دەقی بەیاننامەکە:
هەموو ساڵێک لە 16ی ئازاردا، مرۆڤایەتی یادی تاوانێکی گەوره و کۆمەڵکوژییەکی دڕندانە دەکاتەوە، کە ڕژێمی بەعسی ڕوخاو بەسەرۆکایەتی تاوانبار سەدام حسێن لەماوەیەکی کەمدا بەچەکی کۆمەڵکوژی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بۆردومانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری کرد و بەهۆیەوە 5000 مرۆڤی بێتاوانی کورد لە ژن و مناڵ و گەنج و پیر بەچەکی کیمیاوی خکێنران و هەزارانی تریش بریندار و ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون.
بەداخەوە له و ڕۆژگارەدا بەهۆی بەرژەوەندییەکانیان، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز بێدەنگیان هەڵبژارد بەرامبەر به و تاوانە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان بە تاوانی جینۆساید ئەژمار دەکرێ.
دوای 34 ساڵ، هێشتا ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ئه و تاوانە گەورەییەی دژەمرۆڤایەتی بەسەر دانیشتوان و ژینگەی ناوچەکەوە ماوە. هێشتا ژمارەیەکی زۆر برینداری بەرکەوتەی گاز و کیمیاوی باری تەندروستیان نالەباره و دەیان هاوڵاتی تریش وون بوو و بێسەرو شوێنن.
لەم یادە مەرگبارەدا، جەختدەکەینەوە لەسەر:
یەکەم/ تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە جینۆسایده و تاوانی دژەمرۆڤایەتیە، دەگمەنە لەمێژوودا دەستەڵاتێک پێکهاتەیەکی گەلەکەی خۆی کۆمەڵکوژ بکات، بۆیە پێویستە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتوان بکرێتەوە.
دووەم/ پارێزگای هەڵەبجە وەک نۆزدەیەمین پارێزگای عیراق گرنگی پێ بدرێت و هەموو ڕیوشوێنە ئیداری و یاساییەکانی تری تەواو بکرێت.
سێیەم/ لەرووی ئاوەدانکردنەوە، هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکەن.
چوارەم/ بریندارانی تاوانەکە چارەسەر بکرێن و ئەوانەی پێویستیان بەدەرەوەی وڵات هەیە ڕەوانە بکرێن.
پێنچەم/ کەیسی مناڵە وون بووەکانی هەڵەبجە گرنگی پێ بدرێت و چارەنوسیان یەکلابکرێتەوە.
گەلی کوردستان سەرباری ئەوەی ڕووبەرووی جینۆسایدو تاوانی گەورەی پاکتاوی نەژادی و وێرانکاری بۆتەوە، بەڵام هەمیشە هەوێی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ئاشتی بووە، بۆیە لەم یادەدا، پێداگیری لەسەر قووڵکردنەوەی تەبایی دەکەینەوە. هەروەک دەبێت بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەوانە نەدرێت کە زەمینە خۆش دەکەن بۆ چاندنی ڕقی نەتەوەپەرەستی و سرینەوەی پێکهاتەکانی تر.
سڵاو لەشەهیدانی هەڵەبجە و سەربەرزی بۆ کەسوکاریان، سڵاو لەبریندارە خۆراگرەکان.
روورەشی بۆ تاوانبارانی بۆردومانکردنی هەڵەبجە.
فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
16ی ئازاری 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!