دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو ساڵیادی ئازادکردنی کەرکووکی قودسی کوردستانەوە
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز، سەری ساڵی کوردی و وەرزی نوێبونەوەی سروشت و ژیان و سیمبولی خۆڕاگری و بەگژداچوونەوەی ستەم و زۆرداری. هاوکات لەگەڵ یادی سی و یەک ساڵەی ڕاپەرینی گەلەکەمان، کە بەئازادکردنی شاری کەرکووک تاجی سەرکەوتنەکانی لەسەرنا، پیرۆزباییەکی گەرم لە تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و میللەتانی نەورۆزخواز لەسەرتاسەری دونیا دەکەین و هیوادارین لەم بۆنە نەتەوەییەدا، بەتەبایی و یەکڕیزیی هەموولایەک، زاڵبین بەسەر ئه و قەیران و گرفتانەی بەرۆکی وڵات و خەڵکەکەمانی گرتۆتەوە، دڵنیایی دەدەینە هەموان هەوڵەکانمان زیاتر دەخەینە گەڕ بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ خەڵکی خۆڕاگری کوردستان و لە پێناو چەسپاندنی مافە دەستورییە نەتەوەییەکانمان لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی تر کەچەندین ساڵ خەباتمان بۆ کردوە و هەزاران قوربانیمان لەپێناویدا بەخشیوە.گفتوگۆ دبلۆماسی و سیاسییەکانمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان چڕتر دەکەینەوە بۆ بەدیهێنانی تەواوەتی ئه و ئامانجانەمان تا لەسایەیاندا خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی و ئارامیی زیاتر لەوڵاتدا مسۆگەر ببێت.
کوردستانیانی خۆشەویست، کەرکووکییە خۆڕاگرەکانی شارەکەی سەرۆک مام جەلال هیوادارین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە مایەی خۆشی و ئاسودەیی بۆ هەموان و ناخۆشیەکانمان بڕەوێنینەوە.
نەمری بۆ شەهیدانی ڕاپەڕینی کەرکووک و تێکڕای شەهیدانی گەلەکەمان.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!