ناونیشان: گۆڕینی چاوگی تێنەپەڕ بۆ چاوگی تێپەڕ
نووسینی بابەت : م. #ئیدریس هاشمی#
پاشگری (اندن) بخرێتە سەر چاوگی تێنەپەڕ، دەیکاتە تێپەڕ. ئەم پاشگرە (ند، اند، دن) نییە، بەڵکوو (اندن)ە.
بۆ نموونە:
شکان (تێنەپەڕ) + اندن = شکاندن (تێپەڕ)
شووشەکە شکا. (تێنپەڕ)
ئەو شووشەکەی شکاند. (تێپەڕ)
تەزین (تێنەپەڕ) + اندن = تەزاندن (تێپەڕ)
دڵم تەزی. (تێنەپەڕ)
ئەو دڵمی تەزاند. (تێپەڕ)
$بە چ شێوەیەک چاوگی تێنەپەڕ بگۆڕین بۆ چاوگی تێپەڕ؟$
لە چاوگەکانی (ان، ین، دن، تن)،
نیشانەکانی چاوگ (ان، ین، دن، تن) لەسەر چاوگەکە لادەدەین و پاشان پاشگری (اندن) دەخەینە سەر بناغەی چاوگەکە. بۆ نموونە:
گەڕان (نیشانەی چاوگەکە “ان” دەسڕینەوە چ دەمێنێتەوە؟ (گەڕ)
پاشان پاشگری (اندن)ی پێ زیاد دەکەین دەبێتە: (گەڕاندن).
گەڕان (تێنەپەڕ) گەڕاندن (تێپەڕ)
لە نموونەکانی خوارەوە، چاوگی تێنەپەڕی (ان، ین، دن، تن) دەگۆڕین بۆ چاوگی تێپەڕ:
1- شکان – ان = (شک) + اندن = شکاندن
شووشەکە شکا. (تێنەپەڕ)
کاروان شووشەکەی شکاند. (تێپەڕ)
2- ترسان – ان = (ترس) + اندن = ترساندن
مرۆڤەکە ترسا. (تێنەپەڕ)
مرۆڤەکەیان ترساند. (تێپەڕ)
3- بەزین – ین = (بەز) + اندن = بەزاندن
لەشکری دوژمن بەزی. (تێنەپەڕ)
لەشکری دوژمنیان بەزاند. (تێپەڕ)
4- پەڕین – ین = (پەڕ) + اندن = پەڕاندن
گەنجەکە پەڕی. (تێنەپەڕ)
مين قاچی گەنجەکەی پەڕاند. (تێپەڕ)
5- مردن – دن = (مر) + اندن = مراندن
ڕێوییەکە مرد. (تێنەپەڕ)
ڕێوییەکە خۆی مراند. (تێپەڕ)
6- خەوتن – تن = (خەو) + اندن = خەواندن
منداڵەکە خەوت. (تێنەپەڕ)
ئەو منداڵەکەی خەواند. (تێپەڕ)
$تێبینی$
ئەگەر چاوگێکی تێنەپەڕ بە (وون) کۆتایی پێ بێت و بمانەوێت بیکەینە تێپەڕ، سەرەتا (ن) لادەبەین و بزوێنی (وو)ی پێشی دەبێتە (و w) پاشان پاشگری (اندن)ی پێ زیاد دەکەین.
چوون چوو چو + اندن= (چواندن)
هەڵبەت چاوگی تێنەپەڕی چوون، بەرانبەریشی هەیە لە تێپەڕ “بردن”.
چوون چواندن/ بردن
ئەو چوو. (تێنەپەڕ)
ئەویان چواند/ برد. (تێپەڕ)
$تێبینی$
ئەگەر چاوگێکی تێنەپەڕ بە (تن) کۆتایی پێ بێت، سەرەتا نیشانەی چاوگەکە (تن) دەسڕینەوە هەروەها ئەگەر دەنگی پێش (تن)، “س” یان “ش” بێت،
ئەوە (س) و (ش) تێ دەچن، پاشان پاشگری (اندن)ی پێ زیاد دەکەین دەبێتە تێپەڕ.
