دەقی ڕاگەیەندراوی کەنەکە:
جەژنی بەرخۆدان، جەژنی ئازادیی، نەورۆز پیرۆز بێت
نەورۆز لە مێژووی کوردستاندا هەمیشە جێگایەکی دیاری هەبووە. نەورۆز ڕۆژی بەرخۆدانە. نەورۆز ڕۆژی سەرکەوتنە بەسەر نادادپەوەریدا. نەورۆز جەژنی ئازادییە. نەورۆز لەسەر بنەمای تێکۆشان لە دژی چەوسانەوەو ژێردەستی. لە دژی زوڵم و زۆر و داگیرکاریی و کۆیلایەتی، سومبوڵی ئازادی و ڕزگارییە.
گەلی کوردستان بە ساڵان و بە ڕەنج و قوربانییەکی زۆر نەورۆزی کردۆتە ڕۆژی شادیی جەماوەریی و ڕۆژی بەرخۆدان. خەڵکی کورد لە کوردستان و دەرەوەی ولاتیش بە واتاو ناوەرۆکە مێژوویەکەی خۆی و بە ئامانجی ئازادی و سەرفرازی، نەورۆز پیرۆز دەکەن. کوردان لە هەموو مەیدانەکانی تێکۆشاندا، لە گوند و شارو زیندانان، لە هەر شوێنێکی دنیادا، نەورۆزیان کردۆتە سەنگەری خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی.
هەرچەندە زۆرێک لە میللەتانی تری هەرێمیش، نەورۆز بە جەژنی خۆیان دەبینن و یادی دەکەنەوە. بەڵام کورد بە ساڵان بە بەرخۆدان و تێکۆشانی ناوەڕۆکی نەورۆزی تێکۆشان بەرەو ئازادی پەیڕەوی دەکات و وای بە جیهان ناساندووە. ئەمڕۆ لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا بە جەژنێکی ڕاستەقینەی کورد ناسدەکرێ.
ئێستا گڕی نەورۆز لەسەرانسەری کوردستاندا بەتین و گوڕترە. لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان بە فەرمی پیرۆز دەکرێت. لە ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان هەردوو دەوڵەتانی داگیرکەری ئێران و تورکیا هەوڵی ئەوە دەدەن کە ناوەڕۆک و چەمکی نەورۆز کاڵ بکەنەوە و لە واتا و ڕەهەندە مێژووییەکەی دوورخەنەوە گەلی کورد سەرەرای هەموو ئاستەنگی و لەمپەرەکان، بە واتا قولەکانییەوە نەورۆز پیرۆز دەکەن. بڵێسەی ئاگری نەورۆز بە گوڕوتینێکی زیاترەوە هەڵئەکەن
ئێمە لەگەڵ نەورۆزدا دەست بە ساڵێکی نوێ دەکەین. ساڵی ڕابردوو لە هەموو بوارەکاندا ساڵێکی تێکۆشان بوو.دیارە ئەمساڵیش ئەبێتە ساڵی تێکۆشانی بەهێز و سەرکەوتنی گەورەتر. دوژمنانی ئێمە لە زۆر لاوە خەریکی هێرش کردنن. بە تایبەتیش دەولەتی تورکیا بە ئامانجی لەوناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوور و ڕۆژاواو باکور، لە هێرشێکردنێکی بەرفراواندایە. لە شەڕ و هێرشەکانیاندا سنووری نۆڕمە یاسایی و ئەخلاقیەکان دەبەزێنن. ساڵی پار لە 300 جار زیاتر چەکی قەدەغەی کیمیاویان بەکار هێناوە.
دەوڵەتی ئێرانیش مافەکانی کوردان پشتگوێ ئەخا و بە هەموو شێوەیەک خەڵک و چالاکوانانی کوردستانی کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی. لە باشووری کوردستانیش، ئەگەر چی قەوارەیەکی فەرمی هەیە، بەڵام کێشە و قەیرانەکان بەردەوامن. دۆخی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستانیش خراپە. نەیارانی کوردستان بۆ تێکدان و لەناوبردنی ئەو پێگەو قەوارەیە بەردەوام لە کار و پیلانداناندان. لە ڕۆژاوای کوردستان، هێرشەکانی تورکیا هەر بەردەوامن. ڕژێمی سوریاش چاوەڕێی دەرفەت دەکات. دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لەناوببەن.
ئەم دۆخە ئەرکێکی گرنگ ئەخاتە سەر شانی ئێمە. پێویستە لەبەرامبەر هەموو داگیرکەراندا ڕێوشوێنی پێویست بگیرێنە بەر. پێویستە هێزەکانی خۆپاراستن بەهێزبکرێن، هێرشەکانی دوژمنان تێکبشکێنرێن. پێویستە ئەو دەستکەوتانەی هەن بپارێزرێن و دەستکەوتی زیاتر بەدەست بێن. بۆ ئەم ئامانجانەش، پێویستە بەر لە هەر شتێک ڕیزەکانی ناوماڵی کورد یەکبخرێنەوە، یەکێتی نەتەوەیی بەهێزبکرێت و ئەمساڵ بکەین بە ساڵی ئازادیی.
لەم قۆناغە گرنگەی تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا، پێویستە ئاگری نەورۆز ببێتە ڕۆشنایی ڕێگای یەکڕیزی گەل و تەبایی نەتەوەییمان. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک ە بەم بیروباوەڕەوە و بە دڵگەرمیی نەتەوەیی ونێشتمانییەوە، نەورۆز لە کوردو کوردستانیان پیرۆز دەکات.
کات کاتی ئازادییە، کات کاتیی سەرکەوتنە
نەورۆز پیرۆزبێت[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!