ڕۆڵی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991
پێشەوا ئیبراهیم
ڕاپەڕین، یەکێکە لە ناسراوترین چەمکەکان کە لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بەر گوێمان دەکەوێ، هەردەم بەگرنگییەوە باسی لێوە دەکرێ و چاوی تێدەکرێ.
ساڵی 1991، ساڵی هات بوو بۆ گەلی کورد و کوردستانیانی بەشی باشوور. ساڵی وەدەستهێنانی گەورەترین دەستکەوت بوو. جاڕدانی گەورەترین بەڵێی ئازادیی بوو. مەزنترین -نا- بوو، بەڕووی داگیرکەردا.
لەو ساڵەدا، گەلی کورد لە بەشی باشوور، یەکدەست و یەکهێز و یەک ئارمانج بەرانبەر بە بەعسی فاشیست و داگیرکەر هاتەدەست و لە نیشتمان وەدەرینا.
ڕاپەڕین مەزنترین دەستکەوتی نەتەوەیی بوو، بۆ ئەو قۆناغە، کە تێیدا کورد توانی لە سێبەریدا خۆبەڕێوەبەریی و سەرخۆبوون بەدەستبێنێ. لە 5ی ئازاری 1991، ڕاپەڕین دژ بە حکومەتی عێراقیی و بەعسی داگیرکەر و فاشیست لە شاری ڕانییە دەستی پێکرد و لە 21ی ئازار، بە ڕاپەڕینی شاری #کەرکووک# کۆتایی پێهات.
ڕۆژمێری ڕاپەڕین
5-3-1991 ڕاپەڕینی شاری ڕانیە
6-3-1991 ڕاپەڕینی (بازیان، چوارقوڕنە و دەشتی پشدەر)
7-3-1991 ڕاپەڕینی شاری #سلێمانی#
8-3-1991 ڕاپەڕینی (#چەمچەماڵ#، #هەڵەبجە#، عەربەت، زەڕایەن، سمود، نەسر و پیرەمەگرون)
9-3-1991 ڕاپەڕینی (کۆیە، شەقڵاوە و #کفری#)
10-3-1991 ڕاپەڕینی (مەسیف، هەریر، باتاس، خەلیفان، ڕەواندز، #سۆران#، #چۆمان#، حاجی ئۆمەران، مێرگەسۆر، ئاغجەلەر، قەرەهەنجیر و #تەقتەق#)
11-3-1991 ڕاپەڕینی شاری #هەولێر#
12-3-1991 ڕاپەڕینی (#مەخموور#، #جەلەولا#، #خانەقین#، #ئاکرێ# و شێخان)
13-3-1991 ڕاپەڕینی (#زاخۆ#، پردێ، کۆڵەجۆ و جەبارە)
14-3-1991 ڕاپەڕینی شاری #دهۆک#
21-3-1991 ڕاپەڕینی شاری کەرکووک.
ڕۆڵی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ڕاپەڕیندا
لە مانگی شوباتی ساڵی 1991 یەکێتییەکەمان وێڕای لایەن و ڕێکخراوەکانی تر، مەزەندەی تەقینەوەیەکی گەورەی جەماوەری کرد دژی دام و دەزگا داپڵۆسێنەر و سەرکوتکەرەکانی ڕژێم و بە دەرهاویشتەیەکی بەجێی سەرجەم بارو دۆخەکەی دادەنا. هەر بۆیە لیژنەی ڕاپەڕاندنی (یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان) سێیەم کۆبوونەوەی سازدا بۆ لێکۆڵینەوە لە بارو دۆخەکە و خوێندنەوەی واقیعەکە و ئەگەری ڕووداو و گۆڕانکاری و داڕشتنی بەرنامە و پلان بۆ هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەک کە لە بارو دۆخەکە ڕوو بدەن و نەخشەی هاتنەوە ناو وڵات و لە کاتی پێویستیش بۆ ناو شارەکانیش.