نووستن + اندن (نوواندن)
گەیشتن + اندن (گەیاندن)
$تێبینی$
هەندێ چاوگی تێنەپەڕ هەن کە بە یارمەتیی پاشگری (اندن) لە دەنگە سروشتییەکان دروست کراون وەک (ناڵاندن، بۆڕاندن، باڕاندن، قیژاندن، نووزاندن…) کە هەر بەو جۆرەی دەیانبینن پاشگری (اندن)یان وەرگرتووە بەڵام هێشتا تێنەپەڕن.
$ئەم چاوگانە چۆن بکەینە تێپەڕ؟$
✅ وەڵام: بە یارمەتیی کاری یاریدەدەری (هێنایە) – (دەهێنێتە) کە دەخرێتە پێش چاوگی تێنەپەڕ، دەکرێن بە تێپەڕ. وەک:
1- ناڵە + اندن (چاوگی تێنەپەڕی ناڵاندن)
هێنایە + ناڵاندن = هێنایە ناڵاندن (تێپەڕ)
نەخۆشەکە ناڵاندی. (تێنەپەڕ)
نەخۆشەکەی هێنایە ناڵاندن. (تێپەڕ)
نەخۆشەکە دەهێنێتە ناڵاندن. (تێپەڕ)
2- باڕە + اندن = (چاوگی تێنەپەڕی باڕاندن)
هێنایە + باڕاندن = هێنایە باڕاندن (تێپەڕ)
بەرخەکە باڕاندی. (تێنەپەڕ)
بەرخەکەی هێنایە باڕاندن. (تێپەڕ)
بەرخەکە دەهێنێتە باڕاندن. (تێپەڕ)
3- بۆڕە + اندن = (چاوگی تێنەپەڕی بۆڕاندن)
هێنایە + بۆڕاندن = هێنایە بۆڕاندن (تێپەڕ)
گایەکە بۆڕاندی. (تێنەپەڕ)
گایەکەی هێنایە بۆڕاندن. (تێپەڕ)
گایەکە دەهێنێتە بۆڕاندن. (تێپەڕ)
4- قیژە + اندن = (چاوگی تێنەپەڕی قیژاندن)
هێنایە/ دەهێنێتە + قیژاندن = هێنایە قیژاندن/ دەهێنێتە قیژاندن (تێپەڕ)
منداڵەکە قیژاندی. (تێنەپەڕ)
منداڵەکەی هێنایە قیژاندن. (تێپەڕ)
منداڵەکە دەهێنێتە قیژاندن. (تێپەڕ)
$تێبینییەکی زۆر گرنگ$
هەندێ چاوگی تێنەپەڕ هەن کە پاشگری (اندن) وەرناگرن، بەڵکوو بەرانبەریان تێپەڕ هەیە. وەک:
1- هاتن (تێنەپەڕ) هێنان (تێپەڕ) ✅
کەس ناڵێت: (هاتاندن/ هاندن) ❌
کچەکە هات. (تێنەپەڕ)
کچەکەیان هێنا. (تێپەڕ) ✅
کچەکەیان هاتاند/ هاند! ❌
2- بوون (تێنەپەڕ) کردن (تێپەڕ)
کەس ناڵێت: (بواندن) ❌
کارەکە بوو. (تێنەپەڕ)
ئەو کارەکەی کرد. (تێپەڕ) ✅
ئەو کارەکەی بواند. ❌
3- ڕۆیشتن (تێنەپەڕ) ناردن (تێپەڕ)
کەس ناڵێت: ڕۆیشاندن/ ڕۆیشتاندن❌
ئەو ڕۆیشت. (تێنەپەڕ).
ئەویان نارد. (تێپەڕ)
4- مان (تێنەپەڕ) هێشتن، هێڵان (تێپەڕ)
$تێبینی$
هەندێ چاوگ هەن کە هەر تێنەپەڕن و بەرانبەریان تێپەڕ نییە و پاشگری (اندن) وەرناگرن. وەک:
زان (تێنەپەڕ)
پشکووتن (تێنەپەڕ)
نیشتن (تێنەپەڕ)[1]