بابەت: کورتەچیرۆک
نووسین: سەعید گلیزادە
وەرگێڕان:محەمەد کەریم
زمانی وەرگێڕاو: فارسی
ئێمە بە بنەماڵە حەزمان لە چارەی پزیشکان نییە. دەکرێت بڵێین بە جۆرێک باوەکوشتەی یەکترین. ڕەگوڕیشەی ڕق و کینەکەش له و ڕۆژەوە دەستیپێکرد کە باپیرەم شەوێک حاڵی خراپ دەبێت و بە گومانی ئەوەی تووشی سیل بووە دەچێتە لای دکتۆر. ئەویش دوای پشکنین بە باپیرەگەورەم دەڵێت هیچی نییە. ڕێک هەمان شه و باپیرم لە خەفەتی ئەوەی بەخۆڕایی هەندێ پوول و پارەی داوە بە پزیشک، جەڵتەی دڵ لێیدەدات و دەمرێت. له و کاتەوە بنەماڵەکەی ئێمە هەرچی پزیشک و حەکیم و پسپۆڕ و نەشتەرگەر هەیە تڕۆی دەکەن. با ئەوەش بڵێم دوژمنایەتییەکە بەڕادەیەکە تەنانەت جارێکیان، ئامۆزایەکم کە نامەبەری پۆستە بوو بە ماتۆڕ، گورزەیەکی گەیاندە دەرمانخانەیەک. لە بەیانی ئه و ڕۆژەوە لەلایەن هەموو بنەماڵەکەمانەوە بۆ ماوەی یەک مانگ تڕۆ کرا. دواجاریش بە هەزار سوێند و قورئانی دایکی قایل بوون بۆ میواندارییەکان داوەتی بکەن. هەڵبەتە هەتا ئێستاش سفرەی نانخواردنی ئێوارەی لە دووری خەڵکەکەوە لەبەر دەرگای ئاودەستەخانەدا بۆ ڕادەخەن.
بەداخەوە دووری ئێمە لە پزیشکانەوە نەبووە هۆی ئەوەی ئێمە ئیتر نەخۆش نەکەوین. بەڵام بە حسابکردن بۆ هەوڵ و کۆششی بەردەواممان توانیمان لە پزیشکیدا بگەینە خۆبژێوی. بەپێی ئەزموون و هەڵەی شێوازە جیاوازەکانی تیمارکردن، دەرەقەتی هەموو جۆرە نەخۆشییەک بێین. تەنانەت دروستبوونی ڕکابەری لە نێوان خێزانەکاندا بووە هۆی ئەوەی شتی وا کەشف بکەین کە عەقڵ سەرسام بکات. بنەمای ئیشی ئێمە به و جۆرەیە کە هەرچەندە شتی سروشتی بەکاربێنین نایابترە و ڕێوشوێنی بەکارهێنانی سەرسوڕهێنەر ترە و بەهەمان شێوە بە بەهاتر و کاریگەرترە. بۆ نموونە لەم دواییانەدا مێردی پوورم بۆ تیماری (شەفیقه)، هەوڵیدا ناوکی مانگۆ لە لووتییەوە بگەیەنێتە مێشکی. (هەڵبەتە ئێمە بۆ نیشاندانی خۆبژێویمان خۆمان ناومان بۆ نەخۆشییەکان داناوە. دکتۆرە نەخوێندەوارەکان بە شەفیقە دەڵێن شەقیقە). هەرچەندە له و کاتەوە کونە لووتێکی هیچ بۆنێک ناکات و دەرەجەی چاوێکیشی پێنج دەرەجە دابەزیوە، بەڵام خۆی دەڵێت نەخۆشییەکەی بەتەواوی چارەسەر بووە. یان بۆ نموونە باوکم کاتێ من مناڵ بووم بۆ تیماری زەردووییەکەم هەموو ڕۆژێک دۆشاوی کردۆتە شیرەکەمەوە. یان پوورم بۆ تیمار چەوری جگەری مێردەکەی ڕۆژی سێ جار بوخاری زاهی قاپ شۆرینی کردووە بە لووتیدا. ئێستا لەوانەیە ئەوە بەلاتانەوە پرسیار بێت ئێمەمانان کە ناچین بۆ لای پزیشک و ناچینە تاقیگە چۆنچۆنی دەتوانین ئه و نەخۆشیانە دەستنیشان بکەین. دەبێت عەرزی جەنابتانی بکەم کە لە سایەی ئه و ئەزموون و توانا زۆرەی باپیرم لە دەستنیشانکردنی نەخۆشیدا هەیەتی خێزانەکەی ئێمە هیچ کاتێک لەم بارەیەوە کێشەی نەبووە. لە ڕاستیدا هەموو خێزانەکەی ئێمە مانگی جارێک لە ماڵی باپیرم کۆدەبینەوە و ئەویش بە نۆرە یەک یەک سەیری ددانمان دەکات و به و تەماشاکردنە دەتوانێت هەموو نەخۆشییەکان دەستنیشان بکات. بۆ نموونە جارێک سەیری ددانی منی کرد و وتی سکم هەیە و سێ مانگە. یەکەم شت هەموو خێزانەکە تووشی شۆک بووین. لەبەر ئەوەی من کوڕم. بەڵام لەبەرئەوەی دەمانزانی لە سەدا سەد هەڵە لە دەستنیشانکردنی باپیرمدا سفرە. گەیشتینە ئه و ئەنجامەی حاڵەتەکەی من، حاڵەتێکی دەگمەنی پزیشکییە. سوپاس بۆ خوا دوای ئەوەی ماوەی سێ حەفتە دایکم مەرگەمووشی کردە چاومەوە، توانی مناڵەکەم لەباربەرێت. هەڵبەتە باپیرم تەنیا یەک جار دەستنیشانکردنەکەی هەڵە بووە. ئەویش ئه و کاتە بوو کە سەیری ددانە شاشەکانی باوکمی کرد و وتی هیچی نییە. بەڵام هەمان شەو باوکە نەگبەتەکەم دڵی وەستا و مرد. پاشان تێگەیشتین باوکم لە کاتی پشکنینەکەدا ددندانە دەسکردەکەی دەرنەهێنابوو، ئەمەش بووە هۆی باپیرم ئەوەی یەکەم هەڵەی پزیشکی بکات.
