ناونیشانی بابەت: پەروەردەی هاوچەرخ و بنەما دروستەکانی
نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
پەروەردەی هاوچەرخ، گرنگیدان و پابەندبوونی یاسا گەلێکی نوێیە، لەسەر بنەمای توێژینەوە، و زانستی و پڕاکتیکی، لەپێناو دۆزینەوەی باشترین ڕێگە چارەی تەنگشەکان و مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ سێکتەرێکی گرنگی ژیان کە پەروەردەیە، دیارە پەروەردەش وابەستەی کۆمەڵگه و زنجیرێکی پتەوی پێکەوە بەستراوی هەموو بەش و توێژەکانی کۆمەڵگەیە، ئەمەش دەبێتە هاندەر و ڕێنیشاندەرو پلانی دووور مەودا، لەپێناو ئامانجە گەورەکە، ئەویش کۆمەڵگەیە، لەم سۆنگەیەوە، پەروەردە بە شێوازی نوێ و هاوچەرخ، پێویستیەکی گرنگە بۆ کۆمەڵگە، بۆیە (جۆرج دانتۆن) دڵنیایی لەوە دەدات و دەڵێت: (دوای پارووی نانی ژیان، ئەوەی یەکەم پێویستیە بۆ گەلان، پەروەردەیە).
پەروەردەی هاوچەرخ، بەوە ناکرێت و نایەتەدی، کە سیستەم و پرۆسەکە تووشی سەرلێشێوان و گرفت بکرێت، ئه و گرفتانە بەچەند هۆکارێک دەبنە لەمپەری پەروەرده و فێرکردن، کە دەکرێت لەم خاڵانەدا، دیاریان بکەین:
1- بوونی پرۆسەی هەمەجۆر.
لەسەرخستنی پرۆسەی پەروەردەی هاوچەرخدا باشترین پلان بۆسەرخستن و بەرو پێشبردنی پەروەردە، یەک پلانی و تۆکەییە، نەک کۆمەڵێ بەرنامە ی هەمەجۆر، کە جیاواز بن و لەیەک دووربن، ئەمەش بە دامەزراوەی دەوڵەت و وەزارەت دەکرێت.
2- چاودێریکردنی پرۆسەکە بەووردی، دوور لە بەرژەوەندخوازی.
بۆسەرکەوتن و گەیشتن بە ئاکامێکی دروستی پلان بۆدانراو، هەموو پرۆسه و کارێک پێویستی بە چاودێریکردن هەیە، ئەویش لەڕێگەی بەرنامەیەکی زانستی و پلانێکی بەهێز، بەهۆی کەسانی شارەزاو خاوەن بیرۆکەی ڕاست و دروستی زانستی.
3- هەڵسەنگاندن و ئاکام
دوای ئەوەی پرۆسەکە ئەخرێتە بواری پڕاکتیکی و ئەخرێتە ژێرچاودێریکردنەوە، ئەبێت لیژنەی هەڵسەنگاندن و چاودێری ڕاپۆرتی ووردی خۆی بداتە لایەنی پەیوەندیدارو ئەنجامەکان خوێندنەوەیان بۆبکرێت، لایەنە باش و خراپەکانی دەسنیشان بکرێن و بەپێی پێویست، کاریان لەسەر بکرێت.
بەڵام بەپێی قۆناغەکانی خوێندن و پرۆسەی پەروەردە، پلانکارو بەرنامه و نەخشەکان، جیاوازن پێویستیان بە پلانی تایبەتمەند هەیە، لەخوارەوە گرنگی پلانەکان بۆ ئه و قۆناغانه و چۆنێتی مامەڵەکردن و کارکردن تیایاندا، دەخەینە ڕوو:
1- قۆناغی بنەڕەتی
ئەم قۆناغەش دەکرێت بە چوار بازنە، بۆهەربازنەیەک تایبەتمەندی خۆی پێویسته و دەکرێ، بەهەند وەریان بگرین و کاریان لەسەر بکرێت
أ - بازنەی یەکەم
ئەم بازنەیە پۆلەکانی 1بۆ3 دەگرێتەوە، زیاتر گرنگیدانە بە بواری پەروەردەکردن ئینجا فێرکردن، لەم قۆناغەدا واباشە ئه و وانانەی زیاتر جولەی جەستەیی تیایە وەگەڕ بخرێت، لەڕێگەی ئه و یاری و جوڵانەوە، مناڵان فێری سەرەتاکانی خوێندنەوه و نوسین دەکرێن.
