دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
کۆماری کوردستان بەردی بناغەیە بۆ فەرهەنگێکی دیمۆکراتیک
سەرەتا ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە هەموو گەلی کورد و لە هەر چوارپارچەی کوردستان و هەموو گەلانی بندەست و چەوساوە پێرۆز دەکەین.
خەباتی ئازادیخوازانە و دیمۆکڕاتیکی نەتەوەی کورد خاوەن ژێرخانێکی پتەو و تۆکمەیە و مێژووی نەتەوەییمان پڕە لە لاپەڕەی زێڕین و وانەی بە پێز، کە بوونەتە بنچینە بۆ داڕشتنی کەسایەتی کوردی ئازاد لە سەدەی بیست ویەکەمدا. کەسایەتییەک کە سەرەڕای هەموو هەوڵدانەکانی داگیرکەرانی هەرێمی و جیهانی بۆ داماڵین و سڕینەوەی هەبوون و شوناسی گەلەکەمان و پاکتاوکاری فەرهەنگی و جەستەیی؛ نەتەنیا مەیدانی تێکۆشانی بەرنەداوە، بەڵکوو ورە بەرزانە و گەش تر لە هەموو سەردەمێک ئەرکی پێشەنگایەتی گەلانی هەرێمەکەی بۆ بونیادنانی پێکەوەژیانی ئازاد و یەکسان وەئەستۆ گرتووە. کەسایەتێەک کە بازنەی پووکانەوە و مینیماڵبوونی پساندووە، بەرەو جیهانی مانای گەورەتر و گەشاوەتر و ڕەهەندەکانی بەرینی جوانیناسانە هەنگاو هەڵدەگرێ. کرداری نوێ دەخوڵقێنێ و بەخۆباوەڕ و هزرمەندانە بە جیهانی دەبێ. هەمووی ئەوانە پێک هاتن، چونکە هونەری بەرخۆدان و خۆڕاگڕی لە هەموو کوردستان و هەریمەکەدا زایەڵەی بەست. کۆماری کۆردستان لە مەهاباد بە پێشەنگایەتی نەمر قازی محەممەد هەستانەوە سەرپێی هێزێکی دیمۆکڕاتیکە کە لە ئەرکی مێژوویی و مرۆڤی خۆی تێگەیشتووە. ڕۆحێکی نەتەوەییە کە بە شوێن جەستەیەک دا دەگەڕی تا ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتیی خۆی تێدا نیشانبدا.
کۆماری کۆردستان ساتە وەختێکە لە مێژووی کورددا کە هێزی بوون و ئافراندنی هزری کورد دەرفەتی چالاک بوون پەیدا دەکا. وشەی دەتوانین و دەبێ لە مێشکی هەر تاکێکی کۆمەڵگادا دەچێندرێ. بە بڕوای ئێمە خاڵی گرینگ و بنەڕەتی ئەوەیە و دروست بوون و سازدانی فەرهەنگ لە درێژماوەدا پێک دێت. کۆماری کوردستان بەردی بناغەیە بۆ فەرهەنگێکێ دیمۆکڕاتیک و بە دوور لە دووبەرەکی و ناتەبایی و هەڵوەشان و گەندەڵی کە نموودی سەرکەوتووانەی لەسەر هەمان ڕێچکە بەڵام پوختەتر و گیرساوەتر لە ڕۆژئاوادا دەبینین. ئەوڕۆ دەتوانین بێژین، کە لە کۆماری کۆردستان هەتا خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا فەرهەنگێکمان داڕشت و ڕاستەقینەیەکمان بونیادنا.
بێگومان پەرەپێدانی ئەو فەرهەنگە و بەهەند وەرگرتنی ئەزموون و دەسکەوتە دیمۆکڕاتیکەکانی کۆماری کۆردستان خاوەندارێتی ڕاستەقینەیە و ئەرکی هەموو کەس و لایەنێکە. دەبێ کە ڕوانگەی داگیرکەرانەوە تەمەنی کۆماری کۆردستان کورت بێت. بەڵام ئەوەی کە ڕووخا پێکهاتەیەک بوو نەک فەرهەنگەکەی. دیارە پشکووتنی هەمان فەرهەنگ لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و پێکهاتەیەکی نوێدا ئەوەی سەڵماند کە تەمەنی کۆماری کۆردستان درێژە. بۆیەش لە 75مین ساڵوەگەڕی کۆماری کۆردستان لە مەهاباد، وێڕای وبیرهێنانەوەی ئەو یادە مەزنە، بەرز و پێرۆزی ڕادەگرین و بە هەموو توانامان بۆ پەرەپێدانی ئەو فەرهەنگە و بەرۆژکردنی تێدەکۆشین. هەڵبەت لە وەها ڕۆژەدا بانگەوازیمان بۆ هەموو لایەن و پارتە سیاسیەکان و کەسایەتیەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئەوەیە کە بە ئامانجی بۆنیادنانی یەکێتی نەتەوەیی و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی لەسەر بنەمای نرخە نەتەوەییەکانمان تێکۆشان بکەن و لەپێناو یەکڕیزی و تەباییدا خەباتی هاوبەش بەڕێوەبەرن.
لە کۆتاییدا جارێکیتر ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کۆردستان لە هەموو گەلەکەمان، بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و وڵاتپارێزان پیرۆزدەکەین.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!