بە یەکەم وشەی دڵداری کاتی جوانیم
بۆ ئاوازی بەسۆزی هەموو لاوێتیم
بۆ دڵسۆزی و بێوێنەی تەمەنم
بۆ دوا دێڕی عەشق و خۆشەویستیم
بۆ ئەوەی لە ناو ئەشکەوت و سەر شاخەکاندا هاودەمم بوو
لە غەریبی و دەربەدەریدا وڵاتم بوو
بۆ ئەوەی لە پاکی پاکتر، لە ڕاستی ڕاستتر بوو
قەڵای بەرزی هیوا و ئاواتم بوو
بۆ ئەوەی شەیدای ڕووخسار و شێتی شۆریم بوو
دەریای بێ سنووری بڕوا و نازم بوو
ئێستا چۆن بێ ئەو بژیم و چۆن بڕوا بکەم
کە وا لە چاوتروکانێکدا ئیتر لێم ون بوو؟
وا بزانم ئەم چەند دێڕانە دەریدەخەن کە باوکی هێرۆ چ مرۆڤێکی دڵسۆز بووە و پەیوەندیمان لەگەڵ یەک چۆن بووە! بۆیە باسی باوکی هێرۆ هەر ئەوەندە دەنووسم.
خوێنەرانی بەڕێز و خۆشەویست، لێم ببوورن ئەگەر نووسینی بیرەوەرییەکانم هەندێک پاش و پێش کەوتوون، بە سادەیی و کوردیی پەتیم نووسیووە. بەڕاستی خۆم حەز بەو شێوە نووسینە دەکەم کە وەکو لە پێشەکیی بەرەو ئەشکەوتی دلێرانم نوسیبوو، حەز دەکەم فاتە و خولە و ئامە و عەبدولیش لەم نووسینانە تێبگەن.
لەڕاستیدا خۆیشم قەت حەز لە زۆریی ئەم وشە و زاراوە تازانە ناکەم کە بووە بە عەلمۆدەی ئەم کاتە، بێ ئەوەی بزانین ئەم وشە و کەلیمە تازەبابەتانە چین و لە کوێوە هاتوون، لە چ قاموسێک دەرهاتوون کە وا سەر لە خوێنەر دەشێوێنن و تەنیا ئەم چینە بەستەزمانە منداڵانە پێدەگەیەنین، کە لەو جۆرە وشە و کەلیمە سەیروسەمەرانە تێبگەن و فێری ببن. بەڕاستی ئەمە تەحەدایە لە زەوق و زمانی کوردیی ڕەسەن دەکرێت. من خۆم نە لێیان تێدەگەم و نە حەزیش دەکەم قەت لێیان تێبگەم.
گەلاوێژ
#14-07-2008#
#سلێمانی#
#کوردستانی نوێ#
[1]