ب - بازنەی دووەم
ئەم بازنەیەش پێکهاتەی پۆلەکانی 4بۆ 6 دەگرێتەوە، ئاستی گەشەکردنی توانای وەرگرتن لە بازنەی یەکەم بەرزترە، لەم بازنەیەشدا لەگەڵ گرنگیدان بەلایەنی دەروونی و پەروەردەیی، پێویستە پێدانی زانیاری بە قوتابیان گەشەکردوتر بێت، چونکە لەم قۆناغەدا ئامادەکاری دەکرێت بۆ چونە ناو تەمەنێکی هەستیارتر کەئەویش هەرزەکاریە(مراهق)، لەم تەمەندا مرۆڤ لە گەشکردنێکی خێرا دایە، لەڕووی جەستەیی و هۆرمۆنتەکان، بۆیە پێویستە مامەڵەیەکی وورد وزانستی لەگەڵ ئەم تەمەندا بکرێت و زیاتر لایەنی پەروەردەیی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی بخرێتە پێش لایەنەکانی تر.
ج- بازنەی سێیەم
ئەم بازنەیە پۆلەکانی 7 بۆ 9 دەگرێتەوە، ئەم قۆناغە هەستیارترین قۆناغی ژیانی مرۆڤەکانە، لەم تەمەنەدا مرۆڤ گەشەکردنی لە قۆناغەکانی پێشوتر خێراترە، ئەم تەمەنە گرنگی زۆری هەیە پێویستە پڕۆگرامەکانی خوێندن، بەووردی دابڕێژرێن، چونکە هەردوو لایەنی پەروەردەکردن و فێرکردن، هاوتەریبن، زۆرترین هەڵچوونە دەروونیەکان لەم قۆناغەدا هەستیان پێدەکرێت، لەگەڵ ئەوەی پێویستە ووزه و تواناکانی ئەم قۆناغە باش ئا ڕاستە بکرێن، چونکە لەم قۆناغەدا نەخشەی ئایندە دیاریدەکرێت.
د- بازنەی چوارەم
ئەم بازنەیە پۆلەکانی 10 بۆ 12 دەگرێتەوە، لەم قۆناغەدا، لەگەڵ گرنگیدان بە لایەنی پەروەردەیی، پێویستە گرنگی زیاتر بە لایەنی گەشە پیدانی زانیاری بدرێت، چونکە دوای ئەم قۆناغە هەنگاوو قۆناغی زۆر گەشکردوتر دێتە بەردەم، خوێندکار کە قۆناغی چوونە ناو دنیای زانکۆو پڕ لە ویستی بەدیهێنانی زانسن و زانیاری و ڕاهێنانیان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و بەدواداچوون و داهێنان، لە بوارەجیاوازەکاندا.
بۆ هەر بازنەیەک لەم بازنانەی باسکراون، پێویستە بەووردی توێژینەوەی لەسەر بکرێت و هەلومەرج و تایبەتمەندیەکانیان دەستنیشان بکرێت و هەنگاوی دروست بنرێت بۆ ئاراستەی پەروەردەی هاوچەرخ، کەی توانرا ئه و هەتگاوانە بە کردەیی بکرێن و ببینرێن، کۆمەڵگەکەشمان بەباشی هەنگاو دەنێت و دڵنیا دەبین، لە شاد بوونمان بە ژیاری و خۆشنوودی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و بە سیستەمکردنی هەموو سێکتەرو بوارکانی ژیان، چونکە ئه و ئامانجە گەورەیە تەنها لە بە هاوچەرخکردنی پرۆسەی پەروەردە پەیوەستە.[1]