دەڵێت: بەرات، دەگەڕێتەوە بۆ پێش دەوڵەتی ماد و چەند سەرچاوەیەکیش دەیبەستنەوە بە کاتی ڕووداوەکانی کاوەی ئاسنگەر و یادکردنەوەی نەورۆزەوە.
$بەرات لە ئایینی ئیسلامدا؟$
شەوی بەرات لە (14) لەسەر (15) ی مانگی شەعبان یاد دەکرێتەوە، لە ئایینی ئیسلامدا بە گرنگی و پیرۆزییەوە باس لەوە شەوە کراوە ئەوەش بەهۆی چەند ڕووداوێکەوە کە لەو کاتەدا ڕوویداوە، بەشێکی زانایان گرنگی و پیرۆزی شەوەکە هاوتا دەکەن لەگەڵ شەوی قەدر.
یەکێک لەو ڕووداوانەی لە شەوی (14) لەسەر (15) ی شەعبان ڕوویداوە، گۆڕینی قیبلەی موسوڵمانان لە قودسەوە بۆ کەعبەی پیرۆز لە شاری مەککە، ئەو گۆڕانەش لە ساڵی دووەمی کۆچیدا بووە، دوای ئەوەی موسڵمانان بۆ ماوەی (16) مانگ بۆ نوێژکردن ڕوویان دەکردە مزگەوتی ئەقسا لە شاری قودس.
زانایانی ئیسلام باس لەوە دەکەن شەوەکە لای پێغەمبەر محەمەد (د.خ) پیرۆزبووە، بەپێی چەند فەرمودەیەکیش داوای کردووە هەر کەسێک دەتوانێت لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بێت و نزا و پاڕانەوە بکات، بەتایبەت لە ئێوارەی (14) ی مانگ تا بەرەبەیانی (15) ی مانگی شەعبان، چونکە خودا ڕەحمەتی خۆی دەبارێنێت و لەگوناهی موسڵمانان خۆشدەبێت.
$بەرات لای ئێزدییەکان$
جگە لە موسڵمانان، ئێزدییەکان لەمانگی نیسان یادی بەرات دەکەنەوە و لای ئەوان سەری ساڵ و شەوی بەدیهاتنی ئاوات و خۆزگەکانە، ئەوان لەو شەوەدا لە ئەشکەوتی بەرات گڵ دەهێنن و لەگەڵ ئاوی کانی سپی تێکەڵدەکرێت، دواتر وەک هەڵمات خڕ دەکرێت و هەڵدەگیرێت.[1]