مام سابیری خەتی کوران
نوسینی: #شێرزاد شێخانی#
سەردەمانەک له و هەولێرە پانوبەرينەدا ڕەقەمی سەيارە نەدەگەيشتە هەزاری، ئه و وەختی عائيلەکان زۆر بەدەگمەن ساحێب سەيارە بوون، لەگەڕەکەکی لەوانەيە دوو ماڵ سەيارەيان هەبايە ئەويش يان لەخەت ئيشی دەکرد يانيش پيکاب وگەلابە بوو، بەس دەورەمەندە کان سەيارەی خسوسييان هەبوو.
ئەوجا بەڕاستی ئه و کاتی ئەمن مندار بووم و ڕەقەمی سەيارەی بەغدام دەديت لە سەتوپەنجا تێپەڕييە زۆر خەمم دەخوارد و زگم بەهەولێرێ دەسووتا کە ژمارەی سەيارەکانيان ناگاتە هەزار!!، بەس نەمزانی ڕۆژەکی وەکی ئەوڕۆمان دێتە پێشی کە ڕەقەمی سەيارەی هەولێر لەنيو مليۆنی تێدەپەڕی و خەريکە سەيارە چاومان کۆرە دەکاتن!!.
جاران بە دوو سێ عائيلە يەک سەيارەيان هەبوو، ئێستا پياو ئەگەر سێ کوڕ و دوو کچی هەبی، دەبی پێنج سەيارەيان لۆ بکڕی، خۆشی سەيارەيەک ئەوە شەش، هەندەکجار ژنەکەشی سەيارەی تايبەتی خۆی دەوێ لۆ ئەوەی بەماکسييەکەی مارێ بچيتە مۆڵەکان، ئەوەش هەمووی نەتيجەی مەغروری و بێ قەناعەتييە کە ئەوێ ساران وانەبوو، خەرکی نانەکی هەبايە شوکرانەی خوای دەکرد و مەمنون بوو.
لەسارانی شێستەکان گەڕەکەکانی شار هەمووی لەناو بازاڕی قەیسەرييەوە نێزیک بوون کە ئەویش لەسەنتەری شار بوو، وەکی گەڕەکی عارەبان، تەعجیل، خانەقا، تەیراوە، سەعدوناوە، سەیداوە، سێتاقان، بەو ئەخیرەش هەندەک گەڕەکی تازە پەیدابوون وەکی، شۆڕش و ئازادی و کوران و ئیسکان.
ئەوجا لەو وەختەوە ئامانە پەیدابوون، مەخسەدم پاسی مەسڵەحەیە کە زیاتر لەسەر گەڕەکە تازەکاندا ئیشیان دەکرد، ئەویش دوو نەوعە کورسی تێدابوو، ئەوانەی پێشەوە بە پازدە فلس بوو کوشنەکانیان جلد بوون، بەشی پشتەوەشی سێ چار ڕێزە کورسی دار بوون بە دە فلس، ناوە ناوەش موفەتیشەک دەهاتە ناو ئامانەکە و لەبیتاقەی نەفەرەکانی دەکۆریەوە ئەوەی فڕێی بدابایە دەبایە بیتاقەیەکی تازە بکڕی.
لەگەر ئەو ئامانانەش هەندەک سايەق لەخەتەکان ئیشیان دەکرد وەکی خەتی کوران کە لەهەموویان مەشهورتر مام سابیر بوو، ئەوجا هەندەک نوکتەی خۆش لەسەر ئەو مام سابیرە هەیە کە جێبەکی لاندرۆڤەری کۆنی شڕو شەقی هەبوو لەخەتی کوران ئێشی دەکرد و جێبەکەشی لە گەراجی تەنيشت شەربەتی حاجی سەديق #ڕواندز#ی ڕادەگرت.
دەگێڕنەوە ئه و مام سابيرە چار پێنج کچی هەبوو، لەبەر ئەوەی چاوی زەعیف بوو، بەکوردييەکەی (کتوکۆر) ببوو، زۆرجار تووشی حادیسەی دەبوو، دەرێن چەند کەسەکی بە جێبەکەی پانکردبووەوە، هەر جارەکیش بەسەیارەکەی یەکەکی بکوشتبایە کچەکی خۆی دەدانێ وەک سوڵحی عەشایەری!. ئەوجا دەرێن جارەکیان زەلامەک هاتبووە پێشی هیچ نەما بوو بەسەیارەکەی لێی بدا، دەرێن لەو عانەدا هەزار جونی بەو کابرایە دابوو، گۆتبوی (وەڵڵا ئەگەر کچەکم دەما ئێستا وەکی سەگ پانم دەکردیەوە؟!).
دیسان دەگێڕنەوە ڕۆژەکيان ئەو مام سابیرە لەسەرەی خۆی لەگەراجەکەی ڕاوەستا بوو چاوەڕێی دەکرد سەیارەکەی پڕ نەفەر بی لۆ ئەوەی بەڕێ بکەوی. له و دەمەدا دوو کوڕی گەنج هاتن سەرکەوتن لۆ ئەوەی بچنە کوران، دەمەک ڕاوەستابوون هەر نەفەری دی پەیدا نەبوون، ئيدی تەحەموليان نەما و بە مام سابیریان گۆت (دە مام سابیر بەسە ئەوەندە ڕاوەستين دەبا بڕۆین درەنگمانە). ئەویش پێی گۆتبوون (کوڕە بابە بە دوو نەفەری حیز کێوە بڕۆم؟). کە گێيان له و قسەيەی مام سابير دەبی ڕاست لۆی دێنە خوارێ تێروپڕیان لێدابوو گۆتیان: لۆ ئەمە حیزین مام سابیر؟.
تەبعەن #هەولێر#یەکان ئەو کەلیمەی (حیز) لۆ مەبەستی کەمکردن و گچکەکردن بەکار دەینن، وەکی کە دەرێن (دو فلسی حیز ناینی). یان دەرێن (نیو کیلۆ تەماتەی حیز). تەبعەن وەکی گۆتم مەخسەدیان بێ قییمەتکردنە نەوەک شتی دی.
ئاخر هەولێریەکان عادەتەکی خۆشيان هەيە کە ناوی خەرکیش گچکە دەکەنەوە، وەکی ئەوەی بە شێرزاد شێخانی برێن (شێرۆ)، بە دڵشاد برێن (دیشۆ) بە مەجید برێن (مەچکۆ). تەبعەن ئەوەش هێشتا ئەهوەنترە لەخەرکی هەندەک مەنتیقەی دی کە ناوی کەسەکان بە شێوەیەک دەگۆڕن کە هیچ ڕەبتەکی تێدا نیە، وەکی ئەوەی بە مەحمود دەرێن (خولە) بە ئیسماعیلیش دەرێن (سمکۆ).
هەر بە مناسەبەی ڕەبت نەبوون دەگێڕنەوە جارەکیان کابرایەکی هەولێری چوو بوو لەناو حەدیقەی مارەکی پرتەقارەکی لێکردبووەوە، لەو دەمە ساحیب مارەکە دەیبینی و پێی دەرێ ئەرێ کابرا توو خوا عەيب ناکەی لەحەدیقەی ماری مندا پرتەقاری دەدزی؟. ئەویش دەرێ ئەدی ئەتو عەیب ناکەی کچەکەت کراسی کورت لەبەر دەکا؟. کابرا دەرێ جا کراسەکەی کچی من چ ڕەبتەکی بەدزینەکەی توەوە هەیە؟. کابراش دەرێ کوو ڕەبتی نیە، ئەدی نارێن قسە قسەی ڕادەکێشی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!