هەڵبەتە توانا و بلیمەتی خێزانەکەمان تەنیا لە بواری نەخۆشییە میکرۆبییەکاندا کورت نابێتەوە. ئێمە توانیمان زۆر نەخۆشی مێشکیش تیمار بکەین. بۆ نموونە کوڕەکەی خاڵم لە کاتی لەدایکبوونەوە زمانی دەیگرت. بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە لە ئەنجومەنی پزیشکیی خێزانەکەماندا بڕیار درا هەر کاتێ وشە لە قوڕگی گیر بوو، دەستیکرد بە تەتە و پەتە، نزیکترین کەس لە لایەوە، بکێشێت بە پشت ملیدا، بۆ ئەوەی وشەکان لە دەمییەوە بێنە دەرەوە. ئەنجامەکەشی زۆر باش بوو. دوای چەند مانگێک کێشان بە پشت ملیدا، کوڕەکەی خاڵم بە تەواوی زمانگیرانەکەی نەما. هەڵبەتە هێشتا قسەی نەکردووە و نوقەی لێوە نەهاتووە، بەڵام خۆی بە ئاماژە تێمان دەگەیەنێت کە بەتەواوی کێشەکەی چارەسەر بووە و تەنانەت لە چەند تێستێکی بێژەریشدا بەشداری کردووە. هەموو بنەماڵەکەمان ئومێدەوارن کوڕە خاڵەکەم لە یەکێ لەم تێستانەدا وەربگیرێت و دەمی دراوسێکانیان دابخات کە دەڵێن خاڵم مناڵەکەی بە مقاش لە سکی دایکی دەرهێناوە بۆیە زمانی دەیگرێت.
تەنانەت ئێمە توانیمان زۆر له و کەلوپەلانە دروست بکەین، کە دکتۆرەکان لە خەستەخانە بەکاریدێنن. بۆ نموونە ئامێری شۆک یان کارەبا لێدان کە دکتۆرەکان بە هەزار ناز و مەکر بەکاریدێنن. ئێمە بە پاترییەکی ئوتومبیل و دوو وایەر دروستمان کرد. هەر چەند مانگی پێش ئێستا بوو بەکارمان هێنا. کاتێ مێردی پوورم دەیەویست ناوکی هەڵووژە بۆ چارەسەری قورحەی گەدە بەباشی قووت بدات، لەپڕ ناوکەکە پەڕییە قوڕگی و چووە ناو بۆری هەناسەدانەوە. باوکم کە تازە گەیشتبووە ماڵەوە، کاتێ بینی مێردی پوورم وەکو مارماسی لەسەر عەردەکە دەتلێتەوە. وایزانی ئه و نەگبەتە خەریکە جەڵتە لێیدەدات. بۆیە بێ ئەوەی گوێ بە هاتوهاواری ئێمە بدات، چوو ئامێری شۆکەکەی هێنا و هەموو کارەباکەی تێدا بەتاڵ کردەوە. ڕاستە مێردی پوورم لە هەمانشوێندا بە کارەباکە مرد، بەڵام لەوە تێگەیشتین ئامێرەکەمان ئیش دەکات.
یان بۆ نموونە ئامێری نازوور، خاڵم توانی بە دوو مەتر سۆندە و کامێرایەکی بچووک کە لە دوکانی سەتەلایت دەیفرۆشن دروستی بکات. هەڵبەتە ناچار بوو دووجار کامێرا بکڕێت. لەبەرئەوەی کامێرای یەکەم لە کاتی نازوورەکەدا لەناو گەدەی مێردی پوورمدا لێبۆوە و تیا مایەوە. هێشتا وێنەی گەدەی دەگرێت. بۆیە هەرکاتێ خاڵم تەلەفۆن بۆ ماڵەوەیان دەکات دەڵێت: (دیسان چوویت کەبابت خوارد و داوەتت نەکردین.)
زۆر حەزدەکەم سەبارەت بە دەسکەوتە پزیشکییەکانی بنەماڵەکەمان زیاتر بنووسم. بەڵام بەداخەوە، خاڵم بە گۆچانەوە بەسەر سەرمەوە وەستاوە بۆ ئەوەی بێهۆشم بکات و یەکەم نەشتەرگەریم بۆ بکەن بۆ ئەوەی پەنکریاس لە مێشکم دەربێنن. با باقیەکەی بمێنێت بۆ دوای نەشتەرگەرییەکە.
[1]