بۆ ئەو مەبەستە لە کۆبوونەوە لیژنەی ڕاپەڕاندندا، میحوەر بۆ کاری هەڤاڵانی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکرات دادەنرێت، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ناوی نهێنی بۆ کاتی پێوەندیکردن، بەم شێوەیەی خوارەوە:
هەڤاڵان (ڕێبوار یەڵدا) بەناوی نهێنی (کۆڕەک) و (رەفعەت سەعید) بەناوی نهێنی (ئاوارە) و (کوردستان پیرداود) بەناوی نهێنی (شیراز) لە مەرکەز دەمێننەوە، کە ناوی نهێنی ناوەند (100) بووە.
میحوەرەکانیش بەم شێوەیە دابەشکرابوون:
1.میحوەری هەولێر، بەناوی نهێنی (242ه)، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ (عەبدوڵا خەلیل/ کێوەڕەش) و (عادل عەلی/ هەورامان).
2. میحوەری سلێمانی، بەناوی نهێنی (444س) و بەسەرپەرشتی هەڤاڵان(حاجی عەبدوڕەحمان/ ژیاون) و (فریاد شەفیع/ جووتیار).
3. میحوەری دهۆک، بەناوی نهێنی (171 د) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ (ئیحسان عەبدوڵا/ مەتین).
4. میحوەری کەرکووک، بەناوی نهێنی (373ک)، بەسەرپەرشتی هەڤاڵان (ئیبراهیم مستەفا/ خاڵحاڵان) و (دژوار فائق/دیلمان).
دوای ئەوەی بڵێسەی ڕاپەڕین سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەگرێتەوە و پێشمەرگە و جەماوەر یەکدەست دێنە مەیدان، هەڤاڵانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان هاوشان لەگەڵ پێشمەرگە بەهانای خەڵکی ڕاپەڕیو دەهاتن. یەکێتییەکە هەر لەگەڵ گەیشتنیان بە شار و شارۆچکەکان وەخۆ دەرکەوتن لە ڕێکخستنی قوتابیان و لاوان و بڵاوکردنەوەی ئارک و دروشم و چاپەمەنییەکان و دانانی بارەگای سکرتاریەت و گواستنەوەی بۆ قوڵایی کوردستان.
دەتوانین ڕۆڵی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان لە ڕاپەڕینی ئازادی کوردستاندا لەچەند خاڵێکدا پوخت بکەینەوە:
بەشداریکردنی یەکێتییەکە وەکو توێژی قوتابیان و لاوان و هەمەڕەنگتربوونی ڕاپەڕینەکە.
بەپیل وەچوونی جەماوەریی ڕاپەڕیو هاوشانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە.
کارکردنی بە بەرنامە لەڕێگەی هەر چوار میحوەرەکەی یەکێتییەکە، بۆ هاندان و پاڵپشتی جەماوەریی ڕاپەڕیو.
هاتنەوە ناوەوەی وڵات و شار و قوڵایی شارە ئازادکراوەکان و پێداگری و دانانی بارەگا.
یەکەم بارەگای مەکتەبی سکرتاریەت
لەگەڵ ڕاپەڕین و وەدەرنانی حکومەتی عێراقی داگیرکەر، بۆ یەکەم جار بارەگای مەکتەبی سکرتاریەت، لە هاوینەهەواری پیرمام دانرا و هەر لەگەڵ دانانی یەکەم پێشەنگەی پۆستەر و نیگارکێشانی کردەوە.
دوای ئازادکردنی شاری کەرکووکیش لە 21-3-1991 بارەگای مەکتەبی سکرتاریەت گوێزرایەوە شاری هەولێر و تا ئێستاش ماوەتەوە.[1]
1. چاوپێکەوتنی ئیبراهیم مستەفا لەگەڵ گۆڤاری (پێشکەوتن) ژمارە(60-61)، ئادار و نیسانی ساڵی 1996.
2. هەمان سەرچاوە.
3. چاوپێکەوتن لەگەڵ هەڤاڵ (عەبدوڵا خەلیل). -(یەکێتی قوتابیانی کوردستان، چەند لایەنێکی تێکۆشان و مێژوو)، ساسان عەونی، 1998.