$وشەی (مێسۆپۆتامیا) مان بۆ کردە (مێزۆپۆتامیا) و چۆن خەریکە زمانەکەمان وێران دەکەین$
زمان ئامرزاێکی زیندووە و هەمیشە لە گۆڕاندایە، لەبەر ئەوە ئەو زمانەی کە ئەمڕۆ پێی دەدوێین، هەر هەمان ئەو زمانە نیە کە باوباپیرانی دێرینمان پێی دواون. لە کاتێکدا بناغە بنەڕەتیەکانی ئەو زمانە ماونەتەوە بەڵام زۆر وشەی نوێ جێگای خۆی تێدا کردۆتەوە و زۆر وشەشی بزر کردووە. ئەوەش پرۆسەیەکی سروشتی زمانە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا یەکێک لەو شتانەی کە سەرنج دەدرێت، لەپڕ خەڵکانێک وشەیەکی کوردیی کە سەدان ساڵە بەکارهاتوو، دەخەنە ژێر پرسیارەوە و هەندێک جاریش بە هەڵە لەقەڵەمی دەدەن و وشەیەکی داتاشراوی نامۆ دەهێننە جێی. ئەم پرۆسەیە سروشتی نیە و لە ئەنجامی بڕیارێکی ئایدیۆلۆجیانە و هەندێک جار نائاشنایی بە زمان دێتە کایەوە. بۆ نموونە وشەی 'ماڵئاوایی' وشەیەکی کوردی جوانە و بێ کێشە بۆ چەندین ساڵە بەمانای 'کۆچکردنی هەتایی' بەکارمان هێناوە، لەپڕ خەریکە بە وشەیەکی داتاشراوی نوێی 'ژیان ئاوایی' جێی دەگرینەوە. من خۆم ئەوەی یەکەمیانم پێ سروشتی و گونجاوترە.
لەپڕ 'وێنەگرتن' لابرا و 'وێنەچرکاندن' خرایە شوێنی و پلەی 'سەدی' کرایە 'سیلیزی' کە شێوەی سەروچاو شکاوی وشەی'سێڵسیەسcelsius/' ی ئنگلیزیە. بەو جۆرە لە ناو میدیادا وازمان لە 'سەدی' خۆمان هێنا، کەسیش نازانێت بۆ. یان وشەی'بومەلەرزە' کە ماناکەی دەبێتە (زەوی ڕاتەکاندن) و وشەیەکی دێرینی کوردیە، لەپڕ لە میدیادا کرایە 'زەمین لەرزە'، لەبەر ئەوەی ئەوان لە مانای وشەی 'بومەلەرزە' تێنەگەیشتوون و بە وشەیەکی هەڵەیان لەقەڵەم داوە.
یەکێک لەو شانەی تر وشەی 'مێسۆپۆتامیا' یە. ئەم وشەیە لە بنەچەدا وشەیەکی یۆنانیە بە مانای 'نێوان ڕووبارەکان' کە مەبەست لێی 'خاکی نێوان دوو ڕووبارە' کەیە کە عەرەب وەریانگرتووە و وەریانگێڕاوە و کردوویانە بە (وادي الرافدین). لە سەرەتاوە لە کتێبە کوردیەکاندا وشە یۆنانیەکە لە ڕێگای زمانی ئنگلیزیەوە وەک خۆی بە مێسۆپۆتامیا هاتۆتە زمانی کوردیەوە. لەم چەند ساڵەدا لەپڕ لە باشوردا وشەکە کرا بە 'مێزۆپۆتامیا' کە ئەوە شێوە تورکێنراوی وشەی یۆنانی 'مێسۆپۆتامیا' یە. دڵنیا نیم کە بۆ ئەم گۆڕانکاریە کراوە و هەندێک نەتەوەی تری ئەوروپیش دەیگۆڕن بە (مێزۆپۆتامیا)، بەڵام پێم وابێت ئەم هەنگاوە لەژێر کاریگەری کوردانی باکوردا نرابێت کە پێدەچێت ئەوان شێوە تورکیەکەی بەکاربهێنن. بەڵام بۆ دەیان ساڵ بوو لە باشور و لە نووسیندا هەر مێسۆپۆتامیا بووە و هەر ئەوە شێوە دروستەکەیەتی. گەر وشەکەمان لە بنەچەوە لە یۆنانی یان لە ئنگلیزی وەرگرتووە، با هەر بەو شێوەیە بێت، نەک لەپڕ شێوە تورکی وشەیەکی بنەچە یۆناننی بەکاربهێنن کە بۆ دەیان ساڵ بوو بێ کێشە لە کوردیدا بەکاردەهات. ئاسایی بوو گەر لە بنەچەدا 'مێزۆپۆتامیا' مان لە ڕێگای زمانی تورکیەوە وەرگرتایە. ئەوە کارێکی ئاساییە و زمانی ئنگلیزی هەزاران وشەی لاتینی، دوای گۆڕانکاری، لە ڕێگای زمانی فەرەنسیەوە وەرگرتووە.
لەبەر ئەوە ئاساییە گەر بڵێین 'خاکی نێوان دوو ڕوبارەکە' یان وشەی یۆنانی 'مێسۆپۆتامیا' بەکاربهێنین بەڵام ناکرێت دوای دەیان ساڵ بەکارهێنانی وشەی 'مێسۆپۆتامیا'، بیکەینە ئەو 'مێزۆپۆتامیا' یەی کە تورک گۆڕیویەتی.
لە ڕاستیدا چەندین هەڵەی تر لە وەرگرتنی وشەی ئنگلیزیدا هاتۆتە ناو زمانی کوردیەوە. بۆ نموونە بە هەڵە دەگووترێت (ئۆباما کەسێکی کاریزمایە) کە دەبوو بڵێن (ئۆباما کەسێکی کارێزماییە) کە لەم بارەدا وشەکە ئینگلیزیە و پاشگرەکەی (یی)کوردیە یان دەتوانرێت بگووترێت(کەسێکی کارێزماتیکە) کە وشەکە و پاشگرەکەشی ئنگلیزیە و لە ڕووی ڕێزمانیەوە (تیک) ی پاشگری ئنگلیزی هەر هەمان (یی) کوردیە.
یان بەرنامەیەک هەیە لەسەر کەناڵی NRT بە ناوی Think Twice کە نازانم بۆ ناوەکەی ئینگلیزیە بەڵام بە هەڵە وەریان گێڕاوە بە (دووجار بیربکەرەوە). کە لە ڕاستیدا ماناکەی لە کوردیدا دەبێتە (باش بیر بکەرەوە) بەمەبەستی دڵنیاکردنەوەی ئەوەی کە بە تەواوی بیر لە شتەکە بکەیتەوە. بەڵام ئەوان بە هەڵە وەریان گێڕاوە.
دڵنیام نموونەی تر زۆرن لەبەر ئەوەی کە ئەمڕۆ زمانەکانی جیهان بە شێوەیەکی خێراتر لە جاران وشەی دەرەوەیان تێدەکەوێت. بەڵام دەبێت لەم پەلەپەلەدا بە ئاگاوە ئەوە بکەین و نەیەڵین لەبری دەوڵەمەندکردنی زمانەکە، وێرانی بکەین.
نووسینی #سۆران حەمەڕەش#
#10-04-